٥٠
میر بەم بیرەوە دەچێتە لای زین
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
6 خولەک
725 بینین
زانایی شیار و ژیر و بیرورد
وای پەردە لە ڕازی میر وەلابرد
شۆڤار کە ببوو بەڕێنموونی
بەم بیرەوە چوویە ئەندەروونی
دڵدارییە زینی داوە تاوێ
فەرمووی کوڵوکۆ لە دڵ دەراوێ
تا ئێستە ئەوەی کرا بڕاوە
ئازاری مەمم بە هیچێ داوە
بەخواری بزووتمەوە لەگەڵتان
بمبوورن و مەیگرن لە دڵتان
ئەم کارە کە کاری سەربەخۆ بوو
تۆزێکی گوناهی چاوی تۆ بوو
بێچارە ئەوەندە چاوی لێت بوو
هۆش و دڵی لا نەمابوو، شێت بوو
بیستم لە بژیشکی ژیر و پڕبیر
شێت چار دەکرێن بە کۆت و زنجیر
ئەو میوەیی کاڵ بوو خستمە چاڵێ
ماوەی گەیینم گەیاندە ساڵێ
خۆشتر بووە ئێستە تێکگەیشتن
جوێ نابنەوە کاتی پێکگەیشتن
وا ئێستە کە بوونە یەکدڵ و گیان
بۆ یەکتری هەر دوو بوونە بریان
نرخی دڵ و دڵتەڕی دەزانن
دڵچەسپی یەکن، لەبەر دڵانن
ڕێتان دەکەوێ ببن بە ئاواڵ
یەکتر بمژن لەجێی دەمی تاڵ
دڵداری لەسەر وە پاتشاهە
مەم سووچی نەکرد و بێ گوناهە
سەرکۆنەیی مەم ئەگەر بکەم من
پێم وایە خودام دەبێتە دوژمن
مەم بوو بە ئەوینی تۆ گرفتار
جەرگی بە بژانگی تۆ بریندار
تیری دەسی تۆی لە دڵ چەقیوە
کوڵمت دڵ و هۆشی لێ دزیوە
تا تۆی نەبوو چی نەبوو لە پێشا
ئەم سورمەیە کێ لەچاوی کێشا؟
بسکت وەکوو ماری ڕەش مەمی گەست
پرچت دەس و پێ و دڵی ئەمی بەست
زنجیری کەزێت لە گەردنی خست
گیان و دڵی بۆ تە بۆتە پێخوست
تۆ کرتە نەچێری بازی چاوت
خاوپێچە بە تاڵی بسکی خاوت
هەر خۆت بچۆ لای و بیدوێنە
زنجیری لە دەست و پێ دەرێنە
ئەی خونچەیی سوورگوڵی نەپشکووت
ڕزگار بکە بولبولت، ببن جووت
ئەو تینوەچاوەکەی فوراتێ
تۆی وا بکە ئاوی تۆی بگاتێ
ئەی ئاوی ژیان بچۆرە کن مەم
هەر نامرێ کە پێتی تەڕ بکا دەم
زینێکی دووسەت برین لە جەرگی
بەم واتەیە کەوتە گێژی مەرگی
ئەو ئابڕومەند و خێوی شەرمە
ئەو دڵ بە ئەوین کوڵاو و گەرمە
لەم گفتە کولایەوە برینی
یەکجارەکی هاتەجۆش ئەوینی
خوێناوی دڵی لە چاو سەری کرد
زووخاوی هەچی هەبوو دەری کرد
دڵداری بەپێلی چەشنی دەریا
شەرمێونی پەردە بوو لەبەریا
لەمپەر کە وەلابرا لەنێوان
سەرڕێژ بوو زوخاوی دڵ لە لێوان
دەریای کەسەری کە هاتە سەر جۆش
بەکوڵێکی بەگوڕ پەڕاندی سەرپۆش
وای زۆربە ستاند شەپۆلی خوێنێ
کەم مابوو کە خۆشی ڕاڕفێنێ
ئاوماڵکی ڕقی دڵی ڕەقی میر
پا بۆوە چڵک، چڵێ نەبوو گیر
دووی ئاگری جەرگی زینی برژاو
باراندی لە چاوی میر تکەی ئاو
پێت وابوو هەژا هەزار پیشە
مەی سوورە ڕژا لە زارەشیشە
پا بۆوە دڵی لە کێمی کینێ
گرتی بەزەیی بە دەردی زینێ
زین بێ دڵ و دەم شەڵاڵی خوێنێ
بێهوودە بوو ویستی بیدوێنێ
گریا لەسەری درێژی شەوگار
کۆبوونەوە لێی بەرەی کەس و کار
وتیان ئەمە چی بوو، بۆ چی کوشتت؟
ئەم خوێنە بەجێ نەبوو کە ڕشتت
زین گوڵبنی باخی شەرم و پاکی
زینێ لە جیهان کە نەبوە تاکی
بێ سووچ و گوناهـ پاک و خاوێن
هەرگیز نەکەوت پەڵەی لە داوێن
ئەو گەوهەری شەوچرای جیهانە
