زستانی ئاڵ
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
1052 بینین
دڵ ئەسووتێ، مەشخەڵێکە گڕ گرتوو
وەکو پووشی خەرمانی بەربا کەوتوو
پاشماوەکەی چەواڵێکە بێ سووتوو
کانی خوێنە، لەبن نایە وەک مردوو
ڕوو لە کوێ کەین؟ کوێ بەرینە بۆ ڕاوێژ
بێ گرمەیە، بێ خرمەیە، کاتی چێژ
هیچ نایگاتێ نەک تفەنگی تۆپ هاوێژ
چاو خۆڵ ئەخوا بەچوار لایا گێژ و وێژ
بەرەو کۆتەڵ ڕازی تازەی زستانە
لێو ڕەنگ کردن جامخانەکەی دوکانە
هەنار لقی بەسەر سنگا پەخشانە
ئاخ شاخەکان دەست و پەنجەی سەر شانە
دەنکی هەنار وەک دڵۆپی گریانە
لەرەی سنگە زڕەی دەست و فنجانە
---------------
دڵ ئەسمرێ، تیر هاوێژیش چاوانە
ڕوو لە کوێ کەین؟ تێشووی ڕێمان فرمێسکە
توێشەبەرەی جەواڵێکی پڕ ئێسکە
دڵ هەڵگیرسا پشکۆی زێڕی تامێکە
گورج لێ ئەدا خێرا خێرا وەک نێکە
زستانی ئاڵ، کێ هاوڕاز و هاوڕێیە؟
کێ بەرهەمی جێچنگی کۆنی پێیە؟
کێ دەماری نەک خلیچکە وەک زێیە؟
ڕێگابڕە کەمەر توندە بەپێیە
کێ هاوڕازە، هاونیازە، هاودەردە؟
کوڕی شەوە، ڕۆڵەی ڕۆژە نەبەردە
گڕ گرتووە نەک سووتاوە وەک بەردە
پشکۆ خۆرە، ئاگر هارە، هام فەردە
کێ شینپۆشە، شەوەبەرگە، داماوە؟
جگەر ونە، ئێسقانی داکرماوە؟
سپێنەی چاو جۆگەی خوێنی تێزاوە؟
هاوڕێی منە، پێستە پێشی بەملاوە
کێ هاوشانە، هاوشەقاوە، سنگ پانە؟
پێست ئەستوورە بۆ لێقەومان قەڵغانە
بیری تیژە وەک نەشتەری دەبانە
هاوڕێی منە، دەم بنێتە ئەم گیانە
زستانی ئاڵ، زستانی ئاڵ، کڕێوە
دایپۆشیوە ئەو بەردانە، ئەو کێوە
بەفرماڵ کوا؟ بۆ ڕێ بڕان لەو چێوە
کوێ بەرزیە، ئامێتەیە، نشێوە؟
سەردەرکردن لەلای هەندێ پرسیارە
سەربەرزێتی ژان هێنەرە جەخارە
گوێ ئاخنین بارانی ژێر دەوارە
لرف لێدان، کراوەیە بە بارە
ئەی تیشکی ڕۆژ، وەی زەردەی شاخەکانم
خۆ من کوردم، هەر هیچ نەبێ ئینسانم
چاوکراوەی گوڵاڵەی گردەکانم
پەیمان بێ یان گیان یا نیشتمانم