کوردم کوردستانم دەوێ

لە کتێبی:
شیعرەکانی مەلا ئاوارە
بەرهەمی:
مەلا ئاوارە (1933-1968)
 2 خولەک  2230 بینین
هەدا نادەم ڕۆژ و شەوێ
خۆم بسرەوم دڵ ناسرەوێ
تاکوو هەلم دەس دەکەوێ
دنیا گشتی سەر یەک کەوێ
لێم ببڕن خۆراک و خەوێ
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
تاکوو قۆناخی سەربەستی
ئەسپی خەباتم ناوەستێ
تا دەرنەچم لە ژێر دەستی
نامەوێ سەرمایەی هەستی
مەرگ، نەک ژینی ژێر دەستی
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
بۆ ئازادی و خودموختاری
بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری
بە سەربەرزی و بەختیاری
بە گیان دەکەم فیداکاری
تا دەبڕم کلکی زۆرداری
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
کلکی زۆردار دەقرتێنم
قەڵای سەختی دەڕووخێنم
بەردی بناخەی دەردێنم
وەک دێڵەسەگ دەیتۆپێنم
کە نەشتۆپا دەیڕەتێنم
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
دەیڕەتێنم تا کێوی قاف
جیهانی پێ دەکەم تەواف
بەبێ گاڵتە و لاف و گەزاف
شەرتە نەکەم وەعدە خیلاف
یا بمرم یا بستێنم ماف
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
دەستێنمەوە مافی خوراو
بۆ نیشتمانی بەش کراو
هەزاران دایکی زگ سووتاو
هەزاران لاوی سەربڕاو
دەژیەنمەوە وەک گوڵ بە ئاو
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
من ناهێڵم نەسلی بەدکار
وەک هەڵۆ لێی دەکەومە کار
بچتە ئاسمان نایکەم قوتار
لە ژێر زەوی بۆی دەچمە خوار
لێی ناهێڵم یەک جووقەوار
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
جووقەواری لێ ناهێڵم
وڵاتی پێ بەجێ دێڵم
خاکی خۆم بۆ خۆم دەکێڵم
سوودی بزن و مەڕ و چێڵم
چیدی نایدەم بە فڕ و فێڵم
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
تا کەی خەزێنە و نەوتەکەم
بە بووکۆڵە و فیتفیتە دەم؟
خەڵک شاد و من دڵ بە خەم
لە سەر گەنجی وڵاتەکەم
خاکی خۆشم ئاوارەکەم
کوردم و کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