پێنج خشتەکیی سافی لەسەر غەزەلێکی عەونی
لە کتێبی:
دیوانی سافی هیرانی
بەرهەمی:
سافی هیرانی (1873-1942)
2 خولەک
1992 بینین
هوزاری خونچەزارێکم کە ڕوویی نەوبەهارێتی
نزاری لالەزارێکم کە دڵ وا داغدارێتی
فیدایی لێو و زارێکم نقوودی جان نیسارێتی
خوماری چاوخومارێکم هەزاران وا خومارێتی
ئەسیری زولفی یارێکم هەموو عالەم شکارێتی
بە تەوق و کۆتی کاکۆڵی لە پای خستووم و تاساندم
وەکوو نێچیری سەیادان لە خوونی خۆمی گەوزاندم
کریشمەی گۆشەیی چاوی بوو ئیمڕۆ زیهنی شێواندم
وەکوو لەیلا بە سەد ناز و نەزاکەت عەقڵی لێ ساندم
دڵم دائیم وەکوو مەجنوون لە عەشقا بێ قەرارێتی
لە هەر ڕەمزێکی سەد ناز و نەزاکەت دایە ئەم شۆخە
لە هەر غەمزێکی سەد فیتنە و هیلاکەت دایە ئەم شۆخە
هەزاران تاجی شاهی وا لە ژێری پایە ئەم شۆخە
لە ئیقلیمی مەلاحەت چونکی بێهاوتایە ئەم شۆخە
دەبینم چەند شەهەنشا وا موتیعی رەهگوزارێتی
ئۆمێدم نا لە ژین وەقتێ قیامی قامەتی لاوی
کە وەستاون لە بۆ قەتلم پیادەی پەرچەمی خاوی
چ چارەی تیرەبارانە لە پەنجە و دەستی خوێناوی
دەزانم دەمکوژێ چاو و تەنافی زولفی داو داوی
برۆی قەوس و موژەی پەیکانی عوشاقی هەژارێتی
مەتاعی جان لە ڕێی عەشقی بە تاڵان و خەسارەت چوو
هەموو عومرم لە هیجرانی بە سەد عیجز و مەرارەت چوو
گەدایی دڵ بە مەزلوومی لە ژێر تەختی نەزارەت چوو
بە غەمزەی چاوەکەی عەقڵ و دڵ و دینم بە غارەت چوو
خودا چی بوو کەوا ئیمرۆ هەموو کەس ئینتزارێتی
دڵی بولبول لەبۆ خونچەی دەمی هەر ئاخ و ئۆخێتی
کە زاغی خاڵەکەی دائیم لە باغی سێو و خۆخێتی
لە ڕوو گوڵ، پەرچەمی سونبول، دوو نێرگس وا لە ڕۆخێتی
گوڵی ڕوخسارە، خونچەی لێوە عەرعەر قەدی شۆخێتی
گەهێ بولبول، گەهێ قومری، گەهێ دڵ وا هوزارێتی
عەجاییب نەوبەهارێکە کە گوڵشەن چەتری هەڵداوە
لە لایێ سونبول و نەسرین، لە لایێ نێرگسی ساوە
بە ناڵەی بولبولان سافیناسناوی ئەدەبی مەگەر چ بووە، چ قەوماوە؟
شکۆفەی غونچەیی لێوی لە باخا وا دەمی داوە
وە یا بۆی عەترە «عەونی»، خەندەیێکی لێو و زارێتی