سلێمانی
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
3 خولەک
1243 بینین
مامزی ناو قامیشەڵان
گوێچکەی تەپی بۆ ڕاوەشان
وەکوو شۆخێ
ملی بەرزی بۆ هەڵبڕێ
نیگای ڕەشی بۆ دوور فڕی
لەکەڵی بەردەمی خوڕی
بەمرقەی.. باڵندە تەڕی
وتی: هەستە خرمەی سوارە
دەسە جڵەو بەرەو خوارە
وادیارە بە سەدهەزارە
ڕێچکەی لەشکری دواییە
دەنگی تەپڵی پاشایییە
سەرچنار:
مامزی ناو قامیشەڵان
سمی تیژی لە زۆنگ چەقان
لەسەر چیمەن جێپێی دیارە
لووتی ڕەوەی بەرەو خوارە
بە گوومەتە و زاق و باز
دوورکەوتەوە لە تیر و باز
کاتێ گەیشتە سەرچنار
دی.. پەیکەری جوانی بەهار
جەستەی شەنگی ڕازایەوە
سرووشتی تیا حەسایەوە
ئیستێکی کرد
قۆچی بۆ سەر قەپرغەی برد
وتی: مەڕۆن
ڕوخساری شەو
بەم ئاوی ژیانە بشۆن
تازە تیری سوارەی بەیان
تێناپەڕێ لە کانێسکان
تێناپەڕێ ناگاتە ناو
ڕەوەی تەڕەی لانە شێواوە
شاری تازە:
بۆ بەیانی
بۆ سبەینێ... مامز ڕوانی
تەقەی تەورە
ئەگرمێنێ
ئەڵێی هەورە
ئەبارێنێ پەلی پەڕاوە
بەبار.. بە تاو
دار بڕینە
لە هەموولا هەڵپەڕینە
گوریس لە دوولا لە دارە
وەک مێروو لە ڕێچکەی بارە
ئەی کۆتری تینووی گوێی ئاو
چ باسە لە لانەی شێواو
لاپەڕەیەکی شاردراوە
نیازی شەڕە یاخود ڕاوە
ئەم قیامەتە هەستاوە
ئەبێ دیسان لمۆزی
تینووبێ بۆ خوێنی ئەستۆم! بۆ
سووتاندن بۆ خنکاندن
بۆ درەختی زل پەڕاندن
یا هەمدیسان گورگی
برسییە بۆ لەش و جەستەم
ئەبێ چی بێ
ئەبێ چەن گوڵ هەڵوەری بێ
وا باخەوان وێنەی جاران
کەوتۆتە دەنگدانی یاران
وەڵام:
ئەی مامزەکان گوێچکە هەڵخەن
شاختان لە ناو شاخی کەڵخەن
شەڕە قۆچ کەن
ئەوا پایتەخت
گوێزرایەوە بۆ شوێنی تەخت
بۆ ئەمدیوی قەڵاچۆلان
بۆ تەنیشتی گردی سەیوان
شادی:
واشاییە
وادەی ئازار ڕەهاییە
ئای چەن خۆشە
هەموو شتێ بە پەرۆشە
بۆ ئەم کاتە بۆ ئەم ساتە
بۆ ئەم دەوری فەڕ و هاتە
وا بەڵقیسی دار ئەرخەوان
بەبووک برا بۆ سلێمانی
ناسۆروداخ
ئەی نازەنین
خوای دەم و لێو خوای پێکەنین
بەو یادەوە
دەست و پەنجە بە بادەوە
بێنە جامێ لەم شەرابە
مەزەم لایە... دڵ کەبابە
بۆ ڕابردوو
بۆ خەوێکی لەدەس دەرچوو
ئەوا ئیستا
گیان ناسرەوێ لەناو پێستا
لەکێ... پرس کەین.. کام
سەری تازە وەڕەس کەین
بۆمان باسکا
تۆسقاڵێ مێشکمان کاسکا
دڵی یاقووتی ئەم شارە
بۆ وا بۆتە پارە پارە
بەرگی ئەم مەرزە ڕەنگینە
بۆ وەکو پیرۆزە شینە؟