هەباساغای مامەنداغا

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  1299 بینین

لە ڕۆژی ١٨ی مانگی یازدەی ساڵی ١٩٦٣ سەلام عارف- کە سەرکۆماری بەعسییەکان بوو- لە بەعسییان هەڵگەڕایەوە و دەم لە پووشی کردن. ئەو دەمە لە هیران بووم. لە پاش پێنج ڕۆژ دەگەڵ میران- بە لەوەڕ و دێ بە دێ- خۆمان گەیاند «دۆڵە ڕەقە» و بووینە میوانی هەباساغای مامەنداغا. هەباساغا ڕەئیسی عەشیرەتی گەورەیە و پتر لە پەنجا گوند موڵکی هەبوو. سەرەڕای ئەوەش عەشایری بۆڵی و بابۆڵی- کە لە لای قەندیل گەرمێن کوێستان دەکەن و یەکجار زۆرن- دە بەر حوکمیدا بوون. هەر لە شاری ڕانیەوە تا گەڵاڵە، ڕەعیەت و ئاغا خۆیان سەر بە هەباساغا دەزانی؛ نیمچە پادشایەک بوو. هەووەڵین ئاغای کە ببووە یاریکاری شۆڕش، ئەو بوو؛ بەڵام هیچ خووی قۆڕەدەماغی ئاغایانەی نەبوو. زۆری حەز لە گاڵتە و پێکەنین بوو. هەتا بڵێی ڕۆحسووک و خوێنشیرین؛ زەلامێکی زۆر بڵندباڵای جوانچاک. سەخییەک بوو کە باوکی حاتەمی تەی دەبوو ورتکەی ماڵی ئەو بچنێتەوە. زۆری میوان بووم، قەت نەمدی لە سەد میوانی کەمتر هەبێ. ڕۆژی وا هەبوو پتر لە دووسەد میوان لەسەر سفرەی ئەو کۆ دەبوونەوە. نەخوێندەوارێکی یەکجار زیرەک و سیاسی بوو. کەچەسیواتێکی کەمی هەبوو. حیزبی شیووعی و پارتی و قوڵە حیزبی تر هەمووی لێ ڕازی بوون و تاریفیان دەکرد.

جارێک جەلال تاڵەبانی لێی پرسی: هەباساغا تۆ بە نەخوێندەواری ئەوەندە زیرەک و بەکاری، ئەگەر خوێندەوار بای، چ دەبووی؟

من گوتم: وەک حیکایەتی «سەماشی سۆمرست مۆم» ئێستا مجێوری کلیسا دەبوو!

بە چاوەنۆڕی مەلا مستەفا، لە دۆڵەڕەقە ماینەوە. میران پەتووە تووکنی تورکیای بە دیاری دایە؛ هەباساغا هەر لە مەجلیسەکە گوتی: کاک هەژار ئەوە لە بۆ تۆ!

گوتم: نامەوێ.

گوتی: ئاخ لە داخی تۆ وەزگم داوە! هەموو کەس حەتتا مامۆستا گەورەکان شتم لێ دەخوازن. من لە کۆیە پێچت دەدەمێ، ناتەوێ؛ ڕادیۆم پێشکەش کردی نەتەویست؛ پەتووی میرانت ناوێ؛ وا دیارە تۆ لە دڵدا شیووعییەکی زۆر غەلیزی؛ دەڵێی ماڵی فئوداڵ گڵاوە!

عەونی یووسفی وەزیری قاسم، هەمزە عەبدوڵڵای کۆنە سەرۆکی پارتی و حەمید عوسمانی ڕەئیسی پێشووی حیزبی شیووعی میوانی بوون و ماوەیەک بوو دایانکوتابوو. ڕۆژێک عەونی گوتی: کاکە باس بڵێ کراسێکم بۆ بێنن!

- کوا کراست دڕاوە؟

عەونی کۆت و جلیقەی داکەند. کراسێکی شڕی چڵکنی نیشانی مەجلیس دا.

- کاک عەونی! خانوویێکت لە هەولێر هەیە، پێنج هەزار دینارت دەدەمێ بمدەیە!

- هەرچەند دەوڵەت داگیری کردووە بەڵام بە دە هەزاریشی نادەم.

