من و کەرەج

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1173 بینین

دەمەوێ بڕێک بە قسەکانم بدەم و با بدەمەوە سەر دوو هەواڵی سێ تفەنگدارەکە کە بریتی بوون لە قزڵجی و زەبیحی و هەژار:

لەو سەردەمانەدا کە مەلا مستەفا لە ڕووسیاوە گەڕابۆوە بەغدا، قزڵجی سەروکەللەی پەیدا بۆوە. دوای گەڕانەوەی لە تاران، ماوەی دوو ساڵ لە هەڵەبجە لە ماڵی شێخ ئەحمەد، نوشتەنووسی کردووە و ڕیشی هێشتۆتەوە و نان و دۆی تەکیەی خواردووە. هاتەوە بەغدا. مەلا مستەفا بردیە لای کاربەدەستانی دەوڵەت، دەستەبەر بوو کە ئەم پیاوە عراقییە؛ ترسی نەما. ئەویش وەک باسم کرد عەکاسیی دەکرد و عەرەبیشی بۆ ڕادیۆ دەنووسی.

لە ساڵی ١٩٦١دا کە بارزانی دەگەڵ قاسم تێک گیران و شەڕ هەڵگیرسا، قزڵجی زۆر دەترسا کە هەر چونکە بارزانی ئەوی بە دەوڵەت ناساندووە، بیگرن. منیش تازە لە مۆسکۆ گەڕابوومەوە. حیزبی کۆمۆنیستیی عێراق بە من و قزڵجییان ڕاگەیاند کە ئەگەر پێتان خۆش بێ لە ئەڵمان دادەمەزرێن و دەکرێنە مامۆستا لە دانشگا. من قبووڵم نەکرد؛ گوتم: ئەگەر لە ئەڵمان بام و بارزانی لە دەوڵەت هەڵگەڕاباوە، لەوێوە دەهاتمەوە. قزڵجی قبووڵی کرد و ناردیان. بەڵام لەباتی ئەڵمان بردیانە بولغاریا. وتاری توودەی دەکردە کوردی و دەگەڵ کەریم حیسامی تەسجیلیان دەکرد و لەسەر ڕادیۆ «پەیکی ئێران» لە ئەڵمانی ڕۆژهەڵاتەوە دەخوێندرایەوە. دەمێک بوو ڕادیۆکە نەمابوو، هیچ خەبەرمان لە قزڵجی نەبوو. لەپڕ سەروکەللەی لە تاران پەیدا بوو؛ کە پاش سەرکەوتنی ئینقیلابی ئیسلامی، دەگەڵ «ئیحسان تەبەری» هاتبۆوە. لەسەر ڕۆزنامەی «مردم»ی توودە دامەزرا؛ بەشە کوردییەکەی بۆ دەنووسین. جار جار دەهات لە کەرەج سەری دەدام، چەند ڕۆژێک پێکەوە دەژیاین. بەڵام قەت ئادرێس و تەلەفۆنی خۆی نەدامێ! حیزبی توودە کردبوویە کاندیدای بۆکان لە ئینتیخاباتدا؛ لەوێ سەرنەکەوتبوو. تا لەپڕ خەبەر هات کە هەرکێ دەنکە جۆیەکی توودەی خواردووە گیراوە. بیستمانەوە کە قزڵجی دەگەڵ «عەلی گەلاوێژ» گیراون. تا لە ڕۆژی ٢٧ی سپتامبری ١٩٨٤دا بیستمان کە لە زیندانی «ئێوین»دا وەفاتی کردووە و تەنانەت نەمانزانی قەبرەکەشی لە کوێیە...

«زەبیحی» - وەک باس کرا - دەگەڵ کۆمەڵی برایم و جەلال کاری دەکرد. کە ئەوانیش بوونە هەواڵی دەوڵەتی بەعسی، زەبیحی ڕێگەی دەرک و دیوانی بۆ کرایەوە. گەیشتە ڕادەیەک کە هاتوچۆی قەسری جمهووری دەکرد. جارێک - نەمزانی چۆن بوو - بێسەروشوێن بوو؛ دوو ساڵ خەبەریم نەزانی. لەپڕ هاتەوە سەر دنیا و گوتی لە ماڵێکدا حەپسیان کردبووم. دیسان وەقەدر کەوتەوە. «بەختیار» - کە سەرۆکی ئەمنیی ئێران بوو - لە دژی شا چووبووە دەر و لەوێوە هاتبووە بەغدا. زەبیحی کرابووە وەکیلی دەوڵەت و یاریدەری بەختیار. کە بەختیاریش بە فیکی شای ئێران کوژرا، دیسان هەر هاتوچۆی ژنی بەختیاری دەکرد و کاری لە دەوڵەت بۆ پێک دێنان. ڕۆژێک بە نیوە گاڵتەوە گوتم: ئەو بەختیارە فەقیرت چۆن بە کوشت دا! تووڕە بوو، حاشای کرد. گوتم: کاکە تۆ دەتگوت هەر کەس لە ئێرانەوە بێتە لای بەختیار، تا من قۆڵی لەسەر نەکێشم و نەڵێم باشە، قبووڵی ناکا. دەیسا چۆن ماشیننووس و خزمەتکاری بەردەستی قبووڵ کرابوون! کە هەر ئەوانیش ساواکیی بوون و لە دەشت بەختیاریان کوشت.

من لە شۆڕش و ئەو لە بەغدا خەبەرمان لێک نەما. پاش شکانی شۆڕش و هاتنمان بە دیوی ئێراندا و پاش ئینقیلابی ئیسلامی و شا ڕووخان، گوتیان: زەبیحی هاتۆتە مەهاباد شێخ عیززەدینی دیتووە. ڕۆژێک بە تەلەفۆن قسەی دەگەڵ کردم، گوتی: نازانم چۆنت ببینم؟ گوتم: ئەگەر ناتوانی بێیتە کەرەج وەرە شارە گەورەکە... پاش ماوەیەک شەوێک لە بەغداوە تەلەفۆنی کرد؛ حاڵی پرسیم: گوتم: ئەوە ئەم هاتوچۆ و هەڵبەز هەڵبەزەت لە چییە؟ بۆ فەرهەنگەکەت چاپ ناکەی؟، گوتی: ئەم زستانە چاپی دەکەم. گوتیان هاتۆتە لای برای شێخ عیززەدین (شێخ جەلال)، لە ڕێگە دیموکرات گرتوویانە و چەک و پارەیان لێ گرتووە و بەریان داوە. ئیتر ناوی نەما. پاشان گوتیان لە عێراق بەعسیی کوشتوویانە. ئەویش زۆر ئەسەح نەبوو. تا خەبەری ئەسەحم دەس کەوت کە هاتووە بۆ ئێران و لە نزیک تەورێز گیراوە. ئیتر لەو ساوە ئەویش وەک وەفایی: ئاخری خێر بێ، دەمێکە بێسەروشوێنە...

لە سێ تفەنگداران جارێ هەر من ماوم. کوا بزانین من چۆن شرت و گوم دەبم؟ خوا ئەیزانێ...

مەحویی شاعیر دەفەرموێ:

بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم؛ ئەجەل زوو بە!

بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم؟

شاعیرێکی عەرەبی بەر لە ئیسلامیش دەڵێ: «بە بیری من مردن کوێرێکە دەست دەکوتێ. ئەگەر کەسێکی وە بەر نەهات، تا زۆر پیر نەبێ نامرێ...».

لەم شێست و شەش حەو ساڵەی تەمەنم ئەگەر بە باری ئاساییدا لێکی دەمەوە، ڕەنگە دەبوایە سەد جار بمردمایە. ئەوانەی بە منداڵیی ناسیومن، لەو شوێنانەی لێم خوێندوون، لەو گوندانەی لێیان ژیاوم، لەو سەفەرانەی کردوومن و لەو هەموو بەڵایانەی بە سەرم هاتوون، هەزاران کەسم ناسیون کە ئێستا دەپرسم - تاق و وازێک نەبێ - نەماون و هەموویان مردوون. کەچی وا من هەر ماوم و بە دەردی شێخ ڕەزا گوتی: «سەگ مەرگم و گیان سەخت...».

بەڵێ جگە لە دوو تفەنگداری هەوەڵم، سەدان ڕەفیقە ڕێگەم دنیایان بەجێ هێشتووە. خۆم لە بەرد و هەڵەمووت هەڵداشتووە، نەمردووم. برسییایەتی زۆرم کێشاوە، بە نەخۆشیی سیل و دیق و چەندین نەخۆشی تووش بووم، سەدان جار گوللە تۆپ و بۆمبام بە سەردا هاتووە، خەتەری تر تووش بووم و ئێستاش هەر ماوم. جا چۆن نەڵێم مەرگ کوێرە و پەل دەکوتێ؟ با بزانین کەی، ئەم ژیانە گوواویە دەبڕێتەوە...