بە ناوی خوا

لە کتێبی:
پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست
بەرهەمی:
ماجد مردوخ روحانی
 3 خولەک  1260 بینین

ئەم نامیلکە پەخشانێکی -بە ڕەسەن- ڕووسیە؛ نووسراوەی بریژیت ونگوربورسکی؛ کە بە چەند زمانان وەرگەڕاوەتەوە.

ساڵی ١٣٦٢ هەتاوی ١٩٨٣ زایینی «کانون پرورش فکری کودکان و جوانان» بەرگێک لەو کتێبەی پێدام -کە لە ئاڵمانی ڕا وەرگەڕابوە سەر فارسی و چاپ کرا بوو- بیکەمە کوردی و چاپی کەن. وەرگێڕاوە زۆر خاو و خلیسک و بێ تام، نەخشەکانیشی نەپۆڕ و ناشیرین بوون؛ بەڵام بەو حاڵەش شوێنی هەستی ناسکی نووسەرەکەی -وەکوو ئاوێ پووش و پەڵاش دایپۆشیبێ- جارجارە خۆی بەرچاو دەخست و دەردەکەوت کە چۆناوچۆن توانیویە وەستایانە، بناغەی ئەو چیرۆکە کورتە داڕێژێ و لە ئاکامدا قسەیەکی خۆش، بکاتە ئامۆژگارییەکی پوخت و پاراو.

هەرچەندی حەولمدا، نە ئەسڵی نووسراوە و نە هیچ وەرگێڕاوێکی -بە هیچ زمانێ- دەستم نەکەوت. فارسییەکەش ئەوە حاڵیەتی. دیارە بەم جۆرە بۆ منێک کە تازە گارەگارە کوردیم دەخوێند و لارەلارەیەک دەمنووسی، کاری وا مەیسەر نەدەبوو.

بردمە خزمەتی بلیمەتی وەرگێڕان، خوالێخۆشبوو «مامۆستا هەژار» و لەسەر تا خوار نووک و بەدی کارەکەم بۆ گێڕایەوە. مامۆستا سووکەچاوێکی پێدا خشاند؛ کەیفی گرتی. وەک بڵێی ئەم پێنج ئەنگوستە، ئەو پێنج زارەوەی زمانی کوردی وەبیر هێنابۆوە -کە هیچیان ئەوانی دیکە بە هیچ ناگرن!- فەرمووی: زۆر باشە کارێکی لەگەڵ دەکەم. چەن ڕۆژ لەودوا بانگی کردم؛ کە خوێندیەوە، وەک مردوێکی زیندوو کردبێتەوە، وا بوو. زۆر ئافەرینم لە خۆم کرد! جا توخوا حەیف نەبوو ئەو ئەستێرە جوانە، لە ئاسمانی زمان و فەرهەنگی کوردیدا -بۆ مناڵ و تازەلاومان- وەدی نەیێت و نەبێت و خۆ نەنوێنێ و نەدرەوشێ و چاو هەڵنەیێنێ؟

وەک ڕۆڵەیەکی خۆشەویست، لە دەستی مامۆستام سەند و پۆشتەم کرد و دام بە «کانون پرورش فکری کودکان و جوانان»؛ بەو مەرجە بیدەن نەخش و نیگارێکی جوان و لەباری هێژای ئەو کارەی بۆ ساز کەن. «بەڵێ بە چاوان» یان گوت و لێیان ساندم. ئیتر خەبەرێکی نەبوو، تا بیستم لە چاپ دەرچووە. چاوم پێکەوت سڕی کردم. بە بێ ئەوەی خۆ ماندوو کەن، هەر بەو وێنە بێ فەڕانەی فارسییەکەی و بە چەن هەڵە و پەڵەیەکەوە، چاپیان کردبوو.

ئێستا کە هەژدە ساڵ لەو ماوە ڕادەبرێ و چەن ساڵە لە سنە دەژیم، لەم شارە -لە خوا بە زیاد بێ- زۆر هونەرمەندی بەرز و بە هەستم دیون، کە هەر کام لە کاری خۆیدا، ئەتوانم بێژم هەڵکەوتەن. یەک لەوانە، لاوی دەس نەخشین و زیرەک، کاک «بێهزاد تارا»یە؛ کە هەر ناسیم و چەن کارێکم چاو پێکەوت، کەوتمەوە بیری «پێنج ئەنگوست». لەو لاشەوە بە ناوبژی برای کوردم «علیرضا اشرافی» کە ئێستا بەرپرسی «کانون» لە پارێزگای کوردستانە - سەبارەت بەم نامیلکەیە پێک هاتین کە کەسمان لە کەس بێ و من لە ڕابردوو واز بێنم و ئەوانیش کاریان بە داهاتوو نەبێ. بەم جۆرە «پێنج ئەنگوست» جارێکی تر بە وێنەیەکی تر، ڕووناکی دەبینێتەوە؛ کە هیوادارم منداڵانی خوێن شیرین و لاوانی خۆشەویستمان پەسەندی کەن.