پێشەکی

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  2800 بینین

موسوڵمانانی ڕووناکبیر، ئەبێ بە شەش ڕاوێژ، دەگەڵ شەش دەستەدا بدوێن: ڕووناکبیرانی لاوەکی، برایانی هاوئاینمان لە دەورەوە، ڕەش و ڕووتی شارستانی، گوندنشینان، چینی ژنان، تازەلاوان.

ئەم نامیلکە هەوەڵ دەرسە بۆ سێ دەستە:

تازەلاوان، کە وا تازە بای باڵ دەدەن؛ بۆ ئەو پیاوە زلانەیە کە هەر منداڵانە دەژین؛ بۆ سەرمەشقی نووسەرانی خۆماڵییە.

 

منداڵەکانمان دەیزانن:

پیاوی هەژار، پیاوی بێ هێز -با چاکیش بێ، با پاکیش بێ- بەرچاو نییە. نەدار سووکە لە بەر چاوان؛ ناخرێتە ناو ڕیزی پیاوان. کەس فەقیری پێ پیاو نییە. بەڵام هەرکی خاوەن زێڕە، خاوەن زۆرە، ئەگەر پیسە، ئەگەر ڕەشە، ئەگەر بۆرە، لە بەر چاوان زل و زۆرە. دەراوی دەمی ناخۆش بێ، دەم پیس بێ، جنێو فرۆش بێ، دەڵێن پیاوێکی زۆرزانە، لفت خۆش، گفت ڕەوانە؛ قسەی جوانە، کاری جوانە، شارەزای شارەزایانە.

 

باری گەلانیش هەر واسە:

ڕۆژێ کە ئیسلام باوی بوو، لەناو گەلاندا ناوی بوو، زێڕی هەبوو، زۆری هەبوو، چی بیگوتا، هەر ئەوە بوو. مامۆستاکانی ڕۆژاوا -لە فێرگە، لە زانستگایان، لەناو کۆڕی کەیخودایان- کاریان لاسای موسوڵمانان بوو، دابی ئەوانیان پێ جوان بوو. کەوای شۆڕیان دەبەر دەکرد، عەمامەیان لەسەر دەکرد، ئەدای ڕازی و ئەبووعەلی و دینەوەریان و غەزالی و کێ و کێی دیکەیان دەردێنا.

چۆن ئێستا مامۆستاکانمان -کە نەدارین- لاسای ئەوان دەکەنەوە، قەرزی کۆنە دەدەنەوە! لە جێژنەدا کڵاوی لەنگەری لەسەر؛ جبەی قۆڵ فش و فۆڵ دەبەر؛ ئەدای ڕۆژاوا دەردێنن؛ ئورووپاییانە دەنوێنن!

دەسڕەنگینانی خاچپەرست کە دەسکردێکیان ڕێک دەخست، فێڵیان دەکرد. مۆری «الله»یان لێ دەدا؛ ڕەنگی ئیسلامیان پێ دەدا. تا وابزانن ئەو کارانە هی وڵاتی موسوڵمانە؛ کاری شام و بوخارایە، کرگاری بەڵخ و بەغدایە؛ ئەستەنبووڵە، تووسە، ڕەیە؛ کاری وەستای غڕنادەیە. تەنانەت خاچی گەردنبەند «الله»یەکیان لێ هەڵدەکەند. ئەوا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی بارکەوتوو، لەناو گوێچکەی گادا خەوتوو، «MADE IN» لە دەسکاریان دەدەن، لاسای ڕۆژاواییان دەکەن.

بوو بە شەڕی خاچپەرستان؛ دوو هۆردوو بەرانبەر وەستان. پێک هەڵپڕژان؛ تێک هەڵچڕژان. یەکیان گرت خاچپەرست و جوو. ڕیزی دوژمنان پتەو بوو. ئیسلام لێک جودا بوونەوە؛ بەرەو نەزانی چوونەوە. سڕ بوون؛ بوونە ماران گەستە. بوون بە سەد تیرە، سەد دەستە. تێک بەر بوون و پێک وەر بوون؛ بە جارێک بێ سەر و بەر بوون.

شیعە و سوننی، تورک و عەرەب، فارس و تورک، تورک و بەڕبەڕ، لە هەموو لایەک بوو بە شەڕ. هاودین بە هاودینی دەڵێ: من دادەمەزرێم، تۆ هەڵێ!

