ماڵئاوایی

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 2 خولەک  1876 بینین
ماڵئاوایی
بە دەنگی: عەلی حەسەنیانی
ماڵئاوایی
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
هەوریلە! بووکی دڵم! خونچەی ئاگرین!
بەستێنی نادیاری ئەوین! بەربەیانی ژین!
ئەی یارە ژیکەڵەی بە ڕەوت چەشنی باڕەکەو!
ئەی جوانە دیمەنی گڕی نێو تاریکاییی شەو!
دوا جارە دێمە لات،
ئیدی ئەتۆ و وەفات...
ئێوارێ ڕوو لە شەبەق ڕەوتەنیم، دەڕۆم،
دەستم لە خۆم دەشۆم...
ئەمڕۆ کە شۆڕشی گەل چاوەڕێی منە،
ڕابووە گەلم، خەریکی بەرەنگاریی دوژمنە،
هەوریلە! چۆن دەبێ ئەمنیش خۆ دە خەو بکەم؟
سەر نێمە نێو بەفر، بە فریو چەشنی کەو بکەم؟
خۆ نا، دەڕۆم، دەڕۆم،
دەستم لە خۆم دەشۆم...
هات و نەهاتە ڕێی سەفەرم، دوور و سەخڵەتە،
ناخۆشییە، هەژارییە، شێوانە، مەینەتە،
 
:هەڵدێرە، لێڕەوارە، کەژە، ڕژدە، ئەستەمە،
سەختە، تەلانە، دوندە، نشێوە، خڕ و چەمە،
هەوریلە! ئەو کەسەی لە گەوەی سەختی سەرکەوێ،
ئەو پیاوە، نانەوێ...
هەوریلە! دڵڕفێنە! نیگا مەندە! لێو قوتە!
مەمکووژە! بمدوێنە، بە بێدەنگی مەمکوتە!
چاوت دە چاوی من بڕە با مەستی بادە بم...
وا دیارە ماوەیەک،
بابردەڵێک دەبم، لە سەر ئەم کێو و ئەو چیا
یەخسیری با دەبم...
با دڵ کە ئۆگری چاوی کەژاڵتە،
مەستی خەیاڵتە،
بۆ جاری ئاخرین،
هەڵبەستی ئاگرینی ئەوین،
پێشکەش بە تۆ بکات...
ئیدی ئەتۆ و وەفات...