چ بنووسین؟
ئەدەبی کوردی وەک ئەدەبی زۆربەی نەتەوەکانی دی بریتییە لە دوو بەشی «شیعر» و «پەخشان» کە هەر کام لەو بەشانە لکوپۆیەکی زۆریان لێ دەبێتەوە. سەدان ساڵە لە سەر شیعری کوردی کار دەکرێ و لە هەموو مەوزووعێکدا و لە گشت شێوە و وێنەیەکدا شیعر گوتراوە، بەڵام لە پەخشاندا هەر چەند زۆر کتێب نووسراوە و وەرگێڕدراوە، دەبێ بڵێم کە لەچاو شیعر، هیچ کار نەکراوە و لەوبارەدا هێشتا لە پلەکانی سەرەتاییی پێشکەوتداین و بۆ ئەوانەی کە دەتوانن بنووسن، ڕێگا ئاواڵەیە و مەیدانێکی بەرین و بێ سنوور چاوەنواڕیان دەکا.
بۆ ڕێنوێنیی ئەو لاوانەی کە ئیستعدادی نووسین و مەیل بە خزمەتیان هەیە چەند شوێنێک نیشان دەدەم کە دەتوانن وێڕای خزمەت بە ئەدەبی کوردی بە کەمێک زەحمەتکێشان ناو دەرکەن و بێنە ڕیزی نووسەران.
بە تێکڕاییی ئەو شتانەی کە دەکرێ کاری لە سەر بکرێ سێ بەشن:
ئەلف - وەرگێڕان: ئەوانەی کە لە زمانە بێگانەکاندا شارەزان، دەتوانن نووسراوەی باش و بەکەڵک وەرگێڕن. دیارە لەو بارەدا تەنیا شارەزا بوون بە زمانێکی کە نووسراوەکەی پێ نووسراوە بەس نییە و وەرگێڕ دەبێ ئەدەبی کوردیش باش بزانێ.
لە وەرگێڕاندا مەرجی هەرە گرینگ پاراستنی ئەمانەتە؛ واتا وەرگێڕ هەققی نییە هێندێک لە نووسراوەکەی دەرباوێ و وەلای نێ یان نووسراوەکەی بگۆڕێ یان بە مەیلی خۆی شتێکی لێ زیاد بکا. هەر وەها وەرگێڕ دەبێ ویست و داخوازی کۆمەڵی ئەمڕۆی کوردەواری لەبەر چاو بگرێ و نووسراوەیەک وەرگێڕێ کە داواکاری هەبێ.
ب - خوڵقاندن: ئەو شتانەی کە نووسەر دەتوانێ بە زەوقی خۆی بیانخوڵقێنێ، بریتین لە:
١. چیرۆک کە بۆ خۆی چوار بەشە:
* چیرۆکی درێژ «ڕۆمان»
* چیرۆکی نیوەدرێژ «ڕۆمانس»
* چیرۆکی کورت «نوویل»
* چیرۆکی کورتی کورت
٢ - شانۆ
٣ - کتێبی غەیری چیرۆک
٤ - مەقالە
ئەم شتانە دەتوانن هەموو چەشنە مەبەستێک بگەیەنن، وەک زانستی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، ئەخلاقی، فەلسەفی، پێکەنینی و....
ج - لێکۆڵینەوە: کە بریتییە لە دوو بەشی گرینگ: ڕووداوەکان و فۆلکلۆرەکان.
یەکەم؛ ڕووداوەکان کە دوو بەشە:
١ - ڕووداوە مێژوویییەکان: وەک «سازکردنی قەڵای هەلاکۆ لە کوردستاندا» کە ئێستاش گوندەکەی بە ناوی «قەڵای ئەڵڵاکۆ» لە نیزیک بەندی میاندواو لەسەر چۆمی جەغەتوو هەر ماوە.
لە لێکۆڵینەوە و نووسینی شتی مێژووییدا، نووسەر دەبێ تەعەسووبی نەبێ و ئەوەی کە لە نووسراوەکانی مێژوونووساندا هاتووە لەگەڵ ئەوەی کە بۆ خۆی پێی گەیشتووە، بێ غەرەز و بێ نەزەر بیهێنێتە سەر کاغەز.
٢ - ڕووداوە غەیری مێژوویییەکان: وەک ڕووداوی «ئەشکەوتی گەوەڕێ». لەبارەی ڕووداوە غەیری مێژوویییەکاندا دەبێ تەواوی ئەو شێوانەی کە گێڕاویانەتەوە ناو ببرێن.
