کۆیی
لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
2 خولەک
969 بینین
ئەمە چشتێکە دیارە کە لە ئاسمان (کۆیێ)
هەیە (کەس) گوم بێ بەو ڕێگە دەباتە مەنزڵ
لە زەوی و مەملەکەتی کوردی عێراقیش (کۆیێ)
ئەم ئەبەخشێ بەگومێ ڕێگەیی دین باوەڕی دڵ
گوفتی زانایی بەدەستووری حەقی یەزدانی
تێ ڕوانینی بەوردیی لە ڕێی سوبحانی
هەر چەنێ لاوی هەیە گشتی لەگەڵ یەکدی تەبا
لە فەن ئوستاد و لە کردە و هونەریش هەم کارا
دەس بەچیکا کەسی گەورانی بەئەنجامی ئەبا
کردەیی گشتی لەسەر پرس و بەڵێن و ئاڕا
لەمەوە گشتی لە دڵ خۆشی و چاوڕۆشن و شاد
نییە لەو جێگەیە دڵتەنگی لە خۆراک و زاد
کردە و کاری (مەژگ ڕوونی) ئەوەندەی پێویست
نەپترتر لە مەبەست و، نەکو کەمتر لە بەجێ
هەڵە نابێ لە کەسێ چێرەیی بەدخواهیی بیست
لە هەموو سەختی و تەنگاوە ئەکا ڕێگە بەدی
ئەمە ئیکسیری زەڕی ژینی گەلی کوردانە
ئەسەلی ڕێکو دروستکردنی ئەم نیشتمانە
ئاوەدانیی دوا ڕۆژ و زیلەیی ئەم شارە
ئەتەنێ و گەورە ئەبێ تا وەکو سەر زێ وو چۆم
بەخرید و چەندن و کرد و کۆڵینی پارە
زێی دەبێتە (تایمس) و شارەکەشی (لۆندریۆم)
چونکە جێگەی ناوێکی مەملەکەتی کوردی عێراق
چبوو نەیکردووە لە جێیێکی وەها کیسرا تاق
خۆشەویستیت چییە بەم جۆرە (ئەسیری) کۆیێ
ئەسەلی چیبێ گرفتارە دڵت بەو جێیە
بەڵێ ئەو جێگەیە لانەی فەنن و عیلمە بۆیێ
بەندییە دڵ چونکو (زانستیی) کۆنی لێیە
خانەدانانی بەفەڕی (فەنن) و (زانستی) بووە
چەند هەزار عالیم و ماهیر ئەلەوێ پێگەییوە