دەمرم، بە قوربانی کوردستان بم!

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1161 بینین

لە بن پەڕۆیانەوە بانگی کرد:

- دەمرم، بە قوربانی کوردستان بم! ئەمن زەربەتێکی گەورەم لە دوژمنان دا؛ خەمی خۆم نییە.

ڕۆژێک چەند پێشمەرگەیەک لە دەوری یەک دانیشتبوون قسەیان دەکرد. یەکیان هەستا و بانگی کرد:

- سەیدا هەژار! خواحافیز. من چیدی پێشمەرگە نابم!

- برام کێ دڵی ئێشاندووی؟ بە خوای نایەڵین بڕۆی! لەسەر چی دەڕۆی؟

- سەیدا ئەوانە باسی شەهید دەکەن. ئەمن ناوم «قریاقۆس دنخە»یە. تۆ و ئینسافت، ناوی من بۆ شەهید دەست دەدا؟! چۆن قبووڵ دەکەم لەسەر قەبرم بنووسن: «شەهید قریاقۆس دنخە!».

- کاکە مەڕۆ! لەعنەت لە بابی ئەوە بۆت بنووسێ شەهید!

گوندێک لە لای دهۆک هەیە (سپیندارە)، خەڵکەکەی لە ناو جیرانان بە بێعەقڵ مەشهوورن. لەوان دەگێڕنەوە کە زەرگەتە بە منداڵێکیەوە داوە، دەستیان داوەتە تفەنگان: زەرگەتە حەدی چییە بە کوڕمانەوە بدا؟! چوونە ڕاوە زەرگەتە. زەرگەتەیەک بە سەر لووتی یەکێکەوە نیشتووە. فیتەی بۆ ئاواڵان لێداوە و ئیشارەی بۆ سەر کەپۆی خۆی کردووە؛ یانی ئەوەتا، تا نەڕۆیوە تفەنگی پێوە نێن!

پێش تاوهەڵاتێک یەکێکی سپیندارەیی تووتن دەدێرێ. دەبینێ وا سەرباز و جاش لە گرد وە سەر دەکەون. دەڵێ: ئەی بەخێر بێن سەر چاوی من، دەست دەداتە تفەنگ و بەرەو سەری گرد ڕادەکا. زۆر جار بە گوللە قوڕی پێ هەڵدەپڕژێ، ڕاناوەستێ و سەری گرد دەستێنێ. نۆ کەس لە دوژمن دەکوژێ و بە دە تفەنگەوە دەچێتەوە سەر ئاوداشتن کە دوژمن هەڵاتووە.

ستوونێکی سەرباز بە سێ تانکەوە هجوومی کردە گوندی سپیندار. بە تفەنگ (تفەنگی ڕاو)، بە داس و خەنجەر بۆی چوون. تانکێک دە قوڵکە کەوت، ڕێگەی دوەکانی تر بڕا. خەڵکەکە بە ژن و منداڵەوە هێرشیان کرد. دوو تانک هەڵاتن. تانکی دە قوڵکە کەوتوو ناچار تەسلیم بوو. سەرنشینەکانیان بە دیل گرت و تانکیان ئاگر دا. لەو شەڕەدا سێ کەسیان لێ کوژرا و دوازدە کەلاکیان لە دوژمن خست و هەر دەتگوت چوونە سەر شایی.

شەڕ لە هەموو لا گەرم بوو. بە ڕۆژ نەدەکرا بگەڕێم. ئەگەر کارم لە خورکێ هەبا، شەو دەچووم و بۆ خەو دەهاتمەوە باڵەتە. هەر تاریکان لە دێ دەردەچووین بۆ ناو پۆلە هەنارێک، تا ئێوارە لەوێ دەماین و نان و چامان لەوێ دەخوارد. تەنەکە نەوتێکی بەتاڵمان کردبووە مێزی نووسین، بە کاغەز و کاربۆن نەشرەمان دەنووسی.

بەیانییەک حافز مستەفا قازی درەنگ وە خەبەر هاتبوو. تاو هەڵاتبوو؛ لە دێوە بەرەو ئێمە هاتن؛ دیتیان، بۆی گەڕانەوە. لە بن بەردێک دانیشت، دیار بوو لە بەر چاوی تەیارەچی ون ببوو. چەند سووڕێکیان دا و ڕۆیشتن. حافز دەیگوت:

- زۆر ترسام. هەر دەمگوت دەی سەگباب لێمدەن با نەجاتم بێ! لێیان نەدام!

خەڵکی باڵەتە هەموویان خزمی ئەو برادەرانە بوون. زۆر جار دەعوەتیان دەکردین؛ خەیار و تەماتەیان بۆ دێناین. شەوێک گوتیان موهەندیسەکان بانگت دەکەن. بە گەرمایەکی زۆر، دەرگایان لە سەر خۆ داخستبوو؛ ئارەقیان لە پێش بوو. ترۆزی زەلام مەزە بوو. گوتم: کاکە ئەمەش ناو دنێن زەوق؟ کوڕە هەستن تا نەپیشاون!

دەستم پێ لە جەژنی ئارەق بەردان و ماوەیەک بەو بەزمە پێدەکەنین.