دووهەم؛ فۆلکلۆرەکان: فۆلکلۆری کوردی کە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی پێک دێنێ یەکجار زۆرن و هەرچەند لەم ساڵانەی دواییدا هێندێکیان کار لە سەر کراوە، هێشتا ڕێگەیەکی بێبڕانەوە لەپێش ئاشقە نووسیناندا هەیە.
لەبارەی فۆلکلۆرەکاندا نووسەر یان لێکۆڵینەر نابێ وشەکان بە مەیلی خۆی بگۆڕی یان وشەیەک کە پێی وایە بێمانایە، تووڕ هەڵدا. دەبێ وشەکان چۆن دەبیسێ هەر ئاوایان بێنێتە سەر کاغەز و ئەگەر پێی وایە وشەیەک بێمانایە یان ناحەزە یان مەبەست ناگەیێنێ دەبێ بێ دەست لێدان و دەست تێوەردان لە وشەکە، لەنێو پاڕانتێزدا یان لە ژێرنووسی نووسراوەکەدا شی بکاتەوە و نەزەری خۆی دەربڕێ. هەر وەها ئەگەر دوو یان چەند شێوە و وێنە لە دەستدا بێ و لە وشە یان جوملە یان مەوزووعدا دژایەتییان بێ، دەبێ باسی گشتیان بکا و ئیشارە بکا کە پێوەندی لەگەڵ کام وێنە یان شێوەدا هەیە.
لە کوردیدا فۆلکلۆری جۆربەجۆرمان هەیە کە دەکرێ کاریان لە سەر بکری و لێیان بکۆڵدرێتەوە وەک ئەمانە:
١ - بەیت: لە سەر هێندێک بەیت وەکوو «مەم و زین» و «دمدم» و... کار کراوە و کتێب و مەقالە نووسراوە، بەڵام لەبارەی ئەوانی دی یان کار نەکراوە یان ئەگەر کاریش کراوە زۆر کەمە و بەرچاو نییە. لێکۆڵینەوە لەبارەی بەیتەکاندا زۆر باش دەتوانێ بە ڕوونکردنەوەی وەزعی سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ڕابردوو یاریدە بدا.
بەیتەکان جۆربەجۆرن، لە مەقالەی «شاری وێران» (لەم کتێبەدا) هێندێکم ئێشارە پێکردوون.
٢ - ئەفسانە: زۆر مەوجوود یان جێگا لە فۆلکلۆری کوردیدا بۆتە ئەفسانە و لە زۆر فۆلکلۆراندا بە شێوەی جۆربەجۆر ناو دەبرێن. ئەو ئەفسانانە یان عموومییەتیان هەیە و لە سەرانسەری کوردستاندا لەگەڵیان ئاشنان، وەک: ئەفسانەی «دێو و درنج» و ئەفسانەی «ئاوی حەیات» یان تایبەتی ناوچە یان شارێکن وەک ئەفسانەی «پیرەژنە چنگ ئاسنینە» کە تایبەتی مەهابادە.
٣ - چیرۆک (حەکایەت): لە کوردیدا چیرۆک یەکجار زۆرە، چەشنی:
- چیرۆکی ئاشقانە وەک «دەنکەهەنار»
- چیرۆکی عاتیفی وەک «موورووی دەنگێ» کە لە مەڵبەندی مەریوان بە «دەنگەوەرە» ناوبانگی هەیە.
- چیرۆکی ئایینی وەک «شێخ مەند و شێخ ڕەش»
- چیرۆکی منداڵان وەک «مەڕۆکە و بزنۆکە»
- کورتەچیرۆکی پەندی وەک «بەرخۆڵە»
.............
٤ - مەسەل: لە کوردیدا لەبارەی هەر مەوزووعێکدا یەک یان چەند مەسەل (ضرب المثلفارسی)مان هەیە. لە وڵاتی ئێمەدا «مەلا غەفووری حافیز» کتێبێکی لەوبارەدا هەیە و زۆربەی مەسەلەکانی بە نەزم دەرهێناوە کە جێگای ڕێزە. مەلا غەفوور تەنیا مەسەلەکانی کۆ کردۆتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەوبارەدا کارێکە کە دەبێ فەرامۆش نەکرێ.
لەبارەی مەسەلدا دەبێ مانا و جێگەی بەکار هێنانی و ئەگەر بکرێ چلۆنایەتیی سازبوونی مەسەلەکە بەر چاو بگیرێ. هەر وەها ئەگەر مەسەلێک چەند وێنەی هەبێ، دەبێ هەموویان لەبەر چاو بگیرێن، وەک:
مێریلەیان دەبردە شوشتنێ مووروولەیان دەکردە گەردنێ
کە بەم شێوەش بەکاری دەبەن:
مێریلە دەمرد، مووروولەیان دە گەردنێ دەکرد.