- ماینێکت هەیە، پێنجسەد دینارت دەدەمێ بمدەیە.

- حای! بە خوا موشتەری هەزار دیناری هەیە!

- پۆلە سپیندارت لە گەڵاڵە هەن، بە چوار هەزار دینار لێت دەکڕم نەغد و تۆ دینارێکی لێ بدە بە کراس!

- قسەی هیچ! سپیندارەکانم بایی دوازدە هەزار دینارن!

گوتی: جا ئەو جار موستەحەقی!... هەڕوون دوو کراسی لە بۆ بێنن!

گڵۆسە جگەرەی جمهووری لە پێش بوو، بەشی میوانانی لێ دەدا. هەمزە داوای کرد، پاکەتی بۆ درێژ کرد. هەمزە دەستی بۆ دەبرد، دەستی دەکێشاوە و پێی پێدەکەنی! تاوێک مشک و پشیلەی پێ کرد، ئەوسا داییە. سەرم بردە بن گوێی: تازە تێدەگەم چۆنت ئەو قۆڕە دەماغانە وا ڕام کردووە. دەتەویست بە ڕادیۆ و پەتوو ئەو دەردەش بە سەر من بێنی! زۆر پێکەنی.

زۆر دەگەڵ من گەرمی گرتبوو. پێکەوە دەچووینە ڕاوێ. شەوانە میوانی هەر گوندێک دەبووین لە مزگەوت دەنووستین. دەگەڵ ڕەعیەتان وەک برا چووکە دەجووڵا و دەدوا.

ڕۆژێک بە دووی کەروێشکا ئەسپمان تاو دابوو. ئەسپەکەی من- کە ئەویش ئی هەباساغا بوو- ویستی لە کەنداڵێک باز دا، بە ڕوودا هات و بەر لەوە بکەوێ خۆم هەڵداشتە قەراغ کەند و جووت پێ چەقیم. هەباساغا پێی سەیر بوو؛ دەیگوت: من تۆم بە شارستانیی خاویلکە دەناسی کە ناوێری سواری کەریش بی؛ بەڵام هەرچی بیرت لێ دەکەمەوە وا دەرناچێ!

شەوێک لە گوندێکی پشت ڕانیە بووین، چوار ئاغای پژدەری- یەکیان جوانمێراغای ناو بوو- بۆ هاتن و کاریان بە هەباساغا بوو. شەو کە ڕاکشابووین، هەباساغا لە خوی هەستاندم و گوتی: با قسەی قۆڕ بکەین! حەمید عوسمانیشی ڕاست کردەوە، ناردی چوار مریشکان ببرژێنن. قسەی قۆڕمان دەکرد و دەحیلکاینەوە. ئاغای پژدەری کە بە قەڵانگیش گوویان ناگاتە دەم! بە تووڕەیی سەریان هەڵێنا، بزانن کام بێشەرمە خەوی لێ تێک داون؛ کە هەباساغایان دی خۆیان مات کردەوە.

گوتم: هەباساغا، ئێستا لەبەر خۆیانەوە دەڵێن هەباسی مامەنداغای سەگباب بە ڕەفیقایەتی سەر ڕووتی حیزی شارستانی، پیاوەتی خۆی لە دەست داوە! ئێمەش کە کارمان کەوتۆتە ئەو، هەم ئابڕوومان دەچێ، هەم لەوانەشە ئەو شەلاتییە بۆمان پێک نەهێنێ!

پیرە ئەرمەنییەکی فەقیر لە سابڵاغ، کاسبییەکی ڕەژی دابێژتن بوو. گوتیان «تڵیش» موسوڵمان بە! پووڵت بۆ کۆ دەکەینەوە، خانووت بۆ دەکڕین، ژنت بۆ دێنین. هەر کە شادەوئیمانی هێنا، سوننەتیان کرد. بەڵام ژن و ماڵ و خانوو نەبوو. تڵیش زۆر بە کوڵ لە سووچی دووکانەکەی دەگریا، دەیگوت: «کیرەکەشم چوو، دینەکەشم چوو!».

