برسیمە
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
1225 بینین
برسیمە من دە کوڵمت بێنە وەکو تەماتە
با قاشیکەم بە تیغی دانی وەکو سمارتە
لامل لە دەم نزیک خە بۆ ماچی لێوی زبرم
توێژاڵ کڕێنە هەر وەک چەقۆ بۆ سەر پەتاتە
ئای چەندە سوور و سوێرە دڵۆپی ئەشکی دیدە
وەک گۆشتی ناو قەزاتمە کەچی لە ئێمە قاتە
بەڕۆژ مەمک ئەبینم، شەو گیپەیە لە خەوما
بەیانی دەستە و ئەژنۆ درۆ هەمووی هەلاتە
کراسی کورت لەبەردا دووڕانی گردی تێدا
سپی هەر وەک پڵاوی مەولو بە سور و ساتە
پووز چی بڵێم خڕ و پڕپتەو زەرد و زۆڵی
وەک کفتە سەر شکێنە بە ئەرک و شاتە شاتە
قوربانی ئەو دەمەت بم بچوک و ئاڵە هەرگیز
مزر وەکو هەڵووژە شیرین ئەڵێی نەباتە
حەیرانی باخی سینەم پڕ بۆن و پڕ بەرامە
وەک شیلەیی مورەبای بەهێیە یان کەباتە
بۆ نالەبار بەجێیە لەوەڕ لەهەر دووجێدا
بۆ ئێمەش ئاو لەدەم چووت لە ڕێگای نەهاتا