٥ - هەتەڵە و مەتەڵە (مەتەڵ): وەک:
ئاسمانی ساوە و پەڵەپەڵەی هەورە
مافوورەی چندراو، دەستکاری گەورە = (دەسرەی هەوری) یان:
ئەوە چییە هەتا نەیبەستی ناڕوا؟ = (کاڵە و پێتاو)
٦ - ڕوسمەکان: لە کوردەواریدا ڕوسمی جۆربەجۆرمان هەیە کە جێگای سرنجن و دەگەڕێنەوە سەر بیر و بڕوای باوک و باپیرانمان وەک ڕوسمی «قوڵەچوارشەممۆ» و «هەتەرێ و مەتەرێ» و «بێڵندانە» و «شێوەکانی زەماوەند و گۆوەند».
٧ - بڕواکان: هێندێک شت هەن کە گەلەکەمان بڕوایان پێی هەیە وەک: «بووکەبارانە»، «شەممولە»، «نەڕشتنی ئاوی کوڵیو بە شەو»، «نەحس بوونی سێزدە» یان «بە پیرۆز (مبارک) زانینی ڕۆژی هەیینی» و....
٨ - پەندی پێشینیان: پەندی پێشینیان کە زۆربەیان «سێ سێ»ن واتا لە هەر پەندەیدا سێ شت هاتووە، لە فۆلکلۆری کوردیدا زۆر گرینگن، وەک:
«لە هەورازان مەڵێ کوتنێ، لەبەر بایە مەکێشە تووتنێ، مەچووە سەر ماڵە بابی ژنێ.»
یان:
«نە کوێرەکانی دەبێ بە باخ، نە کەلاوە دەبن بە وەتاخ، نە کچەتیوان (کچە هەتیوان) دەبن بە شەوچراخ.»
٩ - قسەی خۆشی پێشینیان: وەک قسەکانی خودا لێخۆشبوو سەیید «ڕەشید» یان قسەکانی خودا لێخۆشبوو «مامەنداغای شەختان»ێ و قسەکانی خودا لێخۆشبوو مەلا «ئەحمەد تەوحیدی» و....
١٠ - کایە: کایەکان دوو جۆرن:
- کایەی منداڵان، وەک «پشیلەی ماڵە مێرانی» و «خوززێن» و «هەمزەل» و....
- کایەی گەوران، وەک «جۆرابێن» و «میرمیرێن» و....
١١ - گاڵتە و گەپ : بۆ خۆش ڕابردن و پێکەنین گاڵتە و گەپی جۆربەجۆرمان هەیە، وەک:
- چیرۆک: چەشنی چیرۆکەکانی مەلای مەزبوورە
- کایە: ڕاوە ژووشک
- شیعر: شەڕەفڕ
- گۆرانی: بەند هاویشتن
١٢ - شیعر: زۆربەی شیعرە فۆلکلۆرییەکان بە گۆرانی دەگوترێن، وەک:
تایەک لە زوڵفت ها وە دەسمەوە
بەندی دڵ ئەپسێ پێی ئەبەسمەوە
یان:
هەتا ئەمن بووم بە گوێی بانەوە
بەرتیلیان دەدا و دەپاڕانەوە
ئێستا کە پیر بووم پێم دەڵێن خاڵۆ
بەرتیلیش دەدەم نامکەنە ماڵۆ
١٣ - گۆرانی و مۆسیقا: ئەوانەی کە لە مۆسیقادا شارەزان دەتوانن لە قام و گۆرانی و هەوا جۆربەجۆرەکان بکۆڵنەوە و شتیان لەسەر بنووسن و بیانپارێزن. لەوبارەدا دەبێ چەند شت لەبەر چاو بگیرێ:
- شیعری گۆرانی و قام
- هەوا و ئاهەنگی ئەوان
- نەوعی گۆرانی وەک قام، حەیران، بەند، قەتار، لاوک، بالۆرە، و....
- ئەگەر بکرێ چۆنییەتی سازبوونی ئەوان.
هیوادارم ئەو ڕێنوێنییە بێتە هۆی قەڵەم بە دەستەوە گرتنی لاوە بەزەوقەکانمان بۆ نووسین و پەرەپێدان بە ئەدەبی کوردی.