کەس نەناس ئەمڕۆ
لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
1 خولەک
953 بینین
ڕۆژ و شەو ویستنم لە خوای یەزدان
بەزەیی بێ بەمیللەتی کوردان
لە توانایی دووری نابینم
موشکیلی کاریان بکا ئاسان
سەرفرۆی تۆین و، تۆ بەفریاکەوە
یا کەریم و ڕەحیم و، یا ڕەحمان
بتەوێ شاری وێرانە ئاوایە
بتەوێ ئاوەدانییە وێران
کە لەهت کردەوە بە پۆڵۆنیا
کوردیش هەڵبەت ئەکەیتەوە ساسان
بچە سەفا ڕەعیەیی تەنها
ناتەسەر موڵک و تەختی شای ئەفغان
هیچ نییە کوردی کەس نەناس ئەمڕۆ
بکەیە شاهی میللەتی بابان
ئێمەشت چونکە کردە ئادەمزاد
بدە پێمان ئیدارەیی ئینسان
تیپ و سەرباز و لەشکری جەنگی
بەئیرادەت پەیا بێ دەوڵەتمان
تیغی بەدخوا گەیشتە سەر ئێسک
جەرگ و دڵ وا سووتا، بووە بوریان
دڵی پڕ دەرد و، ڕەنگی زەردی کورد
گەورە وو گچکە مات و سەرگەردان
بچییە هەرچی ماڵ و کۆمەڵی کورد
نابینی بێجگە ناڵەو و گریان
بەبەشەر هیچ نەما ئومێدی کورد
جێی ئومێد تۆی گەورەیی گەوران
ئەی ئەسیریناسناوی ئەدەبی بەسە هەناسەی سەرد
ڕۆژێ دادێ هیوات ئەدا یەزدان