نەقڵی کوژرانی سماییلاغای سمکۆ

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1052 بینین

دیتم بەزم خۆشە، هەر دەڵێم دەبێ ببارێ، دەڵێ وا مەڵێ! پاش سێ سەعات کەوتن و قوڕ شێلان، لە کازیوەی بەیاندا گەیینە سرێشمە. هەموو کەس ببووە گۆڵی قوڕاوی. هەر کوێ دەست کەوت خۆمان لێ بە عەرزدا دا. فڕانسوای ناسکیش سەر تا پای ببووە قوڕ؛ کەچی بە من پێدەکەنی! دوای نووستنێکی کەم خۆمان شتەوە. من و فڕانسوا و ئەنوەر میرزا بەر ماڵێک کەوتین. ئەحمەد تەوفیق و باقیی برادەران بەر دوو یا سێ ماڵ کەوتن. بارزانی میوانی «ئەحمەد شاباز» بوو کە پیرەمێردێکی سەد و بیست ساڵەی زۆر بەگورد و تاقەت و باوکی هەموو خەڵکی گوندەکە بوو. نەدیدەی خۆی دیبوو؛ شێست و پێنج پیاوی چەکهەڵگری - لە کوڕ و نەوە - هەبوو. مەڕ و ماڵات و ڕەوەی یەکجار زۆر بوو. گەرمێن - کوێستانی دەکرد. لە ئەحمەد شاباز نەقڵی کوژرانی سمایلاغای سمکۆم بیست. گوتی: لە کوێستانەوە چووبووین لە شاری شنۆ خوێ بکڕین. تووشی خورشیداغای هەرکی بووم، گوتی: ئەحمەد لە شار دەرکەوە، پاشان وەرەوە!

- ئاغا خوێمان لازمە.

- دەڵێم بڕۆ دەر...

لە شار دەرکەوتین. دوای چەند سەعاتێک خەبەر هات کە سمایلاغا و خورشیداغا بەر گوللە دراون و کوژراون. پاش چەند ڕۆژێک پیاوێکی خورشید بۆی گێڕامەوە: سمایلاغا سوێندی خواردبوو نەچێتە شاران. خورشید کە دۆستی هەرە نزیکی بوو، قەولی چوارسەد لیرەی لە عەجەمان ساندبوو، کەوتە بن کڵیشەی سمایلاغا کە بە هێندە سوێند و قورعانە عەجەم فکریان خراپ نییە و ناچار کرد بچێتە شنۆ. بۆیە ئەویشیان هەر کوشت کە کارەکە سەر بە دەرخۆنە بکرێ و چوارسەد لیرەش نەدرێ.

فڕانسوا زۆری حەز لە چارەی ئەنوەر نەدەکرد. ئەویان بردە ماڵێکی تر و دووبەدوو لەو ماڵە ماینەوە. ڕۆژانە بێکاروبار دەچووینە دەری دێ و لاسای تارزانمان دەکردەوە: بە دار هەڵدەچووین و بەو ڕەوەزانەوە دەگەڕاین و دەمانقریواند. تا لای ئێوارە بەرەو ماڵ دەبووینەوە. شەو دەچووینە لای بارزانی. بۆ خەو دەهاتینەوە ماڵەڕەش. ئەو کیسەخەوێکی هەبوو، بێخەم تێ دەخزا. منیش تا بەرەبەیان دەگەڵ کێچان ڕاز و نیازمان دەکرد.

مەلا مستەفا زۆری ڕق لە کەسانێک دەهات کە بڵێن ئارەق دەخواتەوە و کەس زاتی نەبوو لە شۆڕشدا بخواتەوە. شەوێک فڕانسوا گوتی: بوترێک کۆنیاکی فەڕانسیم هەیە؛ با بیخۆینەوە. تێمگەیاند کە لە ناو خەڵکی گوند شتی وا ناکرێ؛ بەڵام لە دەشت فکرێکی بۆ دەکەمەوە. لەناو دارستانێکی زۆر چوغوردا، کانی و ئاوێکی زۆر خۆش هەبوو، هیچ ڕێگەشی بۆ نەدەچوو، چووینە ئەوێ. خۆمان ڕووت کردەوە و بە تای دەرپێ لە دەم کانی دانیشتین کە هەم تاوی بەهارمان وێ کەوێ، هەم کۆنیاکیش بخۆینەوە. لەپڕ لەبن دارانەوە «کافی نەبەوی» کە سەرهەنگێکی تۆپخانەی عێراقی و هاتبووە شۆڕش و زۆر لە بارزانی نزیک بوو، سەری دەرێنا:

- ئەوە چ دەکەن؟ بەشم نادەن؟!

