٢٦

تێچاندنی بەکرە مەرگەوەڕی شۆڤار و دووزمان بۆ مەم
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  930 بینین
دایناوە خودا کە ئەم جیهانە
بێ گیانی تیایە یان بە گیانە
سەرپاکی بە ڕەنگ، بە کار و ئاکار
جیاوازە لە چەشنی نەخش و ساکار
عاسمان و زەوی گەڕیدە و سست
هێندێکی بەزیڕە، هێند کڕ و وست
تاریکیی و ڕوونی، کفر و باوەڕ
یان گەرمیی و سەردی، وشکیی و تەڕ
بڕوانە بەهەشت لەتەک جەهەننەم
ڕەش لای سپی جووتە، شادی و خەم
لێک دوورەوە بوون و پێک گەیشتن
زیندوو لە نەبوو کران و کوشتن
ڕۆژ و شەوەزەنگ و سێبەر و تاو
با و بژ و خاک و ئاگر و ئاو
ماڵدار و هەژار و تاڵ و شیرین
گریان و کەنین و شادیی و شین
پیاو هەن گوڵی سەرسەوەی جیهانن
ئی وا هەیە پیس و دووزمانن
ئی وا هەیە ڕاست و چاکەخوایە
ئی وا هەیە خوار و ڕووسیایە
گشتی دژی یەک لەیەک خەریکن
لێک دوور و بەدەم لەیەک نزیکن
کاکڵ چییە؟ لێک جوێن ئەمانە
شاراوە چییە لەناو هەمانە؟
تا یەک بە یەکێ بدا دیاری
یار دیاری دەکا لەکن نەیاری
هۆی دەردە دەزانی نرخی ساغی؟!
هۆی بەفرە کە دۆستی مێرگ و باغی
دەس بەردە درێژ دەکێشێ بۆمان
با بێینەوە سەر وتاری خۆمان
میر لای هەبوو یەک بە دەرکەوانی
ناوبانگی هەبوو لە دووزمانی
لە پیاوەتییا چرووک و ڕووڕەش
دڵپیس و لە شەرم و شوورە بێبەش
فێڵباز و بەراز و ڕق لە سینە
بەدخواز و نەساز و دڵ بە کینە
شەیتان و شۆفار و دەمدڕاو بوو
سەگ بێزی دەهات ئەوەند گڵاو بوو
ڕووزەرد بوو درۆ لەڕاست وتاری
سەرتاپێ گەماریی لێ دەباری
خوێنتاڵ و دزێو، گەماڵ و سەرڕەق
گۆڕی بوو نەچێتە دەر لەبەر شەق
دەستڕژد و چنۆک و گوونەکەر بوو
بێدۆست و قزە و نەزان و کەر بوو
ڕووترش و گزۆک و گوێنەبیستوو
گرژ و مڕ و مۆچ و کەسنەویستوو
بەدفەڕ بوو، بەگەڕ بوو، دەمگەوەڕ بوو
ئەو بیژووە «بەکری مەرگەوەڕ» بوو
تاژدین گەلێ دەیگەیاند لە میری
تۆ خاوەنی ناو و دەنگ و ژیری
کێ بخوازێ کە خێوی نێوی چا بێ
زۆر شەرمە سەگێکی وای لەلا بێ
چم وت؟ سەگی پاسدەری ئەمەگدار
بەدفەڕ دەبەری مرن هەزارجار
هەرجار لە وەڵامی پەندی تاژدین
ئەیگوت ئەمە باشتری دەزانین
ئێمە وەکوو خێوی ئاشی باشین
بەرداشی لە بەردی ڕەق دەتاشین
ئاشی مە هەمیشە سەربەخۆیە
بانیژە پڕی لە گاڵ و جۆیە
پیسم دەوێ ئاشی وا بگێڕێ
هەر زمهەرێ بێتە بەر بهێڕێ
گوڵ چقڵی دەوێ کە پاسدەری بێ
گەنج ماری دەوێ لەبەر دەری بێ
ئێمە کە بەدەستەڵات و زۆرین
جارێک سپیواش و زۆری بۆرین
هەر نەرمی بە کاری ئێمە نایە
مەزنایەتی بانی دوو هەوایە
جارجارە یەکێ دەبەینە باڵا
زۆرجار گەلێ ون دەکەین لە چاڵا
جارێکی دروست و ڕاستکارین
سەد جارێ بەپێچ و لار و خوارین
تا یەک دەکرێ بە خانی خانان
زۆر کەس دەبێ ببنە تۆزی بانان
نەتبیستووە پیس بە پیسی دەڕوا
کارێکی نەبا دڕوو نەدەڕوا
دارۆغە ئەگەر نە زۆڵ و زاڵ بن
خونکار هەیە تووشی ڕۆژی تاڵ بن
ئەم کارە نە کاری ئێمەیە و بەس
سەی پاسێ هەیە لە دەرکی هەرکەس
بڕوانە تەنانەتی خوداوەند
