شەڕ و ئاشتی

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 6 خولەک  1964 بینین
مامەپیرە، مامەی ڕیش پان
گێڕایەوە باسی جاران
وتی: ئەی بچکۆلەکانم
هۆی ئارامی دڵ و گیانم
بۆتان باس ئەکەم ڕابردوو
بە کۆمەڵ نەک یەک و دوو
ئەڕۆیین بەبێ ماچی لێو
ئەڕۆین بۆ دوور پشتی کێو
ئەڕۆین بۆ واق و وڕمای
بە فرمێسکی قەتیس ماوی
بە ڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوی
بە خەیاڵی تەق کراوی...!
ئەڕۆیین و ترپەی پێیان
ئەگەییە ئەو پەڕی پێیان
ئەڕۆیین و کۆڵی شانیان
ئەگەییە سەر شلکەی ڕانیان
بە ناو بەفرا، بە ناو دڕکا
با سەهۆڵ ئەندامیان سڕکا
سوور هەڵگەڕێ گۆنا و لووتیان
بیبەستێ خۆراک و قووتیان
ئەبێ بڕۆن بێ وەستاندن
تا ئەگەنە کۆڕی مردن
کۆڕی بێ یەکتر ناسین
بە بێ ناوی یەکتر زانین
بێ ئەوەی ڕۆژێ هیچ کامێ
دیبێتی چارە و ئەندامێ
پەیدابوو بێ سەنگ و سووکی
دوو دڵی یا خۆ ناکۆکی
پەیدابوو بێ ڕق و کینە
بێ بەگڕی دڵ و سینە
ئەبێ ڕووی تفەنگی تێکا
بیپێکێ و تماشای ڕێکا
بیخواتەوە خوێنی گەشی
هەڵیکا ئاڵای هاوبەشی
بێتە پێش خاوەن فەرمانی
کڕنووش بەرێ بۆ ئاسمانی
بۆی هەڵکا بازووی پتەوی
بۆی دەرخا کوشتاری شەوی
ئەویش بە فیز هەر وەکوو گیو
بۆی دەربێنێ مەدالیای زیو
بیدا لە یەخەی خوێناوی
ببێ بە نیشان و ناوی..!
دووبارە بێتەوە سەنگەر
دوو ئەوەندە قورس بوو بێ سەر
لە پڕ ئەوەی کە زۆرتر سوور
لە پشکۆی ئاگر پڕ نوور
کسپە لە جەرگی هەڵسێنێ
فیز و مەستێتی بفڕێنێ
دوای بەربوونی خوێنی سنگی
بێتەوە یەک ڕەگ و چنگی
هاوار مردم بۆ نەختێ ئاو
بەڵام کوانێ؟ خەیاڵی خاو
کێ ئەگاتە ناو سەنگەری
بۆ دەرمانی کەلەبەری
ئاو لە کوێیە بۆ فێنکی دڵ
بۆ گەشاننەوەی سیسی گوڵ..!
بۆ دامرکاندنی... ئازار
بۆ بێدەنگ کردنی هاوار..
لەم کاتەدا... دەنگێ بە حاڵ
ئەگاتە گوێی باوکی منداڵ
ئەڵێ... بابە.. منم هەستە
وا جەژنە خەڵکی سەر مەستە
جەژنە.. جەژنە کوا جلی ئاڵ؟!
بۆ من.. بۆ کەی بانووی ناو ماڵ
هەر من بێ تۆ بێ نیشانت
بێ دەستی لە ناو گیرفانت
بێ باوەشی گەرم و گوڕت
بێ دڵی بەزەیی پڕت.!
بە بێ باوک بە هەتیویی
کەوتوومە چۆڵی نەدیوی
سا تووخوا وەرەوە ناومان
ڕوون کەرەوە بەری چاومان
***
تەکانیدا هێز بۆی نایە هیچ کوێیەکی لە دووی نایە
پێڵووی قورسی بۆ هەڵبڕی
بە ئاستەم نێو نیگای فڕی
بەرەو ئاسۆی ڕەنگ پشکۆیی
کورکانی بۆ ڕەنجەڕۆیی
وەک بەردی گۆمی شڵەقاو
ئەو دنیایەی هاتە بەرچاو
نایە سەر بەرد سەر و ملی
لێکی نا برژانگی شلی
ئیتر پەنجەی سەر پیلکەی چەک
جارێکیتر نایکا نمەک
لەگەڵ ئاسۆی ئەرخەوانی
ڕۆیی ون بوو ناونیشانی
***
مامە پیرەی ڕیش پان دەستی کرد بە باسی جاران
گێڕایەوە دایکی غەمبار
دایکی بێکەس و هەتیوبار
کەوتە پارێزگاری منداڵ
نە وەک بێتە خۆراکی چاڵ
ڕۆژ هەر هەڵپەی ئەم و ئەو بوو
بۆ خۆراکی ڕۆژ و شەو بوو
گرانیش پێی لێ هەڵبڕی
پەردەی لێکدانەوەی دڕی
مناڵ زاق و زووق لە برسا
دایکی بێکەسیش لە ترسا
ئەیوت: ڕۆڵە درشت و ورد
دێتەوە باوکتان دەس و برد
بۆتان دێنێ خواردنی خۆش
بە یەکەوە تێر ئەیکەین نۆش
بەم ڕەنگە منداڵ ئەدرا لاس
خانە بەر باد و کەڕ و کاس..!
لە پڕ دەنگێ دەنگێکی زل
بە شاری خامۆشی دا تل
هەڵیساندن لە خەوی شەو
تێیگەیاندن هەواڵی ئەو...!
