شینێک
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
1355 بینین
پێشەوای بەرزی چینی کرێکار
قەڵای ئازادی
تیری ئاراستەی دڵی ستەمکار
مۆسیقای شادی
ئاڵا هەڵگری ئاشتی جیهان
بەرامبەر بە شەڕ
چرای ڕزگاری ڕێگەی میللەتان
گەنجی عیلم و فەڕ
باوکی دڵسۆزی ملیۆنەها کەس
کێوی زانیاری
ڕێ پێشاندەری ئایین و مەبەس
ئاشکراو و دیاری
تیشکی زێڕینت چرای کوردستان
بۆ شەوی تاری
ئەستێرەی گەشەی ئاسۆی نیشتمان
جریوەداری
مردن لە ئاستت لێوە لەرەی بوو
پرس کەن لە مردن
بە ڕۆژ و بە شەو چەرمەسەرەی بوو
بۆ زەفەر بردن
چۆن وێرای توخونی چریسکەت کەوێ
وا بە ئاسانی
یا وەک پەروانە ڕووناکی ئەوێ
بۆ ڕێگا و بانی
ئەبێ مردنیش کە تێگەیی لێت
باڵی شکاوە
هەڵئەپڕووزێ بگاتە بەر پێت
خەیاڵی خاوە
بۆیە وا توانی بە کوڕنوش بردن
بگاتە بەر پێت
بگاتە ڕاستت بە ئارەق ڕەشتن
بگاتە ناو جێت