٢٢

خوازبێنی ئەستێ بۆ تاژدین
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  942 بینین
چەند خۆشە نەخۆش، نەخۆشی دڵ بێ
کەم مابێ نزیکی گۆڕ و گڵ بێ
لەو کاتە بزیشکی بۆ پەیا بێ
دەرمانی دڵی بکات و چابێ
چەند خۆشە وەڵام بگاتە دڵدار
مزگێنی بداتێ ساز بووە یار
دیسان وەرە سەیری پیرەتایەن
فێڵاوییەکە فێڵی لەبنە نایەن
بۆی کەوتەوە ناو جلی بزیشکان
چاویلکە لە چاو و دەس بە پیشکان
خۆی کردەوە لانی جووتەلاوان
خۆشی و بزە وا لە لێو و چاوان
مزگێنی لە چەشنی ئاگری گەش
ڕووناکی دەکرد لەوان شەوی ڕەش
فێنکایی دەدا دڵی بەکوڵیان
ساڕێژ بوو هەموو برینی دڵیان
مزگێنی درا بە خزم و ئاواڵ
شادمانیە، باری کرد دەمی تاڵ
کۆبوونەوە هەر یەکەی لە لایە
چەند پیر و ڕدێنسپی و مەلایە
هەرچی کە لە پێش و کەیخودا بوو
گشتی بەر و ڕووی لە ماڵی شا بوو
گوتیان دەسەرت گەڕێ سەر و ماڵ
پێشکەشتە ژیان و زیچ و منداڵ
مەزنی گەلی کوردی، مەرد و ڕەندی
خاوەن دەسەڵات و گیر و بەندی
سەرمان هەموو پردەبازی سەر ڕێت
چی سارد و گەرم نەیێتە بەر پێت
تۆی سایەچەور لەسەر سەری مە
تۆی هاندەری بۆ پەنابەری مە
ڕووت نا لە کەسێک گەلێ بە بەختە
کێ تۆ نەتەوێ ژیانی سەختە
تاژدین کە نزیکە خزمی تۆیە
بەندەی هەرەچووک و نزمی تۆیە
ساوا بوو لە کۆشی دایک و باوا
سا وا بووە ئێستە بیکە زاوا
هیوا ئەوەیە ڕەوای ببینێ
ئەستێ بدەیە بە هاوسەرینێ
فەرمووی چ دەڵێن دەبا وەها بێ
جێگیرە شتێکی پێو ڕوا بێ
دەمڕاست و مەلا بڵا نەوەستن
تاژدین و ستێ لەیەک ببەستن
زۆر شادە دڵم بە کاری ئاوا
پیرۆز بێ ژیانی بووک و زاوا
هەستا دەم و دەس «چەکۆ»ی بە دڵ ژیر
بەسپاسەوە کەوتە دەست و پێی میر
خوازبێنیکەران لە بەگ لە میران
دارا و نەدار و لاو و پیران
پاڕانەوە مەزنی کوردەواری
زیندوو بێ بە کام و پایەداری
فەرمووی بکوتن دەهۆڵی شادی
وەک ئەو هەلە کێیە بێتە یادی
مەیگێڕ نە دەمی تنۆک تنۆکە
مەی کۆنە لە زاری کووپە ڕۆ کە
هەل هاتووە خەم بدەین بەبادا
هەڵکەوتووەکەس لە دەستی نادا
کێ زانی؟ وچانی با نەخەینێ
شەو ئاوسە، چی دەبێ سبەینێ
دڵشادیی و شین بەری زگێکن
گریان و کەنین بەری لکێکن
پێکهاتی گەڕی ئەم ئاسمانە
جارێکی ژیانە دووی نەمانە
ڕووناکە بەرێک، سەرێک تەپ و مژ
کچبەخشە چەلێک، هەلێکی کوڕکوژ
دنیا وەکوو شیرە لێی بترسێ
گەر هاتە بڕین لە کێ دەپرسێ؟
هەل هاتووە خۆشە، چاوەڕێی چین؟
بڕیار بێ سەبارەتی بە تاژدین
مەزنایەتی لەوێ بوەستێ، ئێوە
دامنێن وەکوو خۆ، لە ئێستە پێوە
زۆر هاتووە ئەو بە دەوری مندا
دەست پاک و بەکار بوو هەر لە بندا
شێرێکە لە جەنگ، گوڵە لە ئاهەنگ
دەنگ داوەوەیێکە ژیر و بێ دەنگ
پێویستە لەڕێی کوڕێکی ئاوا
ئەمنیش ئەمەگم هەبێ لە چاوا
نۆرەی منە جا لەسەرمە هەستم
بۆ کۆمەکی ئەو کەمەر ببەستم
کێ بێ و کەسی وای هەبێ، گیانی
