کوودەتای بەعسی، هەڵێک کە باش هەڵکەوتبوو

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1031 بینین

خەبەرێکم بۆ هات: «مەکتەبی سیاسیی حیزب دەڵێ دەبێ یەکجاری بێتە کوردستان. ڕادیۆمان پەیدا کردووە؛ ئیدارەی بکا». بۆ خۆ ئامادەکردن و دابینکردنی ماڵ و قەرزوقۆڵە ڕێککردن، حەوتەیەک مۆڵەتم خواست. دەبوایە شەممە بڕۆم، جومعە کوودەتای بەعسی قەوما. لە سەربانی ماڵەوە زۆر باشمان دەدی کە بۆمباران وەزارەتی دیفاع (بنکەی قاسم) دەکرا. من بە هەموو عەقڵی خۆم پێم وا بوو لەشکری کوردی خۆمان هەلی بۆ هەڵکەوتووە و زەربەتی خۆی چاک دەوەشێنێ. هەر کە خۆم ئامادە دەکرد، چوومە لای جەلال بابانی کارگوزینی ئیدارە. گوتم: لە ئیدارە دەرم بکە با حقووقی مانگێک لە زیادی وەرگرم، دەچمە شۆڕش. گوتی: پەروەندەکەت هێند پاکە ناتوانم هیچ بەهانە بدۆزمەوە. تۆ تەنانەت ئیجازەکانیشت دەکار نەکردووە.

بەغدایی زۆریان عەبدولکەریم قاسم خۆش دەویست. هەر خەڵکی بازاڕ و کۆڵان، بە هەزاران ڕژابوونە وەزارەتی دیفاع کە چەکمان بدەنێ شەڕ دەکەین. بەڵام غللووری و سەرسەختیی قاسم لەوانە نەبوو؛ هەر گوتبووی: هیچ نییە؛ ئێستا خەلاسیان دەکەم. خەڵکەکەیان دەرکربوو؛ لە مەیدانی پێش وەزارەت کۆ ببوون و بژی قاسمیان دەگوت. چەند تانکێک بە عەکسی قاسمەوە هاتبوون؛ خەڵک بە خۆشییەوە بە پیرییانەوە چووبوون؛ تانک لێیان وە خۆ کەوتبوون؛ سەدان کەسیان بەر تیربار دابوو. بۆ ڕۆژی دوایی - چێشتەنگاو - قاسم گیرا و کوودەتا سەری گرت. لە ڕادیۆوە لەسەر یەک فەرمانی قەتڵوعامی شیووعییان بڵاوکرایەوە. زۆر لە شیووعیان دەبن زنجیری تانکی دەسکردی ڕووسیادا پان و فڵچ کرانەوە. زۆر کەسیان بە مشار دەست و پێ بڕیەوە؛ بە تەور و نێزە لەتوپەت کرد. گەڕەکە کوردە فەیلییەکانیان - کە لە دەوری بارەگای غەوس بوو - شەلم، کوێرم، ناپارێزم وە بەر تۆپ و گوللە تانکان دا. ئەوی بەعسی دەگەڵ شیووعی و لاگیرانی شیووعییانیان دەکرد، ڕەنگە تەیموور لەنگ و هۆلاکۆش لە دەستیان نەهاتبێ. قاسم و چەند کەسێک لە وەزیرەکانی لە مەرکەزی ڕادیۆ بەر گوللە دران. لەو جەهەننەمەدا تووشی نووری ئەحمەد تەها بووم. گوتی: خەم مەخۆ! بەعسییە زەلامەکان کە دەگەڵ مامۆستایانی ئێمە لە حەبسدا بوون؛ قەولیان پێ داوین کە ئیستیقلالمان بدەنێ و لە عێراقمان جوێ کەنەوە!

- کاکە نووری! ئەوانەی کە نەژادپەرستی وا توندوتیژن، چۆن بۆ کورد جێگەی متمانەن؟ من قەت بەو دۆعایە ناڵێم ئامین.

- کاکە تۆ هەمیشە بەدبینی؛ ناشزانی سیاسەت مانای چی!

- یاخوا وا بێ...