هەباساغا- کە زۆر پێکەنی- گوتی: دە جا شەرتە کارەکەشیان بۆ نەکەم تا تەواو ببنە تڵیش!

شەو بوو؛ دە سوار بووین. کابرایەک لە کۆخێکەوە - کە تەنیا ماڵی لە چۆڵ بوو - هەرای کرد:

- هەباساغا دابەزە! قاورمەم هەیە.

دابەزین. قاورمەی کابرامان خەلاس کرد. لە ڕێ گوتم: ئاخر ئەو بەستەزمانە قاورمەی ساڵی لە کیس چوو، نەدەبوایە لا دەی.

گوتی: نا بە سەری تۆ، لامنەدابا دڵی دێشا!

چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، کابرا لە دۆڵەڕەقە بوو. هەباساغا گوتی:

- فڵان تۆ ئەو ساڵ چەڵتووکت لێ نەکڕیوم، دیارە دەستت قوچاندووە.

- ئاغا جارێ پارەم بۆ هەڵنەسووڕاوە.

لە کاغەزێک شتێکی نووسی و دای بە نۆکەرێکی. نووسیبووی شازدە تەنەکە برینجی بدەنێ و هەقەکەی گەیوە!

ڕۆژێک لە دۆڵەڕەقە چوومە ڕانیە. شەو لە ماڵی مام قادر باغەوان بووم. سبەی ویستم بە پێ بچمەوە دۆڵەڕەقە؛ چەمەدانێکم پێ بوو. مام قادر گوتی: بازاڕی دارفرۆشان هەموو خەڵکی دۆڵەڕەقەن. چەمەدانەکەت بۆ بەرنەوە؛ خۆت بە پێ بڕۆ.

چوومە مەیدانەکە، لە کابرایەکم پرسی: کاکە! خەڵکی دەۆڵەڕەقە نییت؟

- نا!

- ئەدی کەسی دۆڵەڕەقەیی ناناسی؟

- بەڵێ دەیانناسم؛ بەڵام کەس ئەمڕۆ نەهاتووە.

گەڕامەوە. بانگی کردم:

- خەڵکی دۆڵەڕەقەت بۆ چییە؟

- جا کە لێرە نیین هیچ.

- ئاخر بڵێ.

- گوتم: جانتاکەم بۆ بەرنەوە.

- خەجەرت پێیە؟

- بۆچیتە؟

- دە ورگمی ڕاکە بزانە خوێنی لێ دێ؟! کوڕە هەژدە ڕۆژە لە دۆڵەڕەقە کێ چات بۆ دادەنێ؟ کێ جێت بۆ ڕادەخا؟ کێ ئاوت بۆ دێنێ؟ کوێڕا بە ڕۆژێک نامناسیەوە؟!

- ئای ببەخشە، ڕاست دەکەی! چۆنی؟ چاکی؟!

- دەی ناوم چییە؟

- ها، چی، ببخشە؟

- برایم!

- ئای کاک برایم گیان چۆنی؟!

- برایم نا و قوزەڵقورت! دەتەوێ ئێسترت بدەمێ و دەتەوێ جانتات بۆ بەرمەوە.

چەمەدانم دایە و دەگەڵ جەعفەری کوڕی مەنافی کەریمی سابڵاغی- کە زەلامێکی بە هەیکەل بوو- بە پێ بەرەو دۆڵەڕەقە چووین. شەو داهات؛ گوتم با بچینە پڵنگان.

- ئاخر سەگ هەیە و من لە سەگ دەترسم.

- کاکە من سەگت لێ دەردەکەم.

خۆمان لە سەگان خەلاس کرد و چووینە ماڵی مەلا عوسمان. قیڕەی مریشکم بیست، گوتم هەرچی هەتانە ئەوە دەخۆین و نەمهێشت مریشک سەر ببڕن. دۆکڵیوی کەشکانی سەر بە ڕۆنیان دەگەڵ هێلکەوڕۆن هێنا.

- جەعفەر تۆ کامیان هەڵدەگری؟

- دۆکڵیو ناخۆم.

نزیک هەژدە ساڵ بوو دۆکڵیوی کەشکم نەخواردبوو. ئەوەندەم خوارد شەو خەوم لێ نەدەکەوت.