بەستەی بێ دەرەتان
دووهەم
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
772 بینین
نە چڵ دیارە، نە بێخێ دەستی بەرمێ
نەجێ دیارە، نە شوێن بۆ دار و تەرمێ
سەر نەکرۆژن مل ئەکرۆژن لە تاوا
لە خرمەی ئێسکی وردی تازە زاوا
نە چڵ دیارە، نە بێخێ دەستی بەرمێ
لە کوێی دانین لە کام لا دار و تەرمێ
لە ژێر کامە بێخێ هەڵکەنراوی لسۆدا
کەما دانین تەپ و دوو کەین بە خۆدا
گەردن نەرمە، ئەبێ دەرمانی ئازار
دڕک وردکەین بە بایدەین تۆزێ هاوار
ئەخنکێ سووک ئەتاسێ قوڕگی گینگڵ
کە گێژاو لایبدا بۆ نێڵەی گڵ
لە کاتێکا لە ترسا شەو ئەنووقا
فریشتەی شینی دەریا خۆی ئەتۆقا
لە ساتێکا کە ڕۆژ ژێر و زەبەر بوو
لە ئانێکا کە خوێن کفەی بەسەر چوو
ستارەی شەو لە گەرما هەڵتروشکا
گڕی ئێمە هەتاوی سووری ئەشکان
بەفر سووتا لەگەڵ دەنگی تنۆکا
بەبێ لوورە بەیانی هات بە چۆکا
لە کاتێکا هەتا سەر پشتی ماسی
نە مشتی خۆڵ نە بەرد کوردی ئەناسی
منی تەنیا لە تاوانا لە تاوا
ملم کێشا بە تێغی تازە ساوا
منی تەنیا داخانا لە داخا
ملی بێ دەرفەتیم نا بوو بەناخا
لە کاتێکا ئەوی وترا و ئەوترێ
هەمووییم جوو تفشیم کردەوە لە ئاخا
وتم پەیمان لەگەڵ بێخی زەمینا
ئەکۆشم قوڕ ئەنۆشم هەر لە قینا