لە وڵاتی خۆشناوەتی

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1306 بینین

دۆڵی گرتگ و ڕۆست- کە گوندی «سمیلان»یشی لێ هەیە- لە بەر باغات وەک بەهەشتە. لە بەفری زستانیشدا سێوە سوورە بە دارانەوە چاو لە پیاو دادەگرن. کەوتوونەتە ملی نزاری حەسارۆست کە بڵندتر چیای عێراقە و بە هەموو کێوەکە دەڵێن «هەڵگورد». لەوێوە لێک هەڵبڕاین. من ڕەگەڵ میرانی سالح بەگ کەوتم کە بچین سەرێک لە وڵاتی «خۆشناوەتی» بدەین. وڵاتی خۆشناوەتی بەتایبەتی لە پاییزاندا بە سەر میوەدا وێران دەبێ. هەموو دێهاتی کە یەکجار زۆریشن- پڕە لە هەنار و هەنجیر و هەرمێ و سێو و هەموو بەرێکی دار و هەموو جۆرە ترێیەک. میرانی سالح بەگ لە میرانی خۆشناوی شەقڵاوەیە. هەر چەند ڕووت بوو، دەسەڵاتی ئاغایەتی و میرایەتی نەبوو، بەڵام بیر و بڕوای میرانەی هەر وەک خۆی بوو. ڕۆژانە پێشمەرگەیەکی دەنارد: بچۆ لە ماڵی فڵان میران بڵێ میوانی دەبین! جاری وا بوو میرانی خانەخوێ ڕووت وەک سڵق، نانی شەوی نەبوو.

ڕۆژێک بە پێشمەرگەیەکی گوت: شێخ حوسێن هەروو ماڵی کوێخا حەسەن لە زێوەی، بڵێ میران میوانتە! گوتم: میران زۆر عەیبە بۆ ئێمە میوانی کوێخا بین. کۆنە میرانێک نییە لەو نزیکانە بچینە ماڵی؟! تێگەیی گاڵتە دەکەم! گوتی: نا کاک هەژار! کوێخا حەسەن هەر لە ماڵە مندا گەورە کراوە و بەخێوم کردیە. وەک ماڵە خۆمانە. بە ڕووکاری زێوەدا دەچویین؛ چ دیمەنێک؟... بێنە بەر چاوت بە هەزاران دارهەنار لە ساردی پاییزدا گەڵای زەردێکە وەک زێڕی بێخەوش. گەڵای مێوی ڕەز سوورە و لە هەناران هاڵاوە. خودا تابڵۆیەکی نەخشاندووە هەموو هونەرمەندی دنیا گێژ دەکا. زۆر وێستام و ڕوانیمە ئەو دیمەنە دڵڕفێنە. چووینە ماڵی کوێخا حەسەن؛ یەکی زیتی قووتی زیرەک؛ دەڵێی لە کونە تفەنگی شەیتان دەرچووە! ڕووخۆش؛ قسەخۆش. زۆر عاقڵ بوو؛ پێم سەیر بوو! هەر دانیشتین سینییەکی مێوژ و کاکڵە گوێز لە پێش داناین، بەشی پەنجا کەسی دەکرد. میران گوتی: دەچمە سەراوێ؛ تا دێمەوە چایییەکە ساز بێ! کە ئەو ڕۆیشت، کوێخا بە منی گوتک ئەرێ میران نەیفەرموو کوێخا حەسەن هەتیوی خۆمان بووە؟!

- جا بۆ وا بڵێ؟

- کوڕە لوولاکی ئاغا بشکێنە گووسەگی تێدایە؛ سەگم لەو تێرترە. ساڵی دە جار دەنێرێ تووتن و میوەی بۆ بنێرم. دەڵێ هەتیوی خۆمان بووە؛ لە ماڵە مە بەخێو کراوە!

شەو زۆر خۆشمان لێ گوزەرا. میران توورەکەیەکی گەورەی تووتنی بۆنداری داگیراو لێ ساند. بە چەند ماڵە میرانی بێنانی ترەوە ڕامانبوارد تا گەیشتینە «هیران»، مەرکەزی شێخانی هیران کە لە باتی شێخ پێیان دەڵێن «کاک». سافی شاعیر- کە دەروێشان شیعرەکاتی بە دەفەوە دەخوێننەوە- کاکی هیران بوو.

بووینە میوانی شێخ سەبری کە برای میرانی ساڵح بەگ و تیمسارێکی بازنشستە بوو. ماڵی لە هەوڵیر بوو؛ لە ترسی دەوڵەت بە تەنیا لە حوجرەیەکی هیران دەژیا.

شێخ گوتی: ئێستا شێوێکتان لۆ لێدەنێم زۆر خۆش. گۆشت و ئاوی تەمامە و تڕ و تەوێڵەی کردە ناو شتێک و لەسەر کوورەی دانا و چووە دەر. کە هاتەوە، گوتی: هەو! تەشتۆکەی نایلۆن بوو؛ لە سەر ئاگر هەڵقرچابوو. ببووە تۆپ و چێشت حەبس کرابوو؛ فڕێمان دا.

«کاک» ئەو دەمە پیرەمێردێک بوو بە ناوی «کاک عەلی»، تا بڵێی پیاوێکی ممبارەک بوو. لەو دێیە کە هەموو دنیای دار و ئاو بوو، شوێنێک بۆ کاک هەیە لە دەوری حەوزێک لەبن سێبەری شۆڕەبییان، کە بەڕاستی شاعیرانەیە. کاک لە قسە قۆڕی من خۆشی دەهات. هەموو ئێواران دەبوو بچمە لای.

ڕۆژێک گوتی: وا نۆ ڕۆژ بۆ ڕەمەزان ماوە. هەژار دەبێ مانگی ڕەمەزان لای من بی.

- بە خوا کاکە بمبەخشە من بەڕۆژوو نابم. خۆشم بە تۆ، بە لێدان نادەم!

- بابە بەڕۆژوو مەبە! شەرتە بۆ خۆم نانی بەیانی و نیوەڕۆت بۆ دێنم...