کاروان

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  968 بینین
کەوتۆتە ڕێ کاروانی ئەم کوردە بە جارێ
دەنگی زەنگی هەناوی (زۆر) دێنێتە خوارێ
ڕێ ئەبڕێ با هەوراز و پڕ دڕک و داڵ بێ
تەکان ئەدات بەرەو هیوای گەیین بە شارێ
بەرەو جێیە ئینسانەکان دەستی ماندوویان
بخەنە سەر سکی تێری بە کسب و کارێ
ڕۆژی ئامانج چریسکەی بێ و هاژەی شەتاوان
خەرمانی گوڵ بە شەفاف بێ و خونچەی کەنارێ
بیشەکێنێ شنەی شەماڵ بای کامەرانی
ڕووناکی دڵ چرایە بۆ شەوی تارێ
کەوتۆتە ڕێ کاروانەکەی پڕ چەک بە بڕوا
ناوی وەستێنێ گەڤینی سەگ، گەزینی هارێ
بەناو دەرە و چیای سەختا بە چنگە کڕێ
سەر ئەکەوێ بۆ ئەو پەڕی دەشت و بەهارێ
بەڵام کاروان لەگەڵ ئەوەی پشتی ئەستوورە
بە لاوچاک دەور و پشتی لەش زرێدارێ
تاکە تاکە لە ڕێچکەی دا سەر نەوی کردو
سنگ ئەکۆتێ ورد، لەسەرخۆ وەک زەردە مارێ
بەو نیازەی ساکەی هەڵێ، یەکێ پێی ڕێکەوت
لە شەقامی ڕویین دەرچێ گورج پەلامارێ
دانی تیژی زەهرئاڵووی تێ بچەقێنێ
بۆ ئاژاوە و سەر لێشێوان (بێتە دارێ)
ئەبێ پێشەنگ ئاگادار بێ و ورد بۆی بنواڕێ
زەردەخەنەی ژەهراوییان بخاتە بارێ
هیچ نەهێێ بڕۆ جووتکەن کلک ڕاوەشێن
بە چەکوشی ئاسنینی سەریان بهاڕێ
بە پەڕۆیی کلکی پیسیان بگرێ بەڵام چۆن؟
وای فڕێدا بێتە پەندی ڕووی ڕۆژگارێ