٣٠

زین بوخچەی دڵی لای مۆمی داگیرساو دەکاتەوە
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  843 بینین
جارێکی بە زاری مۆمی دەدواند
دەردی دڵی زاری ژاری دەنواند
ئەی هاودەمی ڕاز و هاونشینم
من، تۆش وەکوو خۆم بەسۆز دەبینم
فرمێسکێ لەگەڵ منا دەڕێژی
چۆن وا دەبێ هیچ شتێ نەبێژی!
نازانی دڵم بەخۆم دەمێنێ
یەک بگری لەگەڵم و نەمدوێنێ؟
دردی من و تۆ لەیەک جودایە
وەک خاوەر و زەردەپەڕ وەهایە
تۆ خاوەر و شۆق دەدەیتە چاوم
من ڕۆژپەڕ و ئاگرین هەناوم
ناسووتێ لە تۆ مەگەر زمانت
وەک من نییە بسووتێ تای ژیانت
شۆقت کە لەسەر سەری دیارە
سەوداگەری سەرسەری دیارە
من گیان بەبڵێسە دڵ بەپشکۆم
سووتا جگەر و هەناسە بۆسۆم
تیشکی سەری تۆ، لە تۆ زمانە
گڕپەی دڵی من بەئێش و ژانە
هی من، بە لەهی و بە گێژەڵووکە
ناکوژێتەوە، هی تۆ چووک و سووکە
شەو دەبییە هەواڵی شەوبێداران
ڕۆژانە دەنووی هەتا ئێواران
من ڕۆژ و شەو و سبە و ئێوارم
یەک لا نییە، ئاییسانە کارم
جارجارە لەدەست دڵی بریندار
جاڕز لە ژیان دەبم، بەناچار
پەروا نەدەما لە ئاگری خەم
پەروانە دەما ببێتە هاودەم