هاتنی سەرۆکجمهوور بۆ چاوپێکەوتنی مەلا مستەفا

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  776 بینین

برایم کە لە تارانەوە نەهاتە شۆڕش، لە زەمانی عەبدوڕەحمان عارفدا بە تەیارە چووبووە بەغدا. گوتیان ڕۆژێک چووبووە لای ڕەئیسجمهوور، ژمارەیەک خەباتی ئێمەی بۆ بردبوو؛ شیعرێکم کە لە سەر برایم نووسیبوو؛ نیشانی دابوو؛ بۆی تەرجەمە کردبوو؛ گوتبووی: ئاوا ئەوان ئابڕوومان دەبەن. تۆ ڕۆژنامەیەکمان نادەیەی جوابیان بدەینەوە.

ڕۆژنامەی «نوور» و مەجەللەی «ڕزگاری» وەرگرتبوو، کە من بە ڕۆژنامەکەم دەگوت «نەوەر» (قەرەچی) و بە مەجەللەکە: «ڕزگاری لە نامووس»!

لە ڕۆژنامە و مەجەللەکەیاندا هجوومی هەرە گەورەیان بۆ سەر من بوو؛ کە شاعیری دەرباری بارزانییە و هەر قەسیدەیەک پەنجا دینار وەردەگرێ! خزمەتکاری تریستات و کۆمپەرادۆرانە! باوەڕ کە ئێستاش نازانم تریستات و کۆمپەرادۆر بە چی دەڵێن! هەر خودی ئەو برایم و جەلال تاڵەبانییە چەن جار گوتوویانە جاسووسە؛ پاشان پەشیمان بوونەوە و پێیان هەڵگوتووم.

جارێک لە بەغدا- کە ستودیۆم لە «ئەعزەمیە» بوو- بە حاڵ نانی خۆم دەردێنا؛ نازانم چۆن جەلالم لێ تووڕە ببوو، گوتبووی: ئەگەر جاسووس نییە بە چی دەژی؟! کەچی هر جەلال مەقالێکی بە عارەبی دە خەباتدا لەسەر نووسیبووم کە هەژار گەورەترین شاعیری میللی ئەم چەرخەیە جێگەی فەخری کورد و کوردستانە. کە لەسەر ئەو مەدحە بە گژیدا هاتم؛ گوتم: کوردێک گۆرانی شاعیر بێ، نابێ باسی ئێمەمانان بکرێ...

هاتوچۆ و گفتوگۆ لە پاش بەیانێکی بەزاز کە لە ڕۆژی ١٩٦٦/٦/٢٩دا بڵاو کرایەوە، دەستی پێکردەوە. لە بەغداوە دەهاتن، لەکن شۆڕشەوە دەچوون. تا گەیشتە ئەوە کە سەرۆکجمهوور (عەبدوڕەحمان عارف) بۆ خۆی هات کە چاوی بە بارزانی بکەوێ. بەڵام لە ڕووی ڕەواندز، لە دەشتایییەکی دامێنی چیا دابەزی؛ کە قەراری پێشوو وا نەبوو. ئەو شوێنەش دەیتوانی تەڵەیەکی زۆر خەتەر بێ بۆ گرتن و کوشتنی مەلا مستەفا. بەتایبەتی کە لەشکرێکی زۆری بە ناوی گاردی پاسەوان دەگەڵ خۆی هێنابوو. هەموو دۆست و خۆشەویستێکی بارزانی نەیاندەویست بارزانی لەو شوێنەدا بچێ عارف ببینێ و ئاشکرا حیکایەتی دە داو کەوتنی سمایلاغای سمکۆ و هەمزاغای مەنگوڕ دەهاتەوە بەر چاو. بارزانی بۆ خۆشی هەستی دەکرد کە گۆڕینی جێگەی چاو بە یەکتر کەوتنەکە فێڵێکی ئاشکرایە و هەر لە پاشگەزبوونەوەی سەرۆکجمهوور- کە شوێن گۆڕکێی کردبوو- زۆر قەڵس بوو؛ بەڵام پیاوە دەوڵەمەند و کار بەدەستە گەورەکانی کوردی بەغدایی- کە هێنانی سەرۆکجمهووور و شەڕ وێستانیان بە مەسڵەحەتی خۆیان دەزانی- سوور ببوون کە بارزانی ئەو هەلە لە دەست خۆی نەدا و بچێتە ئەو دەشتە ڕوووتە و بکەوێتە بەر خەتەرەوە. تا وای لێ هات بارزانی ڕقی هەستا و گوتی نابێ هەر چەکداریشم دەگەڵ بێن و بە تەنیا بە سواری جیپێک دەچم. ڕۆژێکی زۆر تاڵ بوو بۆ دۆستانی دڵسۆزی بارزانی و چاریش نەدەکرا. «حوسێنی حەمەداغا» بە دزییەوە قۆڵەیەک چەکداری برد، لە خوار خێوەتەکانی سەرۆکجمهوور و هەواڵانی، گردێکی دارستانی گرت و بەرانبەر بە گاردی حەرەس وێستا و چاوەنۆڕ بوو کە هەرگا دەستیان بزوات، تێیان بسرەوێنێ. چەکدارانی بارزانیش بە دزیی بارزانییەوە خۆیان خزاندە ناو پنچکی لای چیای زۆزکەوە و دەوری خێوەتانیان دا. زۆر کەس لە پیاوانی نزیکی بارزانی، زۆر لەو ڕۆژە نیگەران بوون. یەک لەو خەڵکە من؛ دڵم زۆر توندی لێ دەدا...