تەرزی ژیان

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 14 خولەک  1183 بینین

ڕەنگە بە هەزاران کتێب و مەقالە لەسەر ژیان لە شۆرەویدا نووسرابێ؛ کە نووسەرەکانیان پەیامنێری ڕۆژنامە جیهانییەکانی موحتەبەر، یان زانا و دوڕناسی بەناوبانگ بوون. لێرەدا من کە وەک لە بەسەرهاتی پێشووم تێگەیشتووی، لە لێکدانەوە و زانینی مارکسیسمدا وەک کوێر و کەڕی ناو زەماوەندم؛ تۆ چەند لە گۆرانی و شیعری ژاپۆنی دەگەی، منیش لەو بارە وام و کۆڵی تریش. بەڵام من وەک دیومە باسی دەکەم و ئەگەر خوار و خێچیشت تێدا دیت، بە لێنەزانییەکەمی ببەخشە! من چیرۆکی خۆم دەنووسم؛ نە شی کردنەوەی مارکسیسم.

چۆن لە عێراق و ئێران مەسەلەن، ئۆتۆبۆسی ناو شاران ماڵی دەوڵەتە و پووڵی بڵیت بە دەوڵەت دەگا و شۆفیر و کارکەران سەری مانگ حقووق لە دەوڵەت وەردەگرن، لە شۆرەوی هەموو شت کراوەتە ماڵی دەوڵەت. بەهرەی کاری هەموو کەس بە دەوڵەت دەگا و هەموو کەس حقووق لە دەوڵەت وەردەگرێ؛ هەر کەس بە پێی کاری خۆی. هەیە مانگێ پێنسەد ڕووبڵ، هەیشە مانگێ خوا دەزانێ چەند وەردەگرێ. واتا لە ٥٠ دۆلارەوە تا نازانم چەند. کارم بەوە نییە کە زانایانی ئاتۆم و پایەبەرزەکانی عیلمی چیان دەدرایە؛ بەڵام نووسەری وا هەبوو ساڵێ ملیۆنێک ڕووبڵی داهات بوو. چونکە جگە لەو پووڵەی دەوڵەت بۆ هەقی نووسینەکەی دەدا، نووسراوەکەی چەند جار لە چاپ بدرایەتەوە، نیوەی بۆ ئەو بوو. کەوابوو ئەگەر تەبەقەی دەوڵەمەندی زەمانی نیکۆلا لەناو چووبوو، تەبەقەیەکی تر بە داهاتی زۆرەوە پەیدا ببوو. بەڵام فەرقەکە لێرەدا بوو کەس هەر چەندی پووڵی هەبا، نەیدەتوانی خەڵکی دی بخاتە بەر کار و خۆی بە تەنبەڵی بەسەریان ڕابگا. کابرای کە زۆری پووڵ پێ دەگەیشت هەر دەیتوانی ئەسپابی ناوماڵی بەنرخ بکڕێ؛ خۆش بخوا و خۆش ڕابوێرێ. دەوڵەت کە خۆی خاوەنی هەموو شتێکە، نرخی هەموو شتی دیار کردووە. کارێک کراوە کە هەر پووڵێکی دەگەڕ دایە، ڕاست بڕژێتەوە ناو داخڵەی دەوڵەت. نرخی شتی زۆر پێداویستی ژیان، وەک نان و پێخۆری کە لە ماڵ دروست بکرێ هەرزان و شتی زۆر ناپێداویست و دەوڵەمەندانە، لەوپەڕی گرانیدا بوو. ماشێنی مۆسکۆویچ کە لە بەغدا بە شازدە هەزار ڕووبڵ دەفرۆشرا، بۆ خەڵکی ناوخۆ پەنجا هەزار بوو. کاری بێ ماندوو بوون هەرزان و کاری گران، گران قیمەت بوو. بژیشک حەوتسەد و پەنجا، موهەندیسی وەرزێری هەزار و سەد، کارگەری کارامەی کارخانە دوو هەزار و سێسەدی وەردەگرت. کاری شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و هونەرپیشەی تئاتر و سینەما، لە کارە زۆر بەنرخەکان بوو. وەک دەیانگوت: ئەندامانی حیزب لە خەڵکی ڕەمەکی زۆر خۆشتر دەژین. تەنانەت جۆکێک هەبوو کە لە قەتاردا دوکتورێکی هاوڕێمان گێڕایەوە:

«پۆلیس شەو بە کۆڵان و خەیاباندا دەگەڕان، هەر سەرخۆشێک تووش بوونایە، دەیانناردە گرتووخانە تا بەیانی. چەند کەسێکیان گرت و ناردیان. چوونە سەر یەکێکی کە لە بەفردا درێژ ببوو. ئەفسەر بۆنی بە دەمییەوە کرد و گوتی: ڕەفیق بە تاکسی بەرنەوە ماڵی؛ چونکە بۆنی کۆنیاکی گرانی لێ دەهات!».

ڕادیۆی چەند مەوج بە دوو هەزار و پێنجسەد تا سێ هەزار بوو؛ یانی کرێی چوار مانگی بژیشکێک. ڕادیۆی یەک مەوج هەبوو کە هەر مۆسکۆی دەگرت، بە بیست و پێنج ڕووبڵ کە دەیکردە هەقی بوتڵێک ودکا، یان دوازدە ئیستیکان چای لە چاخانە. ئەو خەڵکە کە لە دە هەزاری یەکێکی زمانی لاوەکی نازانێ، کاری بەو ڕادیۆ هەرزانە پێک دەهات».