نابەخشێ لەڕێی بە کامەرانی
گەر بمبێ نە هەر سەرێک، هەزار سەر
گەنجینەیی سەر زەوی سەروبەر
نەیدەم لە ڕێگای کەسێکی وا دا
مەردایەتی من بچێ بەبادا
تاژدین کە لەوێ دەسەوکەمەر بوو
بەروانکەیی کارکەری لەبەر بوو
ئەو خێوی شکۆیە هەر لەجێدا
لێی کردەوە خۆی لە خۆی گرێدا
ڕازاندیەوە جۆرە نان و خوانێک
خوان هەر مەڵێ، ببوە عاسمانێک
پێت وابوو لەسەر سەلان لەجێی نان
کوللێرەیی مانگ و ڕۆژی هێنان
ئەو لەنگەرییەی لە زێو و زێڕان
عاسمانی لەسەر دەسان دەگێڕان
تا کاوڕ و کیسگی عاسمانان
برژان و نرانە بەر میوانان
هەر قاپی زەلام لە ڕەنگی بورجێ
سەرپۆشی فڕێ درا بوو گورجێ
کۆجیلە و پیاڵەکانی فەغفوور
ئەستێرە و ڕۆشنی دەدا دوور
شاکاشی هەموو لە چەشنی عەمبار
سەرڕێژ وەکوو نەوسی پیاوی بەدکار
خواردن هەمەڕەنگە چەور و شیرن
نەرمیش بۆ بەشی ئەوانی پیرن
ئاوخۆرە و قومقمۆکی چینی
ناو ژوور دەگەڕان بە نازەنینی
ئەستێرە گەڕیدەبوون ئەوانە
دەتدین هەموودەم نە هەر شەوانە
هەرمێ و هوڵو، شەڵانیی و سێو
دەتوانەوە هەر دەگەینە سەر لێو
نارنج و بەهێ و هەنار و لیمۆ
چەرخیان بوو لەبەر شەقا وەکوو گۆ
ماستاو و گوڵاو، خۆشاو و قەنداو
فێنکایی دڵان و جوان لەبەر چاو
ئەسپەندەر و داری بۆن دەسووتان
بۆنێکی بەهەشت دەهاتە لووتان
دەنگخۆشی بەناو و دەنگ، سەماکەر
دنبەگژەن و تەپڵ و دەففەلێدەر
دەتڕوانی هەمووی بەشێوە هاوڕەنگ
لەو بەزمە هەمووی ببوونە هاودەنگ
شمشاڵ و کەوان و تار و تەنبوور
زوڕنا و کەڕەنا و ساز و سەمتوور
حەیران و مەقام و خاڵی ڕێبوار
پاییزە و نیوەشەو، ئەرێ یار
وێکڕا دەرئەچوو بە ڕێکوپێکی
بێ قۆرت و گرێ، بە لووسولێکی
بلوێر کە دەسی دەکرد بە ناڵان
دەیبرد دڵ و هۆش و بیر بە تاڵان
مەیگێڕ بە بەرامە گێژ و وڕ بوو
مەیخۆر وەکوو کووپە ورگی پڕ بوو
بانگی بوو لە کووپە خوڕخوڕی مەی
سەرخۆش بە! خەم و کەسەر هەتا کەی؟
شت هێندە هەبوو، کێ لە چی دەپرسی
کێ بیری دەکردەوە لە برسی
سەرنووسەری عاسمان لەوێدا
ڕاما بوو بنووسێ خۆی فڕێ دا
دیتی کە هەزار یەکی بنووسێ
نابڕێتەوە تا بنووس دەخووسێ
زوهرە لە سەما کەوت شکاوباڵ
خۆی شاردەوە مانگ لە کونجی قرژاڵ
کەیوان چووە دۆڵچەڕێی نەناسی
کڕیار سەری بردە ورگی ماسی
کۆمەڵ هەموو دوور لە دەرد و ئاخان
پیرێژنی عاسمان لە داخان
کۆم ببوەوە، ڕەنگپەڕیو و جاڕز
هیچ کاری نەمابوو ببوە کادز
شاری و ڕەمەکی و نەناس و گەڕناس
دارا و نەدار بە کەوش و پێخواس
گشتی دڵی خۆش لە بەزم و ئاهەنگ
پەیدا نەدەبوو بە تیت و دڵتەنگ
کاتێکی لە کۆڕێ چوونەدەر پیر
لاو هاتنە جێگە بانگی کرد میر
تۆی لاوی بژاردە مەم لە ناوا
هەر خۆت ببە ئاریکاری زاوا
ڕازاوە لە چەشنی یەک لە بەرگا
یەک بەبزەیە، یەک کزەی لە جەرگا
دەرچوونە دەرێ کە ڕایببوێرن
گوێ تاوێ لە ڕازی یەک بدێرن