ڕەنگ
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
942 بینین
کام ڕەنگ جوانە کام ڕەنگ جوانە
بۆ لەچک یا دەسماڵی شان یا کۆڵوانە
ئەڵێن لە هەموو ڕەنگیکا.. ڕەنگی پشکۆ
ئەچێتە سەر ئاوا بوونی ڕۆژ لە ئاسۆ
هەندێ ئەڵێن شەبەق بدا لەو کێوانە
لە هەموو ڕەنگێ نزیکتر ئەرخەوانە
هەشن ئەڵێن ڕەنگی سووری وەک گوڵاڵە
ئەچێ لە شێوەی ئەو خوێنە قاڵ و ئاڵە
کەوا بوو لە پشکۆی ئاڵی تێکۆشانا
لە ئاسۆی سوور و پەمەیی کوردستانا
لە جۆگەی خوێنی ڕژاوی شەهیدانا
لە دوو توێی گردی سەیوان و بەهدینانا
لەو ڕەنگانە ڕەنگانە
بۆ ئەو مل و باڵ و شانە
بۆ کیژۆڵەی باڵا بەرز لە مردن
پرچ گرژتر لە ئەڵقەی زنجیری گەردن
چاوڕەشتر لە شەوی ئیستەی کوردەواری
برژانگ درێژتر لە چەکی گوناهکاری
بۆ تۆ لەچکی دەسماڵی کۆڵوانەیە
ئەم ڕەنگانە شیاوی ئەو جێگایانەیە
بۆ تۆ تۆ ئەی کیژۆڵەی
تۆ هەتاکو گەردوون مابێ مایەی مانی