کە ڕۆژی وەسڵی ئاوا بوو بە چاو گریان نەکەم، چ بکەم؟
لە کتێبی:
دیوانی سافی هیرانی
بەرهەمی:
سافی هیرانی (1873-1942)
1 خولەک
2760 بینین
کە ڕۆژی وەسڵی ئاوا بوو بە چاو گریان نەکەم، چ بکەم؟
شەوی هیجرانی وا داهات، کە دڵ بریان نەکەم چ بکەم؟
بە کینەی من دووبارە چەرخی کەچ وا کەچمەداری کرد
منی بێ تالعیش بەو نەوعە گەر دەوران نەکەم چ بکەم؟
بەبێ یارم حەیات تەڵخ و ئەجەل شیرینە ئێستاکە
لە جەژنا گەر ڕووحی شیرینی خۆم قوربان نەکەم چ بکەم؟
وەکوو دەوری فەلەک دائیم لە دەوری یار نەبم، یاران
فەرامۆشیم بە کێ دێ، دڵ کە سەرگەردان نەکەم چ بکەم؟
ئەگەر دەرمان نەکا بیماریی دڵ بێوەفا یارم
لە دەردی بێ دەوا گەر چاوەرێی لوقمان نەکەم چ بکەم
وەکوو یووسف لە زیندانی غەما حەپسی عەزیزێکم
لە بۆ تەسکینی جارێ ڕوو لەلای کەنعان نەکەم چ بکەم
تەبیب نەیت و دەوای دەردت نەدا چارت نییە، سافیناسناوی ئەدەبی
بە مردن گەر عیلاجی دەردی بێ دەرمان نەکەم چ بکەم