بەربەرەکانی
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
776 بینین
لەو دەمەوە سووتووی ڕۆمای سووتاو باری
کە با هێنای بۆ ئەم ناوە... بە دیاری
کە پزیشکی خوێنی زەردی نەیرۆن پژا
کە چەرمەکەی قرچ هەڵگەڕا لەدەم کەژا
بە شیرینی هەچ گوڵێ دەم ئەکاتەوە
لەم وڵاتە فەرهادمان بیر ئەخاتەوە
لەو ساتەوە... ڕاست یا درۆ
کە مێشک و گۆشت بوون بە پشکۆ
چزان بە چاوی نووقاوی ئەژدەهاکا
بوو بە لاوک لەسەر چیا و لەژێر خاکا
لەو ئەفسانەی مار کوشتنە ڕاست یا درۆ
ئەم وڵاتە قوربانی گرتۆتە ئەستۆ
لەو ڕۆژەوە ناوی دێهاتەکان گۆڕا
بوو بە ڕۆمی و شەترەنج دۆڕا
دار چوالەکان هەڵپاچران داپاچران
نێرگزەکان بنجکەن کران دەرهێنران
ئەم وڵاتە مووچە و بەراتی کوشتنە
بەندکردنە ئەستۆ لە نێڵە کردنە، خنکاندنە
لەو ڕۆژەوە، لەو ساتەوە، هەر لەو دەقیقەو کاتەوە
کە خوێنە خۆی دێرینەکە کتێبەکەی ئەکاتەوە
لەو دەمەوە کە ڕیچ گەیشتە سەرچنار
تۆوی پیلان، هی ژێردەستی بۆ ئەم کوردە هێنا بەبار
دوژمنی خوێنە خۆیی ئێمە داگیرکەرە
مام ئینگلیزە ئیمپریالیزم و نۆکەرە