سەرفی عومرم کرد چو ڕەمماڵان بە زەوج و فەردەوە

پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی تاهیر بەگی جاف
لە کتێبی:
دیوانی ئەدیب
بەرهەمی:
ئەدیب (1874-1932)
 2 خولەک  1080 بینین
سەرفی عومرم کرد چو ڕەمماڵان بە زەوج و فەردەوە
وا لە دووی دەرمانی دەردی قەلبی غەم پەروەردەوە
کوشتەیی لەعلی لەبی لەیلایی ئەحمەرچوردەوە
تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە
دەس بەئەژنۆ، قوڕبەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە
سەیدی داوی زولفی تۆم بۆ چی دەبێ بێگانە بم
بێ خەتا، کووکووزەنان، مەحبووسی ئەم وێرانە بم
بۆ تەماشای ڕووت عەزیزم، چاکە بەس بێگانە بم
ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من دەبێ دێوانە بم
عاشقی تۆ، نەوعی مەجنوون وا بە کێو و هەردەوە
شیفتە و حەیرانی یارم، وا مەزانە غافڵم
عەندەلیبی پڕ فوغان و ناڵەیی زاری گوڵم
چاکە ئینسافت هەبێ، جارێ دەڵێی: من عادڵم
مەڕحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم
نازی پاپۆچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە
گیانفیدایی غەمزەیی خاڵ و خەتی سیحرافەرین
دڵبەرا شادیم لە دڵ دەرچوو، غەمت بوو جێنشین
چاوەکەم ساتێ کەڕەم کە ئەی غەزاڵەی نازەنین
هەر وەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین
تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە
موژدەیی وەسڵت لە بۆمە کەی دەنێری ئەی سەنەم
داستانی شەرحی هیجرانت لە خدمەت کەی بکەم
دائیمەن پەژموردە، ناشادم، غەریقی بەحری غەم
یەک نەفەس چاکی نەهێنا کەعبەتەینی بەختەکەم
شەش دەرم گیراوە داماوم بە دەستی نەردەوە
بێنەوا و دەردمەند و دەربەدەر، سەرگەشتە خۆم
بۆتە زیکری ڕووی لەتیفت، ویردی قەلبی گفتوگۆم
نامەوێ مڵکی عەجەم یا پادشایی خاکی ڕۆم
چونکی من پەشماڵی باڵا و بۆسەچینی کۆڵمی تۆم
چی دەکەم ئیتر لە سەیری باخ و بێنی وەردەوە
ڕوویی خوێنڕێژت وەدەرخە، حاجەتی خوودی نییە
حەلقەیی زولفت نەزیری دەرعی داوودی نییە
هەر وەکوو دەردی ئەدیبیناسناوی ئەدەبی ڕوویی بێهبوودی نییە
ئیلتماسی (تاهیر)ی بێچارە قەت سوودی نییە
تۆ کە دایم شەڕفرۆشی بەو دڵەی وەک بەردەوە