مژدەی مەلێک

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  1306 بینین
مناڵ:
ئەی باڵداری دەنووک سوور
بریقەت دێ دوور بە دوور
ئێسک سووکی نەرم و شل
دڵ دێنێتە جووڵە و پل
وەرە لە تۆی دەسرازە
لە تووکی نەرم و تازە
لە سنگی گەرم و گوڕم
لە چاوی هیوا پڕم
بۆت ساز ئەدەم هێلانە
ئەی مەلی خنجیلانە
وەرە من بە پەرۆشم
من بێشکە و لەش و کۆشم
خۆشە بۆ هەڵنیشتنت
بۆ جێی ئارام گرتنت
کۆتر:
کۆرپەی نازکتر لە گوڵ
سەودای جوانی پڕ بە دڵ
منیش گڕی ئاسمانم
چریسکەی باڵەکانم
ملە قوتێی گوێسوانم
هاقی دەمی کولانەم
لایلایەیە بۆ خەوت
بۆ پرخەی ڕۆژ و شەوت
بنوو بێ ترس و بێ سڵ
ئەی خونچەی گەشی سەر چڵ
مناڵ:
ئەی باڵداری دەستەمۆ
خودای لەنجە و هاتوچۆ
چییە بە دەنووکتەوە
بە سەر پەڕەی سووکتەوە
دە بیخەرە ناو چنگم
بیدە لە یەخە و سنگم
چونکە بە خوێن تینوان
وەک مار بەسەر زینوان
داگیرکاری بێگانە
وا خەریکی پیلانە
خەریکی خوێن ڕشتن
تەمای وێران کردنن
وەڕ من شەڕم ناوێ
بملاوێنە تاو تاوێ
من بە ئاشتی و ژینی شەنگ
دوور لە بۆمبا و گڕی جەنگ
وەک گوڵ ئەگەشێمەوە
وەک بووک ئەڕازێمەوە
کۆتر:
کۆرپەی شیرین گڕوگاڵ
ئەو لەگەڵ بای شەماڵ
بۆم هێنای مژدە و دیاری
دەسکە، بە خنە و یاری
ئەوا هەموو میللەتان
کەوتوونە ڕێی تێکۆشان
ئاشتیت بۆ ئەپارێزن
شەڕ و شەڕخوا ئەبێزن
وا یەک دەس و بە یەک دەنگ
ئەڵێن نامانەوێ جەنگ
ها ئەوەش لقی زەیتوون
هەستە بە بێ چەن و چوون
بە گاگۆڵکێ نەرم و ورد
بیدە، دەس نەتەوەی کورد
بڵێ، ئێمەش وەک گەلان
------------
بە هاوکاری و تێکۆشان
ئەگەینە مافی خۆمان