ئەم دەور و دووکانە چۆن دەکا بەند
تا پاکێ دەخاتە سەر زەمینێ
پیاو چاوی هەزاری پیس دەبینێ
بێهوودە بوو گفت و پەندی تاژدین
نەیتوانی لە میر وەکا پەڕۆی شین
ئەو یانیگرەی بەکین و بەدبین
زۆر ترسی بە دڵ هەبوو لە تاژدین
نەخوازە کە جێ بڵیند بوو ئاوا
میر کردی بە یار و خزم و زاوا
وەک ئاگری گرتبێ وەها بوو
هەر مردبوو ڕەنگوڕووی نەمابوو
مەردی لە دڵا نەماوی بێ پیر
دیتی هەل و خۆی گەیاندە کن میر
دەرچوو لە دەست بە هیچێ ئەستی
تۆ چۆن دەبوو تۆزێ ڕانەوەستی
ئەو گەوهەری تانج و تانجی گەوهەر
ئەو شۆخی بەناز و نازپەروەر
جوانتر لە پەڕەی گوڵی بەهاری
سەرتۆپی کچانی کوردەواری
چووی داوتە بە نۆکەرێک بەتاڵان
چۆن ناو دەبرێی لە گەورەماڵان
سوڵتان دەبوو خوشکی تۆ بخوازێ
شا بایە دەبوو بەخۆی بنازێ
پێی گوت سەگی پیسی زۆڵی پڕکین
دوو چاوی منن مەمۆ و تاژدین
ڕۆژی شەڕەکەم دەگەڵ عەجەمدا
کاتێ کە سەرنجی ئەو دووەمدا
تاژدین لەبەرێک و مەم لەلایە
دوژمن هەموو کەوتە هەڵوەلایە
دوو سەد عەجەمی بە تیر و پەیکان
بە کڵاوی زرێ و بە شیر و قەڵغان
دیل بوون بەدەس ئەم دووە بەتەنیا
ئەم دووانە چلۆن دەدەم بە دنیا
شا، کام سەگە تا ببێ بە خزمم
پێت وا نەبێ هێندە پووچ و نزمم
سوڵتان ڕەگەز و بنیچە حیزە
ڕێی ناکەوێ خۆمی بێنمە ڕیزە
ئەو ڕێوییە دی بەڵا نزیکە
ڕووی گفتی گەڕاندە باری دیکە
گەورەم بژی هەر بە کامەرانی
هەر خۆتی لە گەورەیی دەزانی
ژێردەستێ کە خۆت دەنێ دەپێناو
چاکەی دەبێ ون نەبێ لەبەر چاو
پێویستە ئەمەگ ببێ لە گۆڕا
کەس نەبوەتە یاری کەس لەخۆڕا
بۆ تۆ کەسێ تاڵ و سوێری نۆشی
شیرین کە دەمی لە ڕۆژی خۆشی
چووکەش دەبێ شوێنی خۆ نەگۆڕن
وەک پێشوو لە خۆ و لە تۆ بنۆڕن
با بادی هەوا نەبن بە جێگە
بۆ فیکەیە دەرنەچن لە ڕێگە
دژوارە نەدی و بدی نەگۆڕێ
سەرئاو دەکەون بە تاقەچۆڕێ
تاژدین کە ئەمەی لەگەڵ کراوە
لەو ڕۆژەوە شۆی لێ هەڵکێشاوە
گرتوویەتە دەم لەلای ئەو و ئەم
زین هی منە دەیکەمە ژنی مەم
ئەی بۆ چی گوتی و لە مەی نەپرسی؟
وا دیارە لە من نەماوە ترسی!
گەورەم وتی لاوە نۆجوانە
میرزادەیە، شێرە، پاڵەوانە
هەرچی بڵێ دەسبەجێ ڕەوایە
ترست پێ بمێنێ لەو هەوایە
هیوای بەشە تاج و تەخت لە تۆ کا
میر لەو وتەدا شڵەژا پەشۆکا
نیازم بوو گوتی کە زینی مەم بێ
پێم خۆش نەبوو بەخششی وی کەم بێ
وا سوێندێ دەخۆم بە گۆڕی بابم
تا من لەسەر ئەم زەمینە مابم
نێرینە لە ڕێچەڵاکی ئادەم
کێ لێمی بوێ بە مێردی نادەم
هەرکەس لە سەر و گیانە بێزار
وا زین و دەبا ببێتە کڕیار
کێ قەڵس و وەڕەز بووە لە ژینێ
بخوازێ لە دەستی ئێمە زینێ
خونکار وەکوو ئاگرن دەر و ژوور
وا باشە توخن نەبین بە هیچ جوور
ڕەنگیان گەشە وەک پەرەنگ و پۆلوون
دڵیان ڕەشە وەک خەڵووز و کۆلوون
زۆردار کە برا و کوڕ و کەست بێ
چیت لێ نەوێ، دووری ئەو بەست بێ
نەخوازە کە پیسی لێ وەکۆ بن
وەک بزنی بەدەم لەناو چڕۆ بن
بۆ خواردن و بۆ کڕۆسنەوەی خۆ
بەرسم دەدرێ هەزاری وەک تۆ