شێخ بابۆ پەپوولەیەکی بەهەشت
هاتین بە ڕووکاری دەڵاشدا کە بنکەی بارزانی (ماڵەوەی) لەوێ بوون. کچ ڕۆیشت بۆ ماڵ و لە حەسەن جیا بوومەوە و بەرەو مەقەڕ. زۆر شەکەت ببووم؛ بڕم نەکرد سەرکەوم. خێوەتێکی هەڵنەدراو تووش بووم و دەمەوڕوو لەسەری تخێڵ بووم. بەرەبەیان بە دەنگی حەمایل خانی دایکی کاک مەسعوود وەخەبەر هاتم، جنێوی بە خەربەندەکان دا کە چۆن هەژار لێرە نووستووە لێفە و سەنیرتان بۆ نەهێناوە؟ ئەوانیش سوێندیان دەخوارد کە هەر نەیانزانیوە لەوێ نوستووە. دیار بوو حەمایل خان چووبوو نوێژی سبەینە بکا و تووشی کەلاکی من هاتبوو. زۆر زوو لێفەم بۆ هات و خەوتمەوە.
لەوەتا شێخانی بارزان لەو مەڵبەندەن، قانوونێکی تایبەتی لە بارزان هەیە: کچ بە شوو دان بە زۆری هەر نییە. کچ و کوڕ کە قەولیان بە یەکتر دا، بە شێخ دەڵێن؛ دایک و باب ڕازی بن و نەبن، شێخ دەیاندا بە یەکتر و بە ئەندازەی دەست ڕۆیشتن، ماڵیان بۆ پێکەوە دەنێ. ئەو کیژەی شەو دەگەڵمان هات، چووبووە لای حەمایل خان. پێی گوتبوو ئێستا شەڕە و تەنگانە، لە «بیە» داتدەمەزرێنم. وا دەکەم ئاگایان لێت بێ؛ نایەڵم ئاتاج بی. تا شەڕ سووک دەبێ و دەتدەم بە مستەفا عەبدوڵڵا. جلکی زۆریشی دابوویە و ڕازی کردبوو کە شکایەت نەکا. ڕۆژێک چوومە مەلە؛ وە ناو هێندێک داران کەوتم؛ هەنارێک و دوو گوێزم پەیدا کرد. کە هاتمەوە، بارزانی زەنگاڵەکەی خۆی بە سووژن و بەن دەچنیەوە. کە باسم بۆ کرد گوتی: ئەو جێگەیە موڵکی منە. هەنار و گوێزەکانت حەرام خواردووە! گوتم: دەوڵەت هەموو ماڵی تۆی موسادەرە کردووە. ئەو زەنگاڵەشت ماڵی خۆت نییە؛ چ جای گوێز و هەنار! باوەڕ کە ئەو موڵکەی مەلا مستەفا پەنجا دیناری نەدێنا؛ کە چی ڕۆژنامەی دوژمن دەیگوت فئوداڵە!
شێخ بابۆ (براگەورەی مەلا مستەفا)، لە کونە ئەشکەوتێکدا بوو. پیاوێک بوو قەتی تفەنگ نەهاویشتبوو. هەمیشە هەر نوێژی دەکرد. ئەگەر بڵێن پەپوولەی بەهەشت بووە، درۆیان نەکردووە. ڕۆژێک لە مێرگێک دانیشتبوو، سەد میترێک درێژایی دەبوو؛ سێ سووچ. گوتی: هەژار! ئەوە موڵکی منە. گوتم: جەناب! من سەد ئەوەندەشم هەبوو، نەمگوت موڵکم هەیە! دەعوەتی کردم بۆ ماڵە ئەشکەوتەکەی. نان و چام خوارد، ئەو هەر نوێژی نەپساندەوە؛ بەجێم هێشت.