دیمەنی دڵتەزێنی ژن و منداڵی بارزانییان

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  929 بینین

ئەوی لەو ماوەیەدا زۆری ناڕەحەت دەکردم، دیمەنی ژن و منداڵی بارزانییان بوو کە لەبەر باران و لەبن داران دەژیان. ماڵیان هەر ئەوە بوو کە بە کۆڵیانەوە بوو؛ بەڵام ئەوان قەت گلەیییان لە بەختی خۆیان نەکرد. ڕاستی حاڵێکی پەرێشانیان هەبوو.

ئەو کاتە کە لە «بن گەریان» بووین و هێشتا نەناردرابوومە خورکێ، بارزانییەک بە ناوی «ئاغا» کە «ئاغای زوڕەگوان»یان پێ دەگوت، خەریک بوو لە جێ گوندی «زوڕەگوان» خانوویێکی بە وشکە بەرد دروس دەکرد؛ دیوار تا نیوە بەرز کردبوو، گوتی: لە عومرمدا جارێ پێنجەمە دێم خانوو بکەم و بەر لە تەواو کردن پێم بەجێ دێڵن. بێستانۆکێکی کردبوو هەر دەیگوت: هەژار با خەیار و ترۆزی و تەماتە بگەنێ، پێخۆری تۆ لە سەر من!

ڕۆژێک دیتمەوە:

- ئاغا دەزانم خانووەکەت بەجێ هێشت؛ بەڵام بێستانەکەت چی لێ هات؟

- بێستان هەر لە گوڵدا بوو، ڕاویان ناین. ڕۆژێک گوتم بچم سەری بدەم، کە دەچم دوو دانە جاشی زێباری لە ناویدان. خۆم لێ داگرتن، هەردووکم کوشتن. لەباتی ترۆزی دوو تفەنگم بە ڕەختە فیشەکەوە هێنا.

لەو شەڕانەی بارزاندا زۆر پیاوی زۆر ئازا کوژران و بریندار بوون. ڕۆژێک بۆمبایەک کەوتبووە ناو سەنگەرێکەوە، لە دوازدە کەسان «کەکۆ» دەرچوو. کەکۆ کە لە شەڕی مامەشەی دەوری سەقز ناوبانگی کرد و بە سێ جێ بریندار بوو. لە شەڕی دەوری شنۆیە بریندار کرابوو؛ لەو بۆمبایەش هەرچەند نەمرد، بەڵام لە زمان و دەست و پێ کەوت.

عەمەراغای دۆڵەمەڕی لە لای سەری حەسەن بەگی چووبووە زگ جاشان، ڕەوەیەکی زۆر گەورەی لێ بڕ دابوون. لە ڕێگە مار پێیەوە دابوو؛ بەو حاڵەش توانیبووی سێسەد سەر دەرباز بکا. ئەحمەد تەوفیق- کە لە دوای ئەو بە ڕێدا هاتبوو- تووشی سێ ماین و ئەسپ ودووبڕێکی ماچە ئێستر ببوو کە لە ڕەوەکە هەڵبڕابوون؛ هێنابوونیە بارزان. ماچە ئێسترەکە زۆر جوان بوو؛ دەتگوت بە قەڵەم کێشاوتە. ئەحمەد دەیگوت بۆ خۆم؛ شەوکەتی بێسیم داوای دەکرد؛ هەرچی دەیدی عاشقی دەبوو. نەمزانی دووبڕی هێشتا بارنەکراو بۆ بۆتە فەڕۆخ لەقا و ئەو هەموو دڵدارەی هەیە! ئاخری شێخ بابۆ داوای کرد و درا بەو.

دەگەڵ «میرانی ساڵح بەگ» ئێوارەیەک چووینە سەیری کۆنەقەڵای میری ڕەواندز کە لە دیاری کانی بۆتە. قەڵایەکی زۆر قایمە؛ بە بەردی زۆر گەورەی ڕەش دامەزراوە کە دیارە بەردەکان بە کۆتان گوێزراونەوە. عەنباراوی گەورەی تێدابوو. کە گەڕاینەوە، بە ناو کۆڵانی گونددا هاتین. من سەرکڵاوەم لە سەر بوو. منداڵێک دیتمی، زیڕاندی؛ زۆر ترسا. میران گوتی: ئەو فەقیرە هەر بارزانیی سەرسووری مل بارکی دیتووە. تۆی بە ورچ زانی؛ بۆیە لێت ترسا!

ساردە پاییز بوو. شەڕ لە جەبهەکان وێستابوو، بەڵام ئاڵقەی موحاسەرە هەر مابوو. بڕیار درا بەرەو سۆران بڕۆینەوە. دەگەڵ ئەحمەد تەفیق و هەواڵانی و میران ساڵح بەگ و دوو پێشمەرگەی کەوتینە ڕێ. شەوێک لە نزیک سنووری ترکان ماین. هێندێکمان چوونە گوندی «زێتێ» کە تورکیەیە. کەوش و پەتووی کوڵکن و وردە ئەسپابیان کڕیبوو. زۆرم حەسرەت بوو کە سێ دینارم شک نەدەبرد لە پەتووەکان بکڕم. ڕۆژی دوایی کەوتینە ناو سنووری کوردستانی بەردەستی تورکیە و شەش سەعاتێکی برد تا لێی دەرچووین، بەڵام تووشی جەندرمە نەبووین. لە ڕێگە وەپێش کەوتم کە تا ئەوانی تر دێن گێوژ بخۆم. لەبن دارەگێوژێک بووم، پلارم تێ دەگرت. پیاوێک دوو کەو بە دەستەوە، کچێکی زۆر جوانی دەگەڵ بوو؛ لێی پرسیم:

- تۆ بارزگانی؟ کووتاڵت پێیە؟

گوتم: نا برا! من موشتەریی شەکە مێی جوانم!