بۆمبا بارینە، شار وێران
قوش دەر ناچی نەک دلێران!!
خوای بێخەم.. خوای بێخەم
من بەم شەوە ڕوو لە کوێ کەم؟
مەلۆتکەی منداڵی ساوا
بۆ کوێ بەرم من ئە ئاوا؟
بۆ کوێ بەرم پەنای نەجات
بە کێوەی ببەستم ئاوات..؟
بەڵام لەرزە کەوت بە دیوار
هاتە یادی داستانی (تار)
داستانی باسی شەڕ کردن
بە کۆ خەڵک لەناو بردن
بە ملیۆن ئینسانی بێ خەم
ببێتە ئێسکی ناو چەم
سەر یەک کەوێ ئێسک و لەش
بەشکو خوای شەڕی پێ بێ چەش
بەڵام وژەی بۆمبای ئاسمان
خۆی گەیانە نزیک سەربان
هەر تەقە و ئاسنێ وەک تیر
چەقییە مەمکی پڕ لە شیر
بەخۆ کوتاندن و بێشکە
بە چاوی پڕ ڕێشکە و پێشکە
خۆی گەیانە لانکەی ساوا
پەلاماریدا لە تاوا..!
دەمی گێڕا بۆ نەرمی لەش
دایە بەر فوارەی خوێنی گەش
ساوای بێخەبەر لەم حاڵە
بێ ترس و هاوار و ناڵە
برسێتی لای ئەومەبەست بوو
چیچیلەی مەمکێکی بەس بوو
دەیخستە جێگای جارانی
جێگای بێدەنگ و ئامانی
مژی لێدا بۆی قووت ناچێ
لە چێشکەی جارانی ناچێ
کەی ئەو ئا بەم تامە فێرە
جاران شیرین ئێستە سوێرە
دەمی چەسپان مژی لێدا
تا دوا دڵۆپی کوڵ پێدا
سەری خستە سەر جێگای نەرم
کەی هەڵئەسن لەخەوی گەرم..؟؟
مامەی پیرە مامەی ڕیش پان
دەستی کرد بە باسی جاران
گێڕایەوە چۆن ڕابردوو
بە کۆمەڵ نەوەک یەک و دوو
ئەخزانە ناو ژووری تاریک
ژووری تەسک و هێجگار باریک
شەو دارکاری ڕۆژ ئیش کردن
ئەبێ خۆت بڕۆی بۆ (مردن)
زنجیری دوومەن لە پێدا
ڕاخەری نەرمە لە جێدا
قەمچی پشتی داڕووتاندن
نەخۆشی گۆشتی ڕزاندن
ئاوی سارد ئەکرایە ژێریان
گیان لەسەر لوتێتی نێریان
ئەسپێ و جانەوەر بە تۆپەڵ
بۆی بۆتە کیسەی بەر باخەل
لە پڕ نرکە ئەهاتە جۆش
بەرز ئەبۆەوە سەری ناو کۆش
ژاندرمە و شمشێر و قلیچ
سەری گەیشتۆتە بن میچ
ئەی خوێنەوە ڕەسمی شاهی
جەزای تەمەڵی و گوناهی
ئەیوت: فەرمانی شاهانە
بۆ پیویستی نیشتمانە
بۆ پارێزگاری وەتەن
ئیشی وا هەرگیز دەگمەنە
کێ دیویە لە کۆڕی شەڕا
بەرگی سەربازی لە بەرا..!
سەنگەر بۆ دوژمن جێ بێڵێ
زەوی نامەردی بکێڵێ..!!
چەک فڕێ با لەبەر مردن
خۆی بفرۆشێ لەبەر دوژمن
خۆی بفرۆشێ لەبەر گیانی
نەمێنێ ناو و نیشانی..!
لەبەر ئەوە وایە بڕیار ئەوەی کە کردویە فیرار
بڕیاری سەر لەشکر وایە
ئەوەی کۆتی لە پێدایە
خۆی لاخا بێتە ئەم لاوت
بە گوێرەی (تۆمەت) و ناوە
ئەهێنران بە دەستی بەستە
بە ئەندام و جەستەی خەستە
ئەهێرانە بەر سەرای (میر)
ئەدرانە بەر گڕی شەست تیر
هەر وەک گەڵای داری پاییز
بێدەنگ و بێ ورتەی بەڕێز
یەک لە دووی یەک هەڵئەوەرین
ئەڕۆین بۆ دنیای بەرین..!
***
مامەی پیرە مام ڕیش پان
دەستی کرد بە باسی جاران
وتی: ئیتر ڕۆڵەی وردم
بۆم نایە (قافیەی فەردم)
بەڵام منداڵی دەوری پیر
مامەی پیریان هێنایە گیر
تا تەواو نەبێ داستانت
بەری نادەین ڕیشی پانت
مامە ئاخێکی هەڵکێشا
بە تەوێڵی خۆیا کێشا
ئەزانن چیم بۆ باس کردن
یا بۆ چ شوێنێکم بردن؟
بۆم باس کردن هەواڵی شەڕ
تێمگەیاندن ڕازی پڕ بەر
بۆ کێیان کرد؟ و کێیان کوشت
بەرەو کۆی چوون ورد و درشت
چی لێهات خاوەن نیشانە؟
لە ئەرزە یا لە ئاسمانە؟
کوژراوی سەنگەری مەیدان
خۆراکی گولەی بێ ئامان..!
مامە وتی: سەر هەڵبڕن
ئەوە چین پۆل بە پۆل ئەفڕن؟
وتیان: مامە ئای لەوانە
لەو هەموو (کۆترە) جوانە