تەرجەمەی «قانوون» و چەند کتێبێکی تر

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  1066 بینین

«عەلی خانی سەیفی قازی» لە کەرەج جیرانم بوو. ڕۆژێک گوتی: لە کۆیوونەوەیەکی ئەدیباندا چاوم بە جەعفەریان کەوتووە. گوتوومە: پیاوێکی وا شاعیر و کورد هەیە. گوتی: حەز دەکەم بیبینم. دەگەڵیا چووم. بە نیشانەیەکی کە درابوو بە عەلی خان، گەیشتمە جەعفەریان. هەر لە ڕێوە بە عارەبی قسەی دەگەڵ کردم. عەرەبی بە لەهجەی لوبنانی زۆر باش دەزانی. زۆر شارەزای وڵاتی عەرەبان بوو. باسی زۆر لە شاعیران و نووسەرانی عەرەبی لێ پرسیم. عەریزە بۆرە بێ ناوەکەم دایە؛ گوتم: ئاغای جەعفەریان! عەرەب دەڵێ پیاو لە سەریەتی بە قازانجی خۆی حەول بدا؛ بەڵام زەمانە لە سەری نییە ئاوات پێک بێنێ. کە ئەوە شیعرێکی عەرەبییە. گوتی: با بزانین؛ بەڵکوو ئەمجار جێگەی خۆی گرتبێ! دەرکەوتین. تەلەفۆنی بۆ «میرافتابی» کردبوو کە کتێبێکی عەرەبی بدەنێ بە فارسی تەرجەمەی بکا. لەسەر بیری مەلا جەمیل قەرار کرا تاریخی سلێمانی و دەوروبەری - کە ئەمین زەکی بە کوردی نووسیویە و مەلا جەمیل لە بەغدا کردوویە بە عەرەبی - لە عەرەبییەکەوە بیکەمە فارسی. بۆ یەکەم جار لە تاران دەستم لە کارێک بەندبوو کە مانگێ دوو هەزار تمەنم بدەنێ. لە خوا بە زیاد بێ. ڕۆژێکی دیکە مەلا جەمیل گوتی: وەرە پێکەوە بچینە لای جەععفەریان؛ گوتوویە هەردووکتان وەرنە لام. جاری پێشوو کە هەر بە عەرەبی دواندمی، پێم وا بوو ئیمتیحانم دەکا داخوا ڕاستە عەرەبی دەزانم. ئەمجار بە فارسی هەردووکمانی دەدواند. پرسی ئەو کابرای ئەو ڕۆژە دەگەڵت هاتبوو چ بوو؟!

گوتم: مەمنوونی ئەوم کە تۆی بە من ناساند...

گوتی: زۆری لێ دەترسم؛ بۆیە هەر بە عەرەبی دواندمی نەوەکا شتێکمان لەسەر بنووسێ و گوزارش بدا!

بۆ مانگی دووهەم مەعاشەکەم کرا بە دووهەزار و پێنسەد تمەن؛ بەڵام دیسان زۆر کەم بوو؛ بەشی هیچی نەدەکرد.

ڕۆژێک دەگەڵ مەلا جەمیل چووینە ئینتیشاراتی دانشگا، لای «دوکتور فەرەهوەشی». عەریزە تاینەکەم لە پێش دانا. گوتی: بۆ تەجرەبە عەرەبییەکەم بۆ تەرجەمە کە! با بزانم چۆنە. فۆرمەیەکیان دامێ نازانم لە کام کۆنە کتێب بوو. باسی غەیبەتی ئەبووبەکر بوو کە گوتوویە: ئەگەر تووڕە بووم لێم نزیک مەبنەوە؛ نەوەک وەک پشیلە بتانڕنم! تەرجەمەم کرد و بۆم بردنەوە.

گوتم: دوکتور! ئەگەر ئەبووبەکر گورپە پشیلە بووبێ، یان عەلی ئاسک بووبێ، فایدەی بۆ ئێران و قازانجی بۆ کۆمەڵی بنیادەم چییە؟! ئەگەر ئەم قسە قۆڕانەم پێ تەرجەمە کەی، بە خوا تێدا نیم!

دوکتور زۆر پێکەنی، گوتی: کوڕە ئەوی ئەمەی داوە بە تۆ خۆیشی نەیزانیوە چی تێدایە! من دەمەوێ قانوونی ئیبن سینا - کە هەرگیز تەرجەمە نەکراوە - ئەگەر بتوانی بیکەیە فارسی پووڵێکی باشت دەدەینێ.

گوتم: من بە پووڵی تالیف کاری وا ناکەم. من دەمەوێ لە ئیدارەیەک داممەزرێنی. ئەوسا چۆن تۆ دەڵێی با وا بێ.

گوتی: شەرت بێ لە ماوەی شەش مانگدا لە ئیدارە داتمەزرێنم. هەر ئێستاش بچۆ «پەژووهیشی ئێرانزەمین» خەریکی فەرهەنگی فارسی بە کوردی بە! بەو شەرتەی قانوون تەرجەمە کەی.

منێکی کە ئاوبردەی کارێک بووم، گوتم عەرەبی بێ دەتوانم تەرجەمەی کەم. قانوونی دامێ و هاتمەوە ماڵێ. نە بابم حەکیم بووە، نە دایکم هیچی لێ زانیوە... بردمەوە و بە سەرکزی گوتم:

من لە تاوی بێکاری وەک هونەرپیشەیەک بووم کە سیناریۆی نەدیتبێ و قبووڵی بازی کردن لە ڕۆڵێکدا بکا. دەو کتێبە ناگەم. من هەر لەگەڵ کتێبی ئەدەبیاتی عەرەبدا سەر و کارم بووە؛ لەوە سەرم دەرناچێ.

