چەند ڕۆژ لە گوندی ڕێزان

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1105 بینین

دەگەڵ مەلا باقی و مستەفا هاتینە بن کەنداڵێک لە پەنا پردی ڕێزان کە لەسەر «رۆکچک» دروست کراوە. لە سەر خیزی دەم چۆم ڕاکشاین. زینی ئەسپەکەم کردە سەرین؛ کەشفێکی تازە بوو! نازانم ئەم ئەم خان و ئاغا و پادشایانە چۆن عەقڵیان بەوە نەشکاوە؟! سەرین هەر زینە و بەس؛ ناهێڵێ سەرت بە هیچ لایەکدا خوار بێتەوە. مەنجەڵێکی پچووک چێشتی برنج، نانمان دەگەڵ خۆ هێنابوو. پاش نوێژی شێوان- کە هاتنە شوێنمان- گوتم: بۆ دوو سەعات ڕاکشان نایەمەوە گوند؛ جێ لێرە خۆشتر نابێ. مەلا باقی و مستەفاش مانەوە. برنج شەو لێمان خوارد، مابوو؛ سبەی پڕ ببوو لە مێروولە. مەلا باقی لە ئاوی ڕووباری دا نوقم کرد، مێروولەی قڕ کرد و دەستی بە خواردن کرد. کە ئێمە دەمانگوت ناخۆین...

- بەڵێ، ئێوە نەجیمزادەن؛ دایکتان خۆرشت و پڵاوی بۆ هەڵگرتوون!

باوەڕ کە چوار جەمی تری لێ خوارد؛ هەموو جارێ مێروولەی لێ دەردەکرد!

قرۆشکەی چا پێ خواردنەوەم لێ ون ببوو؛ بە هەزار پاڕانەوە مەلا باقی قرۆشکەیەکی تێکوڵ لێ هەڵبووی دامێ. بە بەنێکمەوە کرد، وەک فیشەکدان دە ملمدا بوو. چام پێ دەخواردەوە، لە ملم دانەدەڕنی. دەرزیلەیەکم کردە قولاپە ماسی، بەنێکم تێ خست و لە سەر چەم ماسیم دەگرت. کە نووکەکەی نەچەمابوو، لە دە ماسی، یەکێکی خۆی لێ ڕزگار نەدەکرد. دیسان هەر جارە شەش حەوتێکم دەگرتن؛ بەڵام بچووک. مەلا باقی دەیبرژاندن.

مەلا باقی چای لێدەنا. یانێ کەترییەکە ئەو دەیخستە سەر ئاگر. تا بۆخۆی تێری نەخواردایەتەوە نەماندەتوانی بڵێین: «ئەدی ئێمە؟»، ئەمجار خۆی دەیگوت: «ئەمەش بۆ ئێوە!»، هێشتا نیو سەعاتی شەو دەما چای لێدەنا. چەند ساڵێک- کە زۆر جار بەیەکەوە بووین- فێری ببووم؛ هەر کەس بیگوتایە: «دا چایییەکم دەیە» تووڕە دەبوو. دەبوایە خۆی بڵێ: «ها ئەو چایییە بخۆوە!». جغارەی هەڵدەپێچا. دەگەڵ تووتن و پەڕ لە قوتووە موجزاتەکەیدا بوو. بتگوتایە: قوتووم دەیە بۆخۆم یەکێ هەڵدەبەستم، بە ڕووح سووکی دەیدا. کێ بیگوتا: دا یەکێک لەو هەڵپێچراوانەم دەیە، واوەیلا بوو!

سێ یا چوار ڕۆژ لەو بن پردەمان گوزەراند. دەردی گەورە بۆ ئەسپە سپیلک بوو: لە مێرگێک دەبەسرایەوە؛ فیلم دەویست بوێرێ ڕایگوێزێ! تەیارە هەمیشە لەو ناوە بوو؛ نازانم بۆ وە بەر نەکەوت. بەڵام تەواوێک لە توونیان دابوویە کزی؛ ئەو شەللاتییەی نەمابوو؛ لە خوڕین و گوڕین کەوتبوو. فەیلەسووفانە ڕۆژێ هەر فکری دەکردەوە و بۆ مێش دەرکردن سەر و کلکی ڕادەوەشاند. شەو هاتبووینە گوند. ئەحمەد و هەواڵانی ساز دەبوون لە زێ بپەڕنەوە کە بارزانی لەوبەر بوو.

- منیش دێم...

ئەحمەد و ئیدریس و گشتیان دەڵێن قەیاغ و کەڵەک خەتەرن؛ نابێ بڕۆی تا لە بارزانی نەپرسین. لەوانەیە لێمان تووڕە بێ. گوتم: هەر دەچم. ئەمجار بۆ تەجرەبە؛ شەرت بێ ئەگەر ئاو بردمی و خنکام، تازە ناپەڕمەوە!

بە کن گۆڕستانی «بلە»دا ڕابردین؛ قەڵەباڵغ بوو. پێنج شەهیدی شەڕی ئەو ڕۆژەیان دەناشت کە یەکیان «مەلا شێنی» ئەو قارەمانی بەناوبانگ بوو؛ لە پیرس شەهید کرابوو. نوێژی بەیانی بە قەیاغ پەڕینەوە. لە ڕووتەن دەڕۆیشتین، نزیک بە لێوار ببووین. تازە گزینگ لە سەرانی دەدا، پێنج تەیارە لە عاسمان پەیدا بوون. تا ئەوان چەرخیان خواردەوە. خۆمان گەیاندە ناو داران و بەر موشەکیان داین. لەبن دارێکی زۆر زلی پڕ لک و پۆپدا ستار بووین. تەیارە دەستیان هەر هەڵنەدەگرت. بەڵای گەورە ترسێکی زۆری «جەمیل» ناوێک بوو- پێم وایە بانەیی بوو- ئۆقرەی نەدەگرت. لە جێ دەردەپەڕی و مەیدانێک ڕایدەکرد و دیسان لە ترسان دەهاتەوە بن دارەکە؛ کە تەیارە هەستیان پێدەکرد لە کوێ خۆمان حەشار داوە. لەو گوللەبارانەدا قاپۆڕە مووشەکێک (فیشەکێکی زل) لە بەردێک هەڵبەزیەوە و کەوتە ناومان. مام عەلی دەستی بۆ برد، گوتی: وەی سەگبابە دەستم سووتا! لە دانیشتنی بن بەرد وەڕەز بووم. دەرکەوتم چوومە سەر ئاو. گۆمێکی لێ بوو؛ مەلەم تێدا کرد. دارتوویەکم دیتەوە، خەریکی توو خواردن بووم. چاوم لێ بوو ژنێک بە ماتە ماتە بە بن دیوارە بەردێکدا دەڕۆیشت. لە بن ئاو هەڵدێرێکەوە بە بەرد هەڵچوو. لە کونە بەردێک لەو بەرزەوە بوخچەیەکی دەرێنا و هاتە خوار. سەری کابرایەک لە کونەکەوە دەرچوو، دەیەویست بێتە خوار؛ شێوابوو. هەرام لێ کرد:

- بچۆرەوە ژووری کون، دە پێشدا لاقان بەڕێ کە! دەنا بە سەر تۆقی سەردا دەکەوی!