چیرۆکی لەگلەگ

لە کتێبی:
شاری وێران
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  1010 بینین

لە کۆمەڵی کوردەواریدا زۆر زانا و پسپۆڕ هەڵکەوتوون کە بەداخەوە بە هۆی نەبوونی کتێب و نووسراوە بە زمانی زگماکی و زاڵ بوونی نەخوێندەواری و بایەخ نەدان بە زانست، ئاسەواریان کەمتر لە پاش بە جێ ماوە. ئەگەر دەرەتانی لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو هەڵکەوتووانەدا هەبێ، دەردەکەوێ کە لە زۆر ڕشتەی زانستیدا چازانی وامان بووە کە کەموێنە بوون.

لە ناوچەی گەورکی مەهاباددا گوندێک هەیە بە ناوی «قۆزلوێی گەورە»، لە سەر ڕێگای ئەو گوندە کە بە دۆڵێکی بژوێن و خۆشدا ڕادەبرێ، تەپکێکی لێیە کە ئاسەواری خانووبەرەیەکی لێ ماوە. لەو تەپکەدا دو برا ژیاون بە ناوی مەلا «داود» و مەلا «عەبد» کە لە تایفەی سەکران بوون. ئەو دوو برایە کە بە حیسێبگەری و ئەستێرەناسی ناوبانگیان دەرچووە، لە زانستی نجوم و هیئتدا بلیمەتێکی بێوێنە بوون. ئەوان ڕۆژئەژمێرێکیان بۆ وڵاتی ئێمە داناوە کە ئێستاش لە بەشێک لە کوردستان بەتایبەتی لە مەڵبەندی مەنگوڕایەتی و گەورکایەتیدا باوە. ئەو برایانە زۆر شتی تازەیان کەشف کردووە کە تا ئەودەم کەس فیکری بۆ نەچووە. یەکێک لەو شتانە ئەمەیە کە ئەگەر گەنمی «سمەوەج» تا سەعات ١٢ی ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمە دابچێندری شین دەبێ و گوڵ دەکا، بەڵام ئەگەر لە سەعات ١٢ لابدا شین دەبێ، بەڵام گوڵ ناکا. یەکێ دی ئەمەیە کە ئەگەر لەگلەگ تا سەعات ١٢ی ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕێبەندان هێلکەی بکا، جووجکەی هەڵدێنێ، بەڵام لە دوای ئەو کاتە نابێتە جووجکە. ڕەنگە بناغەی ڕۆژئەژمێرەکەی دایانناوە هەر لە سەر ئەو شتانە بووبێ یا پێیان وا بووە کە ساڵی وڵاتی ئێمە دە ڕۆژ زووتر لە ساڵی هەتاوی دەست پێدەکا.

«چیرۆکی لەگلەگ» کە پێوندی لەگەڵ ئەو برایانە هەیە بەم چەشنەیە کە ڕۆژێک لە مانگی ڕێبەنداندا کە لەگلەگ لە وڵاتی گەرمێنەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، مەلا عەبد دوای لێکدانەوە و حیسێب کردنی دەڵێ ڕۆژی هەینی داهاتوو لەگلەگ دێنەوە. مەلا داودیش پاش حیسێب و فیکر و لێکدانەوەیەک دەڵێ ڕۆژی هەینی ناگاتەوە ئێرە. هەر کامیان لە سەر بیر و ڕای خۆیان پێ دەچەقێنن و گرێو دەکەن و دەڵێن قسەی هەر کاممان وە ڕاست نەگەڕا، کچەکەی خۆی بدا بە کوڕی ئەوی دی. پاش ئەو قەرار و پەیمانە شەوی هەینی لای نیوەشەوێ مەلا عەبد کە پێی وا بووە لەگلەگ دەگەڕێتەوە، هەڵدەستێ دەبینێ هێلانەی لەگلەگ لە سەر قەڵاخەدەوەی بەتاڵە و لەگلەگەکەی نەهاتۆتەوە. زۆری پێ سەیر دەبێ، دەیزانی کە حیسێبەکەی ڕاستە و دەبوایە لەگلەگ هاتباوە. لە سەرڕا دەچێتەوە ماڵێ و بەرژەوەندییەکی کاروباری فەلەکی دەکا و لە دوایە کوڕەکەی لە خەو ڕاست دەکاتەوە و دەڵێ:

- لەگلەگ گەڕاوەتەوە، بەڵام لەبەر تەوژمی سەرما و سۆڵ هێزی گەیشتنەوە بۆ ئێرەی نەبووە و ئەوە لە «شێخ هەمزە» دا کەوتووە. زوو بچوو بیهێنەوە، دەنا ئەمشۆ سەرما ڕەقی دەکا و گرێوەکەی دەدۆڕێنین و خوشکیشت دەچێ و ژنیشت وە چنگ ناکەوێ.

کوڕەکەی هەر بەو نیوەشەوە بەو ناو و نیشانەی لە باوکی وەردەگرێ وە دوای لەگلەگ دەکەوێ و دەبینێ قسەی باوکی ڕاستە و لەگلەگ لەبەر سەرما و سەخڵەت هێزی لێ بڕاوە و لە بەفرەکە کەوتووە و بڕستی هەڵفرینی نییە. لەگلەگەی دێننەوە و لە سەر کورسی دایدەنێن تا گەرم بێتەوە و هێزی بێتەوە بەر. بەر لە مەلابانگدانان لەگلەگەکە کە دەبووژێتەوە دەبەن لە سەر قەڵاخەدەوەی دادەنێن.

بەیانی مەلا داود کە پێی وا دەبێ لەگلەگ ناگاتەوە هێلانەکەی، کاتێ دەبینێ ئەوە گەڕاوەتەوە و لە نێو هێلانەی لە سەر قەڵاخەدەوەی هەڵنیشتووە، سەری سووڕ دەمێنێ و بیر دەکاتەوە و دەڵێ:

- لەگلەگ بە خوای بە باڵی خۆت نەگەیشتوویەوە ئێرە و هێناویانی، دەنا کوا بەم سەرمایە توانیوتە بگەڕێیەوە؟

ئەو پسپۆڕە زانیبووی حیسێبەکەی ڕاستە و لەگلەگ دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرما و سۆڵ و بەستەڵەک لە پێی دەخا و ناهێڵێ بگاتەوە هێلانەکەی. لە بەر ئەوە دەبێ کە زوو بیری بۆ ئەوە دەچێ کە بە دەستیان هێنابێتەوە. مەلا داود بەو چەشنە گرێوەکە دەدۆڕێنێ و کچەکەی دەدا بە برازاکەی خۆی.