هەر یەک لەوانەش پێکەوە -خۆبەخۆیی، بەنامۆیی- شەڕ و هەرا و قیڕەیانە؛ گیڕەیانە. هەر لە شیعە چەند تیرە هەس؛ هیچ کەس ناپێوێ بە ڕبەی کەس: نیعمەتی، سۆفی، حەیدەری، شێخی، ئەمەل، باڵاسەری، پایین سەری، یەکێ دوازدەیی، یەک هەشتە. زۆری دیش هەن. تەنانەت بابی و بەهاییش، عەلیەڵڵاییش لە مەیدانان هەرایانە! داوایانە!

سوننی چوار مەزەب، هەزار توێ، هەمووی شیر لە یەکتر دەسوێ؛ بێ تام و خوێ. سۆفی، دەروێش، قادرییە، چەشتی، نەخشی، سۆرەوەردییە، نووربەخشییە. هەر یەکەی چەند لکی هەیە. پێکەوە مشتومڕیانە؛ لێکدان و قڕەقڕیانە!

جاران حەفتاودوو تیرە بووین، ئێستا لە حەوسەد زیادترین؛ لە هەموو دەم بەربادترین.

ئیسلام گوتی: خودا یەکە؛ قورئان یەکە؛ قیبلە یەکە. کەچی ئێمە هەزار خودا دەپەرستین؛ بۆیە پەستین؛ بۆیە بە دوژمن ناوەستین. هەزاران ڕووگەمان هەیە. گۆڕی هەر ئیمامزادەیەک، بارەگای هەر شێخزادەیەک، شەخس، نەزەرگە، قسنەکۆن -ڕاست یا درۆن- جێ چلدانە و نیازمانن؛ پێکهێنەری داخوازمانن. کاولەکۆن، ئێسقانی ڕزیو، داتەپیو، پواو، هەڵوەریو، لە چۆڵگان، لە دێ، لە شاران، بوونە جێ هانا و هەواران.

چاووڕاوکەرانی دەسبڕ، بە قسەی پڕوپووچ و بن شڕ، خودای پاکیان، خودای تاکیان لەبیر کردین؛ سووژدەیان بۆ خاک پێ بردین. کانگای مێشک و بیریان دەرداین؛ تێکیان وەرداین، تێکیان بەرداین. لەبەر شەڕی خۆبەخۆیی، لەبەر بێ ڕاهێڵ و پۆیی، کز بووین؛ زەبوون بووین؛ تێداچووین؛ دەتگوت نەبووین!

مەغول هات سووتاندی؛ بردی؛ کوشتی؛ کردی هەرچی کردی. سەرێک ما ئەوسا بۆی دەرچوو. دەورانی (چەنگیز) بەسەر چوو. بەڵام ئێمە، ئێمەی خەوخەو، بێهۆش، کەلەلا ڕۆژ و شەو، لەسەر موجتەهید، لەسەر شێخ، لەسەر دەف، لەسەر زەرگ و مێخ، شەڕمان، گەڕمان ئەنایەوە، ئاوڕمان نەئەدایەوە.

تا فەرەنگ هات. چ بوون فەرەنگ؟ مرۆخۆرانی بەرچاوتەنگ. بەفێڵ، بەجەنگ، قاویان کردین؛ ڕاویان کردین؛ چاویان بەستین. لەو ساوە ناتوانین هەستین، سست و پەستین.

ئێمەی لە گوێی گادا خەوتوو، بە سەدە و ساڵ، مانگ و حەوتوو -هەر کۆست کەوتوو- سەرمان کاسە؛ هەر نەمانزانی چ باسە. لەشوێن کۆنەکێلان وێڵین؛ زورک و ڕەقەنان دەکێڵین. کێشەی کۆنمان ژیاندۆتەوە. تۆوی شەڕمان چاندۆتەوە. با شەن دەکەین! دڕوو دەدرووین! بە سەرڕەو بەرەو پاش دەبزووین.

فەلە زل بوون؛ جوو بوو بە شت. بەشی ئێمەش: هەر قت، هەر فت، هەر گزوفت. ئەوان بە پیتۆڵی و گزی، زۆریان هێنا، زێڕیان دزی. دژ داماین بە لەڕی و کزی!