- فەرموو!

دەگەڵی خواردینەوە. ئێوارە درەنگی ئەو ڕۆژە چوومە لای بارزانی. کافی لەوێ بوو.

بارازنی گوتی: هەژار ئەمڕۆ لە کوێ بووی؟ تا کوێ چووی؟

دڵم ئاگای کرد خەبەر چییە. گوتم: ئەمڕۆ دەگەڵ فڕانسوا چووینە سەر کانیەک لە دیوی خەڵیفان، بوترێ کۆنیاکی هەبوو کە بیخۆینەوە. کاک کافی لێمان پەیدا بوو، نیوەی ئارەق ئەو خواردیەوە، نەیهێشت بە گیانمان بکەوێ!

باوەڕ کە کافی وەک جاو سپی هەڵگەڕا. قەت پێی وا نەبوو من حاشا ناکەم و ڕاستی ئەو گوناهە لە خۆم دەڵێم، مات و بێدەنگ پاڵی بە دیوارەوە دا.

بارزانی بە بزەیەکەوە پرسی: جا ئەم سەگە ئەم ژەهرەمارەی لە کوێ بوو؟

- نازانم، بەڵام پێم وایە هەر ئەوەندەی هەبوو کە لێمان خەلاس کرد!

کافی هەر زۆر زوو گوتی: قوربان تۆزێک نەخۆشم، لە خزمەت مەرەخەس دەبم. ڕۆیشت. بارزانی تەنیا ئەوەندەی گوت: چەند خۆشە کەس دووڕوو نەبێ!

کافی کە دەگەڵ ئێمە خواردبوویەوە، لای بارزانی شەیتانی لە من کردبوو کە هەژار بە دزی تۆ ئەم کارە خراپەی کردووە؛ تا خۆی بە باش نیشان دا!

لە فڕانسوام پرسی: تۆ ئەو کۆنیاکەت لە کوێ بوو؟ گوتی: هەر لە کۆیە ژنەڕاڵ ڕایسپاردبووم بۆم بکڕن.

لەو حەمام گرتنی هەتاوەدا تاو بردمی. فڕانسوا قوتوویێک نیوای دامێ، چا بوومەوە و فێر بووم بەر لە خۆ وەبەر تاودان پشت و شانم پێ دەهەنوو.

فڕانسۆ بە قەولی خۆی بەختی نەیهێنابوو لەم ماوەیەدا تووشی شەڕ ببین و عەکسی شەڕی ڕاستی بکێشێ. بەڵام لە کاروانی لەشکرچی و هاتوچۆی چەکداران و شتی وادا زۆر عەکسی گرتبوو کە دەیگوت دەتوانم بە پووڵی ئەوانە خانوویێک لە پاریس بکڕم.

ڕۆژێک گوتی: تۆ زۆرت حەز لە پیوازە، ئەوە باش نییە.

گوتم: تۆ ڕەنگە قەت کیتابی موقەددەست نەدیتبێ.

- چۆن نەمدیوە؟ خوێندوومەتەوە.

- پرسیارێک: خودا بەر لە هەر شتێک چی خەلق کرد؟

- کەلیمە.

- نەخێر. نەتزانی. پیواز! کە تەبەقە تەبەقەیە و خڕە وەک زەمین و ئەستێرەکان؛ ئەمەی کردە نموونە و شتی تری لە گوێرەی هەڵخستەوە!

هەر پێدەکەنی و دەیگوت: ئافەریم بۆ کەشفی باشت!