گەیشتبووە هەواڵەکان گوتبووی: ئەوەی پێش کەوتووە شێتە! هیچ وەک چۆدار ناچێ و دەڵێ شەکە مێ دەکڕم!

لە گوندی «کاکلە»وە لە زێ پەڕینەوە و هاتینەوە ناو عەرزی عێراق. شەو لە قەبرستانێکمان خست. یەک دنیا داری وشکی تێدابوو؛ بەڵام لە دێکەی نزیکی- کە هێلکە و ماستمان لێ کڕین- گوتبوویان داری قەبرستان بسووتێنن، دەمرن! دەگەڵ ئەحمەد تەوفیق بەربووینە داران و ئەوانی تریش غیرەتیان هاتە بەر. ئاگری ئەو شەوە تا بەیانی گڕی بوو. ئەم جار پاش یەک دوو سەعات ڕێ کەوتینە دەشت. ئەحمەد تەوفیق کەسی نەدەگەیشتێ؛ هەر هەیدیشی لێ دەکردین: «دەی خۆش بڕۆن!». گەینە سەر گۆماوێکی زۆر خۆش، چەند دارە بی لە دەورە، سێوەڕەی دەتگوت نێوەڕاستی بەهارە. مام عەلی بایەزیدی دەڵێ: «ئاخ! ئێستا گامێش بام و تێرم لەو سێوەڕە خواردبا و لەو گۆمەدا بنووستبام!». زۆرم برسی بوو. ئەحمەد هەر دەیگوت بڕۆن! دەمزانی ئەوانی تریش برسییانە و لەبەر ئەحمەد ناوێرن دەنگ بکەن. هەر چۆنێک بوو پێش کەوتم. گەیمە شوانێک:

- کاکە نانت پێیە؟

- نە بە خوا.

- شیر چۆن؟

- کاکە قاپەکەم هێندە پیس و چڵکنە کەس بێزی نایە شیری پێ بخواتەوە، ئاویش نییە بیشۆم.

- دە تۆ بۆم بێنە بزانم چۆنم!

لە قاپێکی ڕەشهەڵگەڕاوی موو پێوە نووساودا شیری بۆ هێنام. چاوم قوچاند و یەکیسەر بە سەرمەوە نا؛ ئاهێکم هاتەوە بەر. ئەگەر بۆت بڵێم قاپەکە چۆن بوو ئێستا هێڵنجت دێتێ!

ئەحمەد تەوفیق کاوڕێکی قەڵەوی لە کابرای شوان کڕی و پەتمان کرد کە لە کوێ بنەمان گرت، بیکەینە شێو. هەمووانی زۆر شەکەت کرد؛ تا لە ناو چەند بییەکدا بنەمان گرت و کاوڕمان سەربڕی و کەوڵمان کرد و بە زگی زۆر برسییەوە چاوەنۆڕی برژاندنین؛ لەپڕ لە پێشمانەوە بوو بە تەقە. شەو بوو گوللەی لایەکی شەڕکەرانمان دەدیت سوور ڕادەخوشین، پیاو لە تەقە کەڕ دەبوو. خەبەر چییە؟

- کوڕینە ببێتە بەیان تەیارە لە دەشتی «هێرتێ» شڕمان دەکا؛ جێگەی خۆشاردنەوەش نییە.

هەر بە پەلە تۆزێک گۆشت هەڵدەپرووزا و قووتمان دەدا. کەوتینە ڕێ. شەوێکی سارد لەو دەشتە وەک مێوژووکە هەڵدەلەرزین. بۆ بەری بەیانی گەیشتینە ناو گوندی «سیدەکان». چووینە ناو دووکانە چۆڵێکەوە، ئاگرێکمان کردەوە و ماتەمان هەڵگرت. سبەی خەبەری ئەو شەڕە گەورەی شەومان پرسی. گوتیان جاشەکانی چیای «سەری حەسەن بەگ» بە قەستی تفەنگیان بەرەو یەکتر تەقاندووە. بە دەوڵەتیان گوتووە بارزانی هاتبوونە سەرمان؛ تا فیشەکی زۆر وەرگرن. ئەمەش فێڵی جاشان!

بە ناو گوندەکانی موهاجیراندا سەرکەوتین بۆ «گربیشێ» و بۆ شەو چووینە «ڕۆستێ». سبەی بۆ نیوەڕۆ لە گوندی «گرتگ» بووینە میوانی مەلا وەیسی و پاش نیوەڕۆ بەرەو ڕۆست هاتینەوە. لە قەبرستانێکی سەر ڕێ، دارگێوژێک هەبوو، گێوژی زەردی درشت، دەتگوت بۆ هەتیوی بەر گرتووە:

- های لەو گێوژەم!