نامۆ بوونە داگیرکەرمان؛ پارویان ڕفاند لە بەرمان؛ بوونە کەیخودا لە سەرمان. ئەوان ئاغان، ئێمە ژێردەست؛ ئەوان دەسدار، ئێمە بێدەست. بە عەزرەتەوە دەڕوانین؛ خۆمان زۆر بەکەم دەزانین. فەرەنگی جوانە! زۆرزانە! کەی ئەو وەکوو مەمانانە؟!

- ئێمە چین؟

- چینی هەژارین. ئەوان ڕاستن، ئێمە خوارین؛ نالەبارین. هەژار زاناش بێ، نەزانە. دارا شورەییشی جوانە.

وا بەرەی پێگەیشتوومان -بە ناخێر- تێگەیشتوومان، شتی خۆی لەلا دزێوە. هەر لە جێوە، بە سەد شێوە، ئەدای فەرەنگی دەردێنێ؛ وە زوان ئاغا دەماندوێنێ. بۆتە مەیموون لاساکەرە؛ «بەلاش گۆشتی سەر چەپەرە».

ئاغاش هەر ئەوەندەی دەوێ، بازاڕی لە برەو نەکەوێ. گەرەکیە ئەدای دەربێنن؛ خۆی چی ئەکا وا بنوێنن. کارەکانمان، شارەکانمان، نووسەرانمان، خۆنەرانمان، پیاوی پیتۆڵ و چازانمان، حاڵمان، باڵمان، ژیانی ناو ماڵ و مناڵمان، ژنمان، پیاومان، گشت و خاومان، تەنانەت لەقەم و ناومان، دەمەلاسکەیەک لەوان بێ؛ تا کلیلمان هەر بەوان بێ!

بەڵێ داگیرکەرەکانمان، ڕزق و ڕۆزی بەرەکانمان، نایانەوێ خۆ بناسین. تا وا کاسین، بۆ وان خاسین. ئەوان دەترسن تێ بگەین، لە داو بەر بین و پێ بگەین. تا بێ فکر و بیرنەبەرین، تا لە خۆمان بێخەبەرین، بۆ وان مانگاین، ئەسپین، کەرین، بارەبەرین، شیرمان دەخۆن؛ بارمان دەکەن؛ سوارمان دەبن؛ غارمان دەدەن؛ لە سەد بەرد و دارمان دەدەن.

- تا دەخۆی بخۆ! قەڵەو بە! بۆ کاری بێگار پتەو بە!

- ئەبینی؟

- هیچ!

- ئەژنەوی؟

- هیچ!

- چ دەبینی؟

- بەژن و باڵای ڕێکی ئاغا لە وەتاغا؛ لە قۆناغا. ژن و ئەسپ و سامانەکەی، جامانەکەی، تەشک و داو و دامانەکەی!

- چ دەژنەوی؟

- لاف و گەزاف و چاوڕاو، باسی گۆشتاو، باسی پڵاو، چەند شات و شووت، گفتی چرووک، قاقای بڵحانە، قسەی سووک.

- خۆت خەریک کە بە دەرەوە! تەنیا هەر بیر مەکەرەوە! تێ مەگە چۆن دزی دەکا؛ گزی دەکا!

دێ و دەچێ بێ هەست و چرپە؛ بەبێ خورپە؛ وەکوو مام ڕێوی؛ وەک گورپە. لە جووجەڵان دەرفەت دێنێ، بیر و مێشکیان لێ دەڕفێنێ؛ بە کەیفی خۆی ڕایان دێنێ.

ئەگەر گەورەکان تێ ناگەن، مێشکیان بەتاڵە و پێ ناگەن، با لاوەکانمان وشیار بن؛ دوژمن بناسن، بەکار بن؛ با هاوکار بن. لە لاسایی خۆ ڕزگار کەن. لە داگیرکەر خۆ قوتار کەن. با ئازاد بن؛ با ئازا بن. پیاوی خۆ بن؛ پیاوی خوا بن. لە هەق خوازی ڕانەوەستن؛ تەنیا پشت بە خوا ببەستن. هەر یەکە شیاوی پەرستن. هۆی بوون و مان، ئەو یەکەیە. ئیتر هەرچێکی تر هەیە، خاڵە لە پەنا ئەو یەکە:

خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە.