کێ ڕچەی کوتا؟

کورتەمێژووی شێعری نوێ لە کوردستانی ئێران
لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 11 خولەک  2944 بینین

لە سەدەی هەژدەهەمدا تاقمێک نووسەری فەڕەنسی دژی شێعر ڕابوون. لە ڕاستیدا مەبەستیان لە دژایەتی دەگەڵ شێعر، دژایەتی دەگەڵ کێش و سەروا (قافیە) بوو. ئەو ئەدیبانە کێش و سەروایان بە شتێکی بێسوود دەزانی. بۆ سەلماندنی ئەو بیروڕایەیان دەیانگوت کێش و سەروا دەبنە بەرهەڵستی شاعیر لە پێناو دەربڕینی مەبەستدا.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەیەکی دیکە لە ئەورووپا سەری هەڵدا کە بزووتنەوەی شێعری نوێ بوو. ئەو جار شاعیرەکان بۆخۆیان بوونە ئاڵاهەڵگری ئەم ڕاپەڕینە و مەبەستیان وەکوو جاری پێشوو دژایەتی دەگەڵ کێش نەبوو، بەڵکوو پێیان وا بوو بنەمای شێعر و شاعیری هەر «کێش»ە و بەو پێیە شێعر و مۆسیقاش پێکەوە خزمن.

ئەو بزووتنەوە نوێخوازییەی ئەورووپا لە سەرەتای شۆڕشی دەستووری (مەشرووتە)دا (١٩٠٦) و تەنانەت پێش ئەویش بە وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی ئەورووپا لە ئێراندا پەرەی گرت و شتی تازە و بیری نوێ ڕوویان دە وڵاتی ئێران کرد.

«نیما یووشیج» (عەلی ئیسفەندیاری) یش (١٨٩٥ - ١٩٥٩) کە بە باوکی شێعری نوێی فارسی ناودێر کراوە، لە قوتابخانەیەکی فەڕەنسیدا خوێندوویە و شارەزای زمان و ئەدەبیاتی فەڕەنسا بووە. دیارە ئەو شارەزایییە، ڕچەی نوێخوازی پێشان داوە و ئەویش بوێرانە شکاندوویە. لە ئێراندا زۆر کەس ئەو نوێخوازییەیان بەبێ سەرەوبەرەیی دەزانی و شێعری نوێیان پێ وڕێنە بوو، بەڵام شێعری نوێ لە بوار کل نەبوو و خۆی سەقامگیر کرد.

کورد بە پێچەوانەی دەروجیرانەکانی زۆر نامۆی شێوەی شێعری نوێ نەبووە و هەر لە سەرەتاوە لەبەر ڕووناکیی بەیتە فۆلکلۆرییەکانەوە گوێی بەو شێوەیە ڕاهاتووە. هێندێک پێیان وایە ئەدەبیاتی فۆلکلۆریکی کورد لە سەردەمی پاشایەتی سەفەوییەکان (١٦٧٨ - ١٧١٥) دا سەری هەڵداوە و تەمەنی ئەو ئەدەبیاتە لەو سەردەمە کۆنتر نییە، بەڵام چونکە مێژووی دانانی بەیتەکانی دیاری نەکراون، ناکرێ پشت بەو وتەیە ببەستین و هەروەک بۆچوونێک جێگای سەرنجە.

زۆربەی بەیتە فۆلکلۆرییەکانی کوردی بە شێعری جوان و تەڕ و پاراو لە سەر کێشی خۆماڵی و تایبەتیی کوردی داڕێژراون. لە هێندێکیاندا تەنانەت سەروا و سەنعەتی شێعریش لەبەر چاو گیراوە، بەڵام دانەرەکانیان خۆیان لەبەر شەکەت نەکردووە. واتە ئەو دابە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە شاعیر لە مەبەستی بنەڕەتی دوور کەوێتەوە. ئەگەر زانیویە قافیە دەیخاتە تەنگانەوە، زۆری لە سەر نەڕۆیوە و زووی بڕیوەتەوە. دیارە زۆربەی بەیتەکان دانەرەکانیان نەناسراون و هەر بە دەم بەیتبێژە دەنگ خۆشەکانەوە لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی دی ژیاونەوە. وێشناچێ هەموو شاعیری بەیتەکان بێسەواد بووبن.

دە بەیتی «زەمبیل فرۆش» دا دیارە کە دانەرەکەی خوێندەوار بووە و بۆ ئەوەی خوێندەوارییەکەی دەربخا، بەیتەکەی بە وشەی عەڕەبی و فارسی ئاخنیوە و تەنانەت بە کێشی عەرووزیش دەستی پێکردووە:

«حەق! دڵ وەرە جارێک بە جۆش،

جامێ جە ئەشقە مەی بنۆش،

کین قەزیەتی زەمبیل فرۆش،

فەسیح بکەم حیکایەتێ،

دەست دە کورسی سەناعەتێ.»

بەیتی «لاس و خەزاڵ» یش یەکێکە لەو بەیتانەی کە زۆر وەستایانە داڕێژراوە. میسرەعەکانی کورت و درێژن، بەڵام لە کاتی درێژبوونەوەی میسرەعەکانیشدا کێشی بەیتەکان پارێزراوە:

«یای خەزاڵ، نە قەولت قەولە، نە شەرتت شەرتە، نە دینت دینە،

هەزار باری دە نەحلەتانت ببێ لە پیرەداکێ، لە برای گچکەڵە،

لە بابی ڕدێن شینە،

ئەمن بۆ تۆ دەچوومە کوێستانی عەزیم و بوزورگینە،

دەسکێکی سوێسن و هەڵاڵەم دەچنینە،

دەسک بە دەسکم کردن بە ئاوریشمی دووکانێم بەستینە.»

عەلی بەردەشانی کە شاعیری هێندێک لە بەیتەکان بووە و وێدەچێ سەوادیشی بووبێ، لە داڕشتنی بەیتەکاندا ئەوەندە شارەزا و وەستا بووە کەس نەیویراوە خۆی لە قەرەی بدا. بەیتی «خەزێم» کە وا دیارە ئی وی بێ، ئەو لێهاتوویییە دەردەخا:

«سەد وەستام دەوێ لە بانی کۆیە

هەشتا لە مووسڵێ شێست لە شنۆیە

کراس بدروون لە گوڵی لیمۆیە،

دەبڵا تەنک بێ

ناسک و شلک بێ

بۆ چاوهەڵۆیە.»

بەیتە فۆلکلۆرییەکان و شێوەی داڕشتنیان کە بۆن و بەرامەی خۆمالێیان پێوەیە، بوونە بنەمای داڕشتنێکی نوێ کە شێعری نوێی ئەمڕۆشمان دەگەڕێتەوە سەر ئەو بنەمایە و هەر ئەو بۆن و بەرامەیەی لێدێ. سەرەڕای ئەوەش ناکرێ چاوپۆشی لە دەور و کارتێکردنی ئەدەبیاتی دەروجیرانان بکەین. لە کوردستانی عێراق «شێخ نووری شێخ ساڵح» (١٨٩٦ - ١٩٨٥) و «گۆران» (١٩٠٤ - ١٩٦٢) لە ڕێگای ئەدەبی تورکی عوسمانییەوە ئاشنای شێوەی نوێ بوون و شێعری کوردییان تازە کردەوە. گۆران کە گیانی وەبەر شێعری نوێی کوردی نا، زمانی ئینگلیزیشی دەزانی و شارەزای ئەدەبی بێگانە بوو. بۆ هێنانە بەرچاوی کارتێکردنی ئەدەبی بێگانە دەکرێ ئیشارە بە شێعری «سۆنێت» (Sonett) بکەم کە جۆرە شێعرێکی ڕۆژئاوایییە و لە سەدەی سێزدەهەمدا لە ئیتالیا سەری هەڵدا و هەموو ڕۆژئاوای گرتەوە. ئەم شێوە شێعرە فرەچەشنە، شێوەی ئیتالیایی یازدە بڕگەیە و فەڕەنسی دوازدە و ئینگلیزی دە. قافیەی یەکەم و سێهەم، دووهەم و چوارەم لە شێعری «سۆنێت» دا وەک یەکن و لە کۆتاییشدا دوو قافیەی جووت بە دوای یەکدا دێن. شێعری «دواسەرنج»ی گۆران نموونەی هەرە سەرکەوتووی «سۆنێت»ە. دیارە مەولەوی و مەلای جزیریش شێعریان بەو شێوەیە هەیە.

گۆران بۆی دەرکەوت کە کێشی عەرووزی دەگەڵ تەبیعەتی زمانەکەمان ناگونجێ و کێشە خۆماڵی و فۆلکلۆرییەکان کە لە باوک و باپیرانەوە بۆمان بە جێ ماون، باشتر دەگەڵ سروشتی زمانەکەمان ڕێک دەکەون.

بەر لەوەی بێمە سەر شێعری نوێ لە کوردستانی ئیران، پێویستە یادێکیش لە «حەسەنی سەیفی قازی (سەیفولقوزات)» (١٨٧٧ - ١٩٤٤) بکەم کە ڕێبازێکی تایبەتی هەڵبژارد و هەنگاوی بەرەو نوێ بوونەوەی شێعر هەڵگرت و شێعری کوردی لە وشەی ڕەق و عەڕەبی بژار کرد.

سەیفی قازی کە بە مامۆستای شاعیرانی موکریان ناسراوە، ئەوەی بۆ ڕوون ببۆوە کە دەبێ وشەی پەتی و ڕەسەن لە دێ و لە نەخوێندەوار فێر بین و کێشی شێعر لە فۆلکلۆری کۆن وەرگرین.

هەر کە باسی شێعری نوێ لە کوردستانی ئیران دێتە گۆڕێ، ناوی «سوارە ئێلخانیزادە» (١٩٣٧ - ١٩٧٥) دەبێتە ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی هەراوی ئەو باسە. هەرچەند کاکە سوارە سێهەم کەس بوو کە لە کوردستانی ئێران دەستی بە دانانی شێعری نوێ کرد، بەڵام لەو مەیدانەدا بوو بە شاسوارێکی لێهاتوو و شێعری نوێی گەیاندە لووتکە. «خەوەبەردینە» کەشی بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە:

«لە ناو ئەو هەموو ئاوە هەر چاوەیەک باوی هەنگاوی خۆشە

بە تەنیا ئەوە شارەزای کۆسپ و کەنداڵی ڕێیە

هەوەڵ مەنزڵی ڕێیە، ئاواتی بەرزی زرێیە

ئەزانێ لە هەڵدێرە هاتی بەهێزی

لە ئەسکوند و چاڵایە هەڵدان و گێژی.»

سوارە و فاتیح شێخەلئیسلامی (چاوە) و عەلی حەسەنیانی (هاوار) کە سێ سواری لێهاتووی مەیدانی شێعری نوێن، لە زانستگای تاران یەک دەگرنەوە. دیارە دە پێشدا هەر سێکیان بە فارسی شێعریان دەست پێکردووە.

 

عەلی حەسەنیانی (هاوار) کە لە ساڵی ١٩٥٩دا - دوو ساڵ بەر لە سوارە - دەچێتە زانستگای تاران، وردەوردە بە هاندانی هاوکلاسەکەی «سەلاح موهتەدی» کە کوردیزان و شێعرناسێکی باش بوو، بە لای شێعری کوردیدا کل دەبێ. هاوڕێیەتی سەلاح پێی عەلی حەسەنیانی (هاوار) بۆ خزمەت خودالێخۆشبوو حاجی «ڕەحمان ئاغای موهتەدی»، بابی سەلاح دەکاتەوە. حاجی ڕەحمان ئاغا کە شارەزایییەکی باشی لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەبێ، چاوی عەلی بە شێعری شاعیرانی کلاسیکی کورد ڕوون دەکاتەوە. لەو سەروبەندەشدا دەگەڵ فاتیح شێخەلئیسلامی (چاوە) ئاشنا دەبێ. فاتیح وا دەکا عەلی دەگەڵ شێعری مامۆستا گۆران ئاشنا بێ. شێعری گۆران لە لایەک و خودالێخۆشبوو حاجی ڕەحمان ئاغا لە لایەکی دیکەوە، دەبنە هاندەری هەرسێک شاعیری ناوبراو کە زیاتر بە کوردی شێعر دانێن. سەلاح موهتەدیش لە لاوە دنەیان دەدا کە چوارچێوەی شێعری کلاسیک تێک بشکێنن و ڕوو دە شێعری ئازاد بکەن.

سەرەنجام عەلی حەسەنیانی (هاوار)، ساڵی ١٩٥٩ بە شێعری «جەللاد» بوێرانە ڕچەی شێعری نوێ لە کوردستانی ئێران دەشکێنێ:

وەرە جەللاد!

وەرە گیانم هەموو لەت لەت بکە تاکوو بزانی چۆنە ئیمانم

ئەتۆ جەللاد!

ئەگەر دەربێنی ئێسکانم،

ئەگەر بێنی لەبەر چاوم بکووژی گشت عەزیزانم،

بە وەڵڵاهی،

بە خاکی پاکی کوردستان،

ئەمن کوردم،

قەتیش ناڵێم پەشیمانم.

هاوار بە دوای شێعری «جەللاد» دا، شێعرێکی دی بە ناوی «بۆمباران» دەخوڵقێنێ. دەڵێن مامۆستا هێمنی نەمر کە چاوی بە شێعری «بۆمباران» دەکەوێ دەڵێ: «میللەتێک کە لە ئەدەبیاتەکەیدا ئەو شێعرەی هەبێ هەرگیز نامرێ.»:

جار جار قڕەی قەل،

لە بنەی دار و باخ،

یان دەنگی کوندێک،

لە لای شاخ و داخ،

یان لوورەی گورگێک،

لە لای تەل و گرد،

بێدەنگیی دێیان لە نێو لادەبرد...

 

جار جار دوو لک دار،

هەروەک دوو دڵدار،

سەریان وێک دێنا، سرتەیان دەکرد...

دوای «بۆمباران» فاتیح (چاوە) یەکەم شێعری نوێی خۆی دادەنێ کە لەوانەیە شێعری «زستان» بووبێ:

چەند ڕۆژێک بوو

باوکی نازدار

چووبوو جلی بۆ بستێنێ:

«کراسی جاو

سەڵتەی بەروپشت بەلاشە

نازداری خۆم پێی داپۆشێ ڕووتیی لاشە»

پاشان چاوە بە کۆمەڵێک شێعری سەرکەوتووی وەک «شەوە»، «بووکی کۆست کەوتوو»، «گژەبا» و... سوارچاکیی خۆی لەو بوارەدا دەسەلمێنێ.

بە دوای چاوەدا سوارە شێعری «شار»، لە سەر کێشی شێعری «کەژاڵێ»ی «هاوار» دەخوڵقێنێ.

دیارە «کەژاڵێ»ی «هاوار» - کە ساڵی ١٩٦١دا دانراوە - و «هەسێرەکەم»ی «چاوە» - کە دوای «کەژاڵێ» دانراوە - و «شار»ی «سوارە» - کە دوای «کەژالێ» و «هەسێرەکەم» دانراوە - هەرسێک لە سەر کێشێکن. وێدەچێ «شار» یش یەکەم شێعری نوێی سوارە بووبێ:

 

گوڵم

دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ

دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

دەڵێم بە جامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم

عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم

لە دەردی ئینتیزارەکەت

هەتا بەرەبەری ساڵی ١٩٦٤ ماڵە حاجی ڕەحمان ئاغا موهتەدی مەکۆی ئەدەبدۆستان بووە و کۆڕی ئەدەبی لێ گیراوە، بەڵام لە نەورۆزی (١٩٦٤) دا هەرسێک شاعیر (هاوار، چاوە و سوارە) دەگەڵ تاقمێکی دی، بە تاوانی کوردایەتی، لە زیندانی «قزڵقەڵا»ی تاران - ئەو دەم بەندیخانەی «ئێوین» دروست نەکرابوو و «قزڵقەلا» جێگەی زیندانییە سیاسییەکان بووە - دەگیرێن و پاشان کە بەر دەبن، کۆڕە ئەدەبییەکە خاو دەبێتەوە و نامێنێ. سوارە شێعری «سوورەقەڵا» لە بەندیخانەی قزڵقەڵا دادەنێ:

لە چاو تۆ «باستیل» بەهەشتە «ئاڵکاتراز» یش جێگای گەشتە

«شیلان» بە ڕەنگی وەک شیلان بۆتە جێی دیلان، بۆ دیلان

سوورەقەڵا

دایکی بەڵا

بەداخەوە مەرگ مەودای سوارەی نەدا لەو بوارەدا زیاتر باژوێ و زوو ماڵئاوایی لێکردین. بەو هیوایەی «هاوار» و «چاوە» هەروا سەرکەوتووانە باژوێن و ئۆخژن لە دڵی تامەزرۆیان نەبڕن.

ئەو سێ شاعیرە (هاوار و چاوە و سوارە) لە کوردستانی ئێران سێپەکی شێعری نوێن و لەوەتی ڕچەی شێعری نوێش کوتراوە، گەلێک شاعیری لێهاتووی دیکە سەریان هەڵداوە و بەرەو سەرکەوتن داژوێن.

 

 

سەرچاوەکان:

١ - «تحفەمظفریە»، گرداری ئۆسکار مان، پێشەکی و ساخکردنەوە و هێنانە سەر ڕێنووسی کوردی: مامۆستا هێمن

٢ - پاشەڕۆک، هێمن

٣ - ئەنجومەنی ئەدەبی، ئەمین فەیزی بەگ

٤ - کۆمەڵێک نامەی عەلی حەسەنیانی (هاوار)

٥ - «وزن شعر فارسی» دکتر پرویز ناتل خانلری

٦ - «مجموعە مقالەها»، صمد بهرنگی