خوا هەڵناگرێ دزیش لە دەوڵەت و میللەت دەکرا. بۆ نموونە: خەیاتە، بۆی دیاری کراوە دەستێ جل بە دووسەد ڕووبڵ بدروێ. مشتەری کە دەچوو، دەفتەرێکی زەلامی لێک دەکردەوە:

- ناوت؟ ئەندازەت؟ فڵانت؟... باشە پاش حەوت مانگ وەرەوە!

- کاکە ئەوە زستانە، سەرمامە، چۆن حەو مانگی تر؟!

- ببەخشە، هەموو شت بە نۆرەی خۆی. ئەوەندەت خەڵک لە پێشەوەیە.

- دایکت چاک، بابت چاک، فکرێک، چارەیەک. وەک تۆ دەڵێی قەل گووم ناگەیەننە بەهار.

- ها! لەبەر خاتری تۆ دەبێ لە ماڵەوە بۆت بدرووم؛ بەڵام دەبێ هەشتسەد ڕووبڵ بدەی!

خۆ ئەگەر نەشتدابا و حەوت مانگەش ڕاوەستابای، جلکێکی بۆ دەدرووی لە تاژی کەن بتۆرێ!

سەدان تەلەویزیۆن لە مغازەێکە، نرخیان لەسەر نووسراوە، بەڵام دیسان دەفتەرە بۆر هەیە:

- هەر وەخت نۆرەت هات، چونکە ئەوانە هەموو گیراونەوە.

- ئەدی ئەگەر زیاترت بدەمێ؟

- باشە یەکێکیان هەڵگرە، خاوەنەکەی ڕازی دەکەم!

لای دەلاکێک سەرم تاشی، شەش ڕووبڵی ساند. سەڵماسی پرسی:

- ئۆدکڵۆنیان لێ دای؟

- بەڵێ.

- نرخی دوو ڕووبڵە. بەڵام چوارەکە حەقی ئۆدکڵۆنەکەیە کە بۆخۆی بردووە!

لە ماشێنێکی تایبەتی وەزارەتی لەشساغیدا چوومە وەزارت. لە خەیابانی گۆرکی پۆلیس ڕایگرت. شۆفێر دابەزی و سرتەیەکی کرد، هاتەوە. سەڵماسی پرسی:

- چەندی لێ ئەستاندی؟

- پێم گوت میوانی لاوەکیم پێیە، دوایە پێنج ڕووبڵت دەدەمێ! هیچ موخالەفەشم نەبوو؛ بەڵام ناوی نووسیبام چەند ڕۆژێک لە کار دەکەوتم.

جارێک خاوەن تاکسییەک گوتی: «پۆلیس تەشقەڵە بە هەموو تاکسییەک دەکەن». لە ڕێدا ئەم پرس و وەرامە لە نێوان شۆفێر و سەڵماسیدا ڕابرد:

- حقووقت؟

- چوارسەد ڕووبڵ.

- جا چۆن پێی دەژی؟

- پیاوی پووڵدار نەبێ سواری تاکسی نابێ. حیسابی تاکسیش لەسەر میتراژە. پێم دەڵێن لە سەرمان ڕاوەستە، نیو سەعات، سەعاتێک. ئەوسا بەخششێکی باشم دەدەنێ.

- ئەگەر تاکسییەکەت شکا چ دەکەی؟

- دەچم لە ئیدارە دەینووسم، نمرە و تاریخێکم دەدەنێ. ئەوجار خۆم دەچم چاکی دەکەمەوە لەسەر حیسابی خۆم؛ چونکە لەوانەیە لە ئیدارەکە دوو مانگ مەحتەلم کەن. ئەوان بۆخۆیان پووڵی چا کردنەوەکەی لەسەر دەوڵەت حیساب دەکەن و دەیخۆن؛ منیش کارم پەکی ناکەوێ.

بەڵام هەرچەند دزی بکرێ لە دارایی دەوڵەت زیانێک ناکەوێ؛ چونکە هەمووی هەر دێتەوە گیرفانی خۆی. ئەگەر ملیۆن ڕووبڵت هەبێ، لە دەرەوەی ڕووسیا بە فلسێک ناچێ. لە ماڵەوەی دانێی، لەوانەیە لێت بدزن؛ لە بانکی دادەنێی لە ژێر چاوەدێری دەوڵەت دای: «بۆچی خەرجی ناکەی؟ مەنزوورت چییە؟ ڕایدەگری؟...»؛ لێت دەبێتە بەڵا و ناچاری خەرجی کەی، شتی لووکسی پێ بکڕی؛ ئەویش وا گران کراوە وەک مار پێتەوە دەدا، دەبێتە ئاگر پووڵە زیادەیەکەت دەسووتێنێ.

لە ڕستووران تا سەعات یازدە و نیو کرێکاران جەمێکیان بە دوازدە ڕووبڵ دەخوارد. هەر ئەو ڕستوورانە لە نیوەڕۆوە موزیکاڵی دەهاتنێ، جەمێک لە سەد و دووسەد ڕووبڵ دەدا. جەمی ئەعیانانە زۆری پێ دەویست. ئەگەر کەرستەت بکڕیبا و لە ماڵ لێت نابا، زۆر هەرزان دەکەوت.

لە شۆرەوی کەسێ کارێ دەوڵەتی نەکردبا، بە زۆر نەدەخرا بەر کار؛ بەڵام حقووق نەبوو. وەستای تەلەفۆن و تەلەویزیۆن و ڕادیۆ چاکردنەوە هەبوون کە ئازاد بوون و لە ماڵان کاریان بۆ پەیدا دەبوو