سولەیمان موعینی (فایق) و هەواڵانی

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 12 خولەک  1526 بینین

لە پاش ڕۆیشتنی ئەحمەد تەوفیق بۆ سنووری تورکیە، «سولەیمان موعینی» خۆی کردە جێنشینی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا. ڕەنگە ئەوانەی زۆری دەگەڵ ژیاون چاتری بناسن؛ بەڵام هیچ وە بەر دڵی من نەدەکەوت. دەیانگوت داوێن پیسە، دەیانگوت فەرقی گیرفانی خۆی و هەواڵانی لە بەرە، دەیانگوت ترسەنۆکە و ... کە من هەر دەمبیست و خۆم وەک پێویستە نەمدەناسی. هەر هێندە بوو مەرحەبا و چاک و خۆشیمان پێکەوە هەبوو. چونکە من کارم بە سەر کاری ئێرانییەکانەوە نەبوو؛ بەڵام وەک دۆست و برادەر خۆشم دەویستن. دەمبیستەوە کە موعینی و هەواڵانی پێشمەرگەی دەچنەوە ئێران و چالاکیی دەنوێنن. موعینی برایەکی لە خۆی بچووکتری هەبوو بە ناوی «عەبدوڵڵا»، کوڕی پەسند و ڕند ئەو بوو؛ بەڕاستی زۆر پیاوێکی بەقیمەت بوو. کە بەداخەوە لە نێو گەورکان دەگەڵ «مینەشەم»- کە ئەویش ماڵم هەقە پاڵەوانێک بوو- شەهید کران.

بنکەی موعینی و پێشمەرگەی هەواڵی لە «سونێ» بوو؛ پاشان هاتبوونە دۆڵەڕەقە. یەک لەوانەی هەواڵی موعینی و شەریفزادە بوو، کوڕێکی حقووقی بە ناوی «حەمەدەمین سیراجی» بوو کە زۆر کۆمۆنیستێکی توودەییی دووئاتەشە بوو. پیاوێکی زۆر زیرەک و قسەزان و لەبلەبان و زمانلووس بوو. بەداخەوە هەرچەندی کردم نەمتوانی بە دڵ خۆشم بوێت؛ نازانم بۆچی؟...

دیارە من ئەحمەق بووم و دوای هەستی ئەحمەقانەی خۆم کەوتبووم؛ دەنا هەرچی دەمدی تاریفی دەکرد. یان پێم وایە بۆیە نامۆییم لێ دەکرد کە من لەو کۆمۆنیستە تەکیبوومەوە کە ئەو بڕوای پێ بوو.

«مەلا ئاوارە» ناوێکم لەو برادەرانە دیت، زۆرم کەیف گرتی. بیری یەکجار تیژ بوو؛ زۆربەی شیعری من و یەکجار زۆری شیعری کوردی لەبەر بوو. کە قسەی دەکرد دڵسۆزی بۆ کورد و کوردستان لە قسەکانی دەباری و زۆریان کار لە دڵی گوێگر دەگرت.

ڕۆژێک لە «دەربەند» لەگەڵ مام عەلی عەجەم بووم. نامەیەکم بۆ هات، سولەیمان موعینی نووسیبووی: «ئێمە هەواڵانی ئێرانی- کە چەند ڕۆژێکە لە زینوێ و خەلان ڕایدەبوێرین- بەعام بڕیارمان داوە تۆ بکەینە ڕەئیسی خۆمان و بە موو لە قسەت لا نەدەین. تۆش دەبێ قبووڵ بکەی و دەبێ چاومان پێت بکەوێ». خەبەرم نارد هاتە دەربەند. بە مام عەلیم گوت نیوەڕۆژەیان بۆ ئامادە کات. دەگەڵ سولەیمان بە قەدەم لێدان ڕۆیشتین، هەر من و ئەو. ناوەرۆکی نامەکەی دووپاتە کردەوە و بە چەند سوێندێکی زۆر زل قایمی کرد. گوتم: ئەگەر من قبووڵ بکەم ڕەئیستان بم، نابێ هەر لە ئێستاوە قەت درۆم دەگەڵ بکەن. دەبێ هەموو شتێکتان بزانم. گوتی قبووڵمە.