وا بزانم سێهەم شەوی کوودەتا بوو، مامۆستا ساڵح یووسفی - کە لە زەلامەکانی پارتی و لە حوکمی قاسمدا گیرابوو - هاتە سەر ڕادیۆ. مبارەکبادەی لە برایەتیی کورد و عارەب کرد و تێری دۆعای بەخێر بۆ بەعس کرد. لە هەموو بەعسییەکان توندتر و تیژتر و دژی شیووعی و کوردیش «عەلی ساڵح سەعدی» بوو کە کرابووە وەزیر. کوڕە کوردێکی خەڵکی قوشتەپەی پەنا هەوڵێر بوو. برایەکی بە ناوی نەدیم ساڵح سەعدی لە «مەبانی عام» بوو؛ هەزار جار ناوی بابی دێنا. هەروەها «تەها ڕەمەزان جەزراوی»؛ ئاجودانی هەمیشەییی سەدام «سەباح میرزای ئەردەڵان» کورد بوون و دوژمنی سەرسەختی کورد!

چەند لاوێکی پارتی، وێکەوتن حەبسکراوە کوردەکان لە حەبس دەرخەن. زۆر ئەفسەر و کوردی دیکەش لە حەبسان دەرچوون. خەبەر هات کە جەلال تاڵەبانی لە جەبهەی شەڕەوە هاتووە بۆ تەبریک و گفتوگۆ. لە ئوتێل بەغدا دیتم. لەناو قسەی باسی جەبهە و پاڵەوانەتیی پێشمەرگەدا، ئەم چەند پرسیارەم لێ کرد:

- ئێوە کە وا سەرکەوتبوون، حوکمی بەغدا چل و هەشت سەعات لە بەر یەک هەڵوەشابوو، کەس ئاغای کەس نەبوو، بۆ چی هجوومتان نەکرد دەو پاشاگەردانییەدا کەرکووک بگرن؛ کە لە هەموو شوێنان حەساستر بوو؟ ئەو دەم ئەگەر قاسم نەکەوتبا، دەیگوت بەگژ دوژمنمدا چوون؛ ئەگەر وەک ئێستا بەعس سەرکەوتبا، دەتانگوت بەگژ هێزەکانی قاسمدا چووین. با ئێستا وتووێژی بەشی کوردی بکەین.

لەبیرمە بە حیرسێکەوە گوتی: قسەی بێتام دەکەی! سەرباز دەناو سەنگەردا، کڵاوخودی ئاسنی بە سەرەوە، تفەنگ و تۆپی ڕووی دە منە؛ چۆنی بگرم؟

- کاکە ئەگەر لەشکرێک فەرمانی لە بەغداوە بۆ نەیە و نەزانێ سەر بە کام دەستەیە بۆت نەگیرێ، ئەگەر فەرماندەی بۆ دیاری کرا چەک و فەرمانی لە سەرەوە بۆ هات، زۆر زەحمەتتر دەبێ.

- نا کاکە! ئەگەر خەتایەکیش هەبێ لە بارزانییەوەیە؛ ئەو گوتی شەڕ ڕاگرن. برا ئەو پیاوە هەر سەواری سەری خۆی دەبێ. لە باتی سیاست خەون دەبینێ!

- دە بە خودا خەونەکەشی ڕاست بوو؛ دوو ڕۆژ پێشتر گوتی قاسم دەڕووخێ.

- ها، نازانی بۆ چی گوتمان تۆ وەرە؟ بۆ ڕادیۆ نەبوو. ئێمە نێوانمان دەگەڵ بارزانی ناخۆشە؛ تۆی خۆش دەوێ. وا بکەی نێوانمان خۆش کەیەوە. دەبێ هەر دەگەڵ خۆم بێیەوە.

داوای لە پیاوی دەوڵەت کرد - کە لە بیرم نەماوە کێ بوو - لە تەیارەدا جێگەی منیش بکەنەوە. پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە گوتی: ڕێگەی بۆ لە تەیارەدا نادەن.

تووشی یووسف میران بووم - کە برادەرێکم بوو؛ بە ڕوتبەی سەرگورد و لە حەبس بەردرابوو - گوتم: کاک یووسف دەترسم بتگرنەوە. با هەتا دەرفەت ماوە ڕاکەین. کاک یووسف جلکی ئەفسەری کردە بەر، بە تاکسییەک هەر ئێوارە بەرەو کەرکووک هاتین. لە سایەی جلکەکانیەوە ئیجازە دراین لە دەروازەی بەغدا دەرکەوین. لە ڕێگە جلەکانی گۆڕی و شەو هاتینە ئوتێل سیروان لە کەرکووک.