چۆن وردی دەکەی بەبێ بەهانە؟
کەی وا بووە مەزن و پاتشاهێ
هەڵکاتە هەژار و بێ گوناهێ
بەمجۆرە دە خاک و خوێنی ڕاکا
بەم زۆرە گیان لە لەش جیا کا
چی ئێوە دەڵێن؟! وتە: نەوایە
کەی کوشتنی زین بە من ڕەوایە
کوشتەی مەمی بێکەس و هەژارە
بۆ یارە نەخۆش و گەشکەدارە
زین تاقەگوڵێکی باغی شاهی
من چۆن لە دەسی دەدەم هەوایی
دەستەی کەس و کار بەجارێ شێوان
ئەسرین لە دوو چاو و بار لە لێوان
بوە شین و شەپۆڕ لەناو جەوانان
هاوار دەگەییشتە عاسمانان
لەپڕێ وتی: یەک، دەهات لەڕێوە
مەم مرد و ژیانی دا بە ئێوە
زین پێشێ کە مردبوو ژیاوە
هەستا و لە سەرینێ پاڵی داوە
دەیڕوانی لە هاودەم و لە یاران
دی میر دەگری بەتاوی باران
هەرچی کەس و کارە دەردەدارە
خەمبارە، هەژارە لێوبەبارە
ڕووی کردە برای، وتی سەری من:
گۆڕی تە، کە بوویتە ڕێبەری من
گیرا بوو گیانی من لە لەشدا
مابوو وەکوو مەم لە چاڵی ڕەشدا
هەر چاوی لە لێوی تۆ بەجارێ
چارێکی بکەی کە پێی بچارێ
بۆ هێشتنی ئابڕوو، دڵی تۆ
دەرچوونی نەدی هەتاکوو ئەمڕۆ
وا ئێستە کە خۆت ڕچەت نیشان دا
گیانم دەفڕێ بەدووی گیاندا
ڕۆژی ڕەش و لەش لە ئاو، خاکی
ڕابرد و گیان گەییشتە پاکی
چەندەی لەشەکەم لە خۆی وەڕەز بوو
گیانم دە ئەوەند زەبوون و کز بوو
ڕێی دەر نەدەکرد لە دەرد و ئێشی
گیانی مەمی گەییە کەوتە پێشی
دەرچوون لە جیهانی پووچ و بەرباد
وا گەینە ژیانی خۆش و ئازاد
بەربوون لە کەمەندی دووزمانان
دەستەملی یەکن لە عاسمانان
گیانێکی کە پاک فڕی لەسەر جێ
بێ جێ نییە، جێی هەیە لەهەر جێ
هاوجووتی یەکین مەڵێن جودا بوون
بووکنی مە فریشتەیی خودا بوون
گیانی مە کە پاک و پاکڕەوشتن
ئەمڕۆ لە بەهەشتێ پێک گەیشتن
وا ئێستە بەجارێ دڵنیا بوون
مانیان نەمرە و نەما جیا بوون
تینوو لە زەوی کە ماوە لەشمان
دەریای بەزەیی خودایە بەشمان
قاپێلکی گڵین کە خاکە سەرمان
گیانمان گەیینە هەواری هەرمان
ئیتر نییە ترس و خۆوەشاردن
نەژیانی خوشک بە کاک سپاردن
نەتوانەوەیە لەوێ و نە گۆڕان
مایەی ئەوێ بێبەشە لە دۆڕان
تۆزی مە گەییشتە ڕۆژی ڕۆشن
ئەم خۆشن و ئێوە بۆ پەرۆشن؟
مەیکەن بە کر و هونەروەریی من
مەم پێشڕەوە بۆتە ڕێبەری من
ئەو پیرێ کە من دەسم بە ویدا
چیم دیتووە؟ ئەو نیشان منی دا
گەرچی لەڕواڵەتا گەدا بوو
زۆر پایەبڵندتریش لە شا بوو
جێ بەرزە لە بارەگای خودایی
پێخوستیە تانجی پاتشاهی
گیان و دڵی بۆتە شیوی پیرۆز
بێترسە لە گێژ و تۆز و باهۆز
کێشای دەسی من بەڕێی ئەوینا
دوای کەوتم و گەیمە کێوی سینا
مەم بوو لە بەزەی خودای گەیاندم
ئەم بوو کە لە گێژی ڕایپەڕاندم
هێنامیە دەرێ لە پەردەکەی خاک
پاکانەمی کرد لەکن خودای تاک
پێو وا نەبێ من ئەوێستە زیندووم
لەو کاتەوە مەم نەماوە مردووم
خوازرایەوە ئەو گیانی ئێستە
مەم پێم دەڵێ تۆزێ تر بوێستە
ماڵاوا بکەم لە ئێوە گشتوو
پێی خۆشە خەموو نەبێ کە کوشتوو
تەنیا هەر ئەوەندە ڕاسپێرن
تەرمی مە بە ناو و داو وەشێرن
دیسان دەگەڕێمەوە بەهەشتێ
هەمدەم بە مەمم لە بەزم و گەشتێ