- کاک فایق تۆ لەو سەفەرانەی کە بۆ کوردستانی ئێرانت کردووە، تەقەتان لە دێی «شێلم جاڕان» کردووە و منداڵێکتان کوشتووە؟ حاجییەکت گرتووە، تا چوار هەزار تمەنت لێ نەستاندووە بەرت نەداوە و دارکاریت کردووە؟ گیشەی وەرزێرانت سووتاندووە چونکە پووڵیان نەداویەی؟ ڕادیۆت لە پشت بەرد شاردۆتەوە و ئانتێلەکەت بڵند کردووە، وات نیشان داوە کە بە بێسیم قسە دەگەڵ بارزانی دەکەی و گوتووتە: قوربان؟ حاجی فڵان هەر پێنج هەزار تمەن دەدا. لێی وەرگرین؟ بەڵێ باشە. خوا ڕاوەستاوت کا! دەستت ماچ دەکا؟! ئەو کارانەت کردووە یا نا؟ نابێ درۆم دەگەڵ بکەی...

گوتی: بەڵێ هەمووم کردوون؛ بەڵام لەوە بەولاوە لە قسەی تۆ دەرناچین.

- کاک فایق با قسەکەت تەرجەمە کەم: تۆ دەفەرمووی من بۆشکەیەکی پڕ لە پیساییم؛ بۆنی دەرچووە. هەژار وەرە بتکەمە سەرپۆشێکی بێ کەلێن، ئەو بۆگەنە داپۆشە! برام نە چاوم لە گەورەیی و سەرۆکییە، نە ئەو کارانەشم بەدڵە. ئێمە لە باتی دڵسۆزی بۆ میللەتەکەمان ببینە چەتە و ڕێگر و باجەستێن لە سەریان، پێم کارێکی بە نامووسانە نییە. خۆت چۆنت ڕابواردووە حیساب بۆ من مەکە! کارم بە کاری کوردستانی ئێران نەداوە.

ئیتر خەبەرم لەو برایانە بڕا؛ نەمدەزانی چ دەکەن. جاروبارێک کە تووشی یەک یان دوانیان دەبووم حاڵێکم دەپرسی و جوابێکم وەردەگرتەوە کە نەمدەزانی تا کوێ گەیون.

ڕۆژێک لە گەڵاڵە بووم. پیرێژنێک هاتە لام گریا، گوتی کوڕەکەم (سەیید...؟) گیراوە لەسەر ئەوە دەڵێن ئێرانییە. تکام بۆ کرد بەریان دا. سەیید چووبوو چەند کەسێکی ڕەگەڵ خۆی خستبوو، گوتبووی مام هەژار دەڵێ بچنە ئێران چەتەیی لە عەجەمان بکەن! چەند تەقەیەکیان کردبوو؛ پۆلیسێکیان کوشتبوو؛ هەڵاتبوونەوە ناو چیای قەندیل؛ کە بە هیچ جۆر ئاگاشم لێ نەبوو.

ڕۆژێک -کە ماڵە مەلا مستەفا لە «قەسرێ» بوو- گوتیان بارزانی بانگت دەکا. گوتی: نۆ پێشمەرگەی ئێرانی- کە ساڵح لاجانی و هەواڵانی ئەون- لای ئێمە گیراون. ئەوانە لە ئێران زۆریان عەزیەتی دەوڵەت داوە. ئێستا ئێرانی سوورن لە سەر ئەوە کە بیندەینەوە. تۆ دەڵێی چی؟

گوتم: قوربان! حیکایەتیان دەزانم. ئەوانە لە لای قەڵادزەوە هاتوونە ئەمدیو. ئیدریس کوڕی تۆ قەولی پێداون کە نایانگرێ و دەیاننێرێتە جەبهەیەکی دوور لە سنووری ئێران. من ڕەوای نابینم بدرێنەوە بە ئێران. ئەگەر هەر بۆ مەسڵەحەتی ڕۆژە، من ئامادەم- کە زۆریش منیان لە لا گرینگە- لە بەرانبەر تۆپێکدا کە بیدەن بە تۆ، خۆمیان تەسلیم کەم! بەڵام هەرگیز ئەو فتوایە نادەم. خۆشت کاری خۆت دەزانی...