گوتی: تکایە ناهومێد مەبە! بچۆ حەول بدە! ئەگەر مانگێ دوو سەفحەش تەرجەمە کەی قبووڵمە. هەفتەی سێ ڕۆژ بچۆ ئیدارە خەریکی فەرهەنگ بە! سێ ڕۆژیش لە ماڵ بە قانوونەوە خەریک بە!

دیسان هاتمەوە بە سەر قانوندا کورک بووم؛ تا توانیم لە زمانی ئەبووعەلی سینا تێبگەم. چونکە نە وەک هیچ کتێبێکی عەرەبییە و هەمووی وەک لەغز پرسینەوە وایە. ملم لێ نا. زۆر شەوان گوێم لە بانگی سبەینە دەبوو؛ من هەر خەریک بووم. لە ئیدارەش بە هاوکاریی «خانم مەتەوەسیل» - کە سنەیی و لیسانیس بوو - کاری فەرهەنگم دەکرد.

سەر لە هەووەڵ دوکتور فەرەهوەشی مانگێ دوو هەزار تمەنی بۆ قەرار کردم. پاش سێ مانگ بۆی کردمە سێ هەزار. داوای کارمەند بوونی بۆ کردبووم. پاش شەش مانگ تازە گوتیان ئەوراقی لە ئیدارەی ساواک ون بووە، لە سەرڕا دەست پێ کرایەوە. بۆ ساڵی ئایندە قبووڵ کرام کە کارمەندی قەراردادی بم. دوکتور فەرەهوەشی گوتی بە فەوقی لیسانسم قبووڵی و حقووقم یەکجێ بوو بە شەش هەزار تمەن. لە ڕادیۆ و لە پەژووهەش کارم زۆر باش بوو. بیستمەوە کە لە سابڵاغ ئەوانەی حازر نەبوون جوابی سڵاوم بدەنەوە، کەوتوونە پێوشوێنم! یەکێک لە ڕادیۆی سابڵاغ گوتبووی: هەژار هەر زۆر لەمێژە دۆستی ئێران و ساواکیی بووە؛ بۆیە ئێستا مانگێ حەوت هەزار تمەن وەردەگرێ! خەبەرم بۆ نارد کە حقووقم نۆ هەزارە، لێم کەم نەکاتەوە!

سەیید عەبدوڵڵای کولیجی گوتی: دەڵێن تۆ ناوت دەگەڵ ناوی ساواکییانە؛ ڕاستە؟

گوتم: کاکە! قسە زۆر دەکرێن. بۆت مەعلووم دەبێ کە کێ ڕاستە. مەترسە! من خۆفرۆش نیم...

لە دوای تەرجەمەی «تاریخی سلێمانی»، کتێبێکی دیکەیان لە ڕادیۆ دامێ بە ناوی «ئێران و عەرەب» کە بیکەمە فارسی. کابرایەکی مەسیحی بە ناوی «سەلیم واکیم» کە نووسیبووی «ئەندام لە کۆمەڵی تاریخنووسانی دنیادا و گەورەترین تاریخی ڕۆژهەڵاتناس». نزیکەی نیوەم تەرجەمە کردبوو. نووسیبووی: «ئیمام ڕەزا دەگەڵ مەئموون دەچوونە بەغدا، لە نیوە ڕێ لە کەربەلا کوژرا و ئێستا قەبرەکەی زیارەتگایە!...» جاروبارێکیش نووسیبووی خەلیج هی ئێرانە. لە حاشیە نووسیم: «بەداخەوە ئەو کابرایە تاریخزان نەبووە و کڵاوبەردارە. ئەگەر بیڕوانیبایە ئەلمونجید - کە هاودینی خۆی تالیفی کردووە - دەیزانی ئیمام ڕەزا لە مەشهەد مردووە و کەربەلاش لە سەر ڕێگەی بەغدا نییە». جەعفەریان گوتی: من ئەوەم نەزانیبوو؛ بەڵام دەزانم سێ ملیۆن تمەنی لێ ساندووین! کتێبێکی دیکەم وەرگرت: «پەیوەندیی فەرهەنگیی ئێران و میسر»، کۆمەڵێک لە زانایانی زۆر کارامەی میسری نووسیبوویان. بەڕاستی کتێبێکی چاک بوو. دابوویان بە «شێخ ئەمینی نەقشبەندی» - کە گوتبووی عەرەبی دەزانم - چاوی پێدا بگێڕێتەوە. گوزارشی لێ دابووم کە هەژار خراپەی هێندێک لە مەشایخی گوتووە. ئیتر نەیزانیبوو من تەرجەمەی ئەمینم کردووە. لەوەدا ڕووزەردی بۆ مایەوە...

یەکێک بە ناوی «یەزدانپەرست» کە دەبوایە تەرجەمەکانی من ببینێ، گوتبووی مانگێ دەبێ سی ڕووپەڕی تەرجەمە هەر بدا. بۆ جەعفەریانم نووسی: بە سرتە بەو کارمەندەت تێ بگەیەنە کە تەرجەمە - وەک شێلم - بە کیلۆ نییە! تا ئایەتێکی قورعان مانا دەکەم، دەتوانم دە ڕووپەڕ داستانی ئەمیر ئەرسەلان بنووسم! هەر چەند مانگێ پتر لە چل ڕووپەڕم بۆ بردووە.