گوتی: ئێمە لەو لێقەوماویەدا هەموو لامان لێ بڕاوە، ڕێگەی ئێران نەبێ چۆن دەتوانین ئەوانەیان نەدەینەوە؟ چۆن برایم و جەلال بە سەرماندا زاڵ نابن؟

- من فتوا نادەم؛ هیچکارەش نیم. خۆت دەزانی...

پیرە پیاوێک بە ناوی «حەسەن حەوتەوانە»، لاجانی- زۆر ساڵ بوو پێشمەرگە بوو- دە ئێوارێدا هاتە لام کە عومەری کوڕی تازەلاوێکە و دەگەڵ ئەو نۆ کەسە گیراوانەیە. زۆرم بەزەیی پێدا هات. چوومە تکای ئەو کوڕە. شەو بەریان دابوو؛ گوتبوویان هەڵاتووە. عومەر- کە لە مردن ڕزگارم کردبوو- زۆر جار دەهاتە لام و دەردی دڵی خۆی دەکرد. جارێک دەگەڵ فایق موعینی چوونەتە سەر ڕێگای نێوان سەردەشت و خانێ. گوتی: کاروانێکی کامیۆنی سەربازان- کە چاردە کامیۆنی بارکراو بوو؛ هەر یەکەی سێ یان چوار پاسەوانی لە سەر بوو- بە بەردەمماندا هاتن. ئێمە لە ناو دارستانێکی چوغوردا دەوروبەری ڕێگەمان گرتبوو. دەمانتوانی بە تەنیا دەسڕێژێک بیانکوژین و کاروان ڕووت کەین. کاک فایق- کە سەرکردەمان بوو- فەرمانی ئاگر کردنی نەدا:

- کاک فایق لەوە چاتر قەت هەڵناکەوێ!

- نەخێر ڕازی نییم تەقە بکەن، خەتەرە!

جا توخوا ئەگەر کاک ئەحمەد بوایە، دە سەر ئەو پارووە چەور و نەرمە دەچوو؟ چۆنت دەوێ تا خەتەر نەبێ؟ بەجێم هێشتووە و هاتوومەوە...

کوڕێکی تری ئەم مام حەسەنە (برایم)، لە پشت شێلم جاڕانی لاجان کوژرا. ئەو عومەرەش لە شەڕی «دۆڵی خدراوێ» دێموکراتی ئێران- کە دەگەڵ دەوڵەتی خومەینی کرا- بە تەیارە کوژرا.

ڕۆژێک ئێوارە ئەحمەدی بارام میرزام دی کە لە دەستە و دایرەی جەماعەتی موعینی بوو. گوتی قەراریان داوە بچنەوە ئێران و شۆڕش هەڵگیرسێنن؛ بەڵام من ڕامکردووە و دەگەڵیان ناچم. گوتی مام عەلی عەجەم لە بنکەی بەجێ ماوە و هێشتا نەچووە. خەبەرم بۆ مام عەلی نارد کە ئەگەر ناچێ بۆ ئێران با بێتە لای من. هاتە لام و تا ئاخری شۆڕش لێک هەڵنەبڕاین و بنکەم تەسلیمی ئەو دەکرد؛ وەک گوڵ پێ ڕادەگەیشت.

بیستمەوە کە دوای ئەوەی لە بارزانی و شۆڕشەکەی ناهومێد بوون، ویستوویانە بۆ خۆیان لە ئێران کارێک بکەن. حەمەدەمینی سیراجی لە هەمووان دڵگەرمتر بووە کە دەبێ هەر بچین. شەوێک لە دۆڵەڕەقە ڕۆیشتوون و حەمەدەمین تا سەر سنوور دەگەڵیان بووە، گوتوویە برا وا باشە من بچم دەگەڵ دەوڵەتی عێراق قسە بکەم و چەک و ئەسپابتان بۆ وەربگرم. خۆی لێ دزیبوونەوە و خۆی گەیاندۆتە بەغدایە و ماتەی هەڵگرتووە. پێشمەرگە ئێرانییەکان کەوتوونە چیاوە و تووشی شەڕ و بە کوشت چوون هاتوون و سیراجی هیچ خەبەری نەبووە و بێسەروشوێنە. جا ئێستاش تا باسی شەهید بوونی سمایلی شەریفزادە و مەلا ئاوارە دەبیسم، گورجێ چڕوچاوی پڕ لە فێڵ و فەرەجی سیراجیم دێتە بەر چاو. لام وایە هۆی بە کوشت چوونیان ئەو کابرا زیرەک و بێبارەیە، کە ئەوانی هەڵناوە و خۆی لێ دزیونەوە. من بڕوام وایە؛ ڕەنگە واش نەبێ. ئەوا خوا دەیزانێ... لەم بەینانەدا کە ئەو برادەرە ئێرانییانە لە دژی ئێران خەبات دەکەن و لە شۆڕشی بارزانی تەکیونەوە و پێشمەرگەی شۆڕشی عێراق بە کارتێکدەریان دەزانن، ژن و کوڕی فایق موعینی لە سەنگەسەرە و لە ماڵی حەسۆ میرخانی ژاژەڵەییە. فایق چۆتە سلێمانی؛ چاوی بە فەرماندەی ئەرتەشی پێنجەم کەوتووە، قەولی چەک و یارمەتی لێ ساندووە. چۆتە بەکرەجۆ لای جەلال تاڵەبانی کە چەکداری دەوڵەتن و دژی بارزانین. هاتۆتەوە شاری سلێمانی، میوانی شێخ لەتیف بووە. نامەیەکی بۆ حەسۆ میرخان نووسیوە کە: ئێوە ژن و کوڕی منتان داگیر کردووە؛ کارێکی زۆر نامەردانەیە. ئەگەر نەتانگرتوون؛ بیاننێرنە سیتەک؛ بۆ ماڵی شێخ لەتیف. ویستوویە لە سنووری بانەوە بڕواتە دیوی ئێران؛ لە سەر چوارڕێیانی سیتەک-چوارتا، جیپەکەیان ڕاگرتووە کە فایقی تێدایە. «سدیق ئەفەندی» ناوێکی لە کۆنەوە پێشمەرگە و خەڵکی سلێمانی، کە هەموومانی باش دەناسی دایدەبەزێنێ:

- کاک فایق کارم بە تۆیە.

فایق بە لیباسی فەقێییەوە، بێ چەک دەڵێ من فایق نییم و ناوم مەلا قادرە.

- هەر چییەک بێ ڕەگەڵم کەوە!

ڕۆژێک کە بۆ کاری چاپخانە- کە ئەودەم لە سوورەبان بووین- چوومە ماڵی بارزانی، گوتی:

- ئەگەر بتەوێ دەتوانی فایق موعینی ببینی و قسەی دەگەڵ بکەی. با هەرچی دەیزانێ دەربارەی قاید فیرقەی پێنج و جەلال و جاشەکانی بەکرەجۆ، پێمان بڵێ؛ دەنا ئەوە ئێرانی داوای دەکەنەوە و لە خەتەردایە.

چوومە «وەسان» فایقم دیت کە دەگەڵ پێشمەرگەیەک بە ناوی «خەلیل شەوباش» لە ماڵێکی چۆڵدا حەبس کرابوو. دوو چەکداری بارزانی لە دەرک و سەربان بوون. پێکەوە دانیشتین، کاک فایق نەقڵی گیرانی خۆی و شەوباشی بۆ گێڕامەوە. کە گوتم ئەگەر هاوکاری دەگەڵ شۆڕشی بارزانی نەکەی، زۆر لە چارەنووست دەترسم، گوتی: ئەوانە یاریدەمان نادەن. تەنانەت برینداریشمان بۆ دەرمان ناکەن. حازر نییم هیچ هاوکارییەک بکەم...

گوتم: کاکی خۆم! دەڵێن تەیری گۆشتخۆر دندووکی خوارە. تۆ پیاوی ئەو کارانە نەبووی! بە زۆر بە ملە خۆتدا هێنا و نەشتزانی چ دەکەی. ئەگەر من بوومایە لە جیاتی تۆ، کە دەمزانی دوژمنایەتیی بارزانی دەکەم و بە وڵاتی بەردەستی ئەودا دێم و دەچم، هەر بە شەو بەبێ ڕێ، بە ناو دارستاندا سەفەرم دەکرد. هەمیشە چل تفەنگچییەکم دەگەڵ دەبوو؛ لە سەر هەست و دەست لە سەر پەلەپیتکە. تووشی هەر ڕێبوارێک دەبووم، نەمدەهێشت بڕوا و خەبەرم لێ بدا، دەمبەستەوە تا زۆر دوور دەکەوتمەوە. بۆ چەند کیلۆمیتر لە پێشەوە ڕێگەیان بۆ تاقی دەکردمەوە و هەمیشە دەستەیەک لە دواوە دەیانپاراستم. لە کوێ دەنگ درابام دەمکردە تەقە و خۆم ڕزگار دەکرد. لێم ڕوونە ئەحمەد تەوفیق لە جیاتی تۆ ئەمەی بکردایە، زۆر بە هاسانی پێکی دێنا و دەگیر نەدەکەوت. تۆ دەزانی «حەسۆ» شیری کەریشی خواردبێ، تێدەگا کە تۆ داوا دەکەی ژن و کوڕت بچنە «سیتەک»، مانای وایە خۆت لەو ناوەی و دەتەوێ بیانبینی. جوابت بۆ دەنووسێتەوە کە ژنی تۆ خوشکی منە و کوڕی تۆم لە کوڕی خۆم هەڵناواردووە؛ ئەوا بۆم ناردیە سیتەک. سدیق ئەفەندیت لە سەر ڕێگە دادەنێ کە باشت دەناسێ و دەتگرێ. تەنانەت دەمانچەیەکیشت پێ نییە دیفاع لە خۆت بکەی. چۆن کەسێک بە ئاشکرا دژی بارزانی بجووڵێتەوە و هەموو کەسیش بیناسن، دەچێ سوای جیپی مسافربەری دەبێ و بە نێوەڕاستی جادەدا سەفەر دەکا و دەیەوێ بچێ بە چەک و ئەسپابی دوژمنانی بارزانی لە ئێران کار بکا و بە عەقیدەی بارزانی زیان لە شۆڕشەکەی ئەو بدا؟! زۆر بەداخەوە پیاوی ئەو کارە نەبووی. خۆزیا ئەحمەد تەوفیق با. زۆریش بۆ ئایندەت دڵتەنگم؛ بەڵام دەستم ناڕوا. ئەوەندەی بتوانم حەولی خۆم دەدەم کە لە کوشتن ڕزگار بی.

ئەوە دوامین دیدارم بوو دەگەڵ موعینی. بە مەلا مستەفا گوت: ڕاستە لە ناچاری خۆی چۆتە بەکرەجۆ و لای قاید فیرقە، بەڵام شتێکی وا لە هیچیان نازانێ کە ئێمە نەمانزانیبێ. ئەو داوای یارمەتی کردووە، قەولیان داوەتێ و هێشتان هیچی وەرنەگرتووە. ڕاستە کارەکەی دژی کاری تۆیە کە دەگەڵ ئێران دۆستی؛ بەڵام بە بڕوای من بە هیچ جۆر نابێ ئەو دوو کەسە نە بکوژی، نە بیاندەیەوە بە ئێران. لە جێگەیەکی دووردەست، لە سنوور حەبسیان کە! بڵێ ناتاندەمەوە؛ بەڵام گرتوومن و نایەڵم دژی ئێران بجووڵێنەوە. بیانکە بە پەڕی بەرندەی قومار. هەر وەخت ئێرانی کەوتنە بڕ و بەهانە دۆزینەوە، دەفەرمووی من فایق و ئەحمەد تەوفیقم پێ بەخێو ناکرێ؛ بەرهەڵدایان دەکەم و ئازادن چ دەکەن بکەن. ئێرانی زۆر مەمنوونت دەبن کە ئەوانەیان دە گژڕا نەکەی و نەبنە مایەی دەردیسەریان. کە لە حەبسی تۆشدا بن، هەموو ڕۆژ ئەگەر بە پێویستت زانی دەتوانی فەرمانی کوشتنیان بدەی. بەڵام بە هیچ جۆرێک دڵم فتوا نادا کە تەسلیمی ئێران بکرێنەوە. چونکە لە دژی تۆ تەبلیغاتی پێ دەکەن؛ وەک چەند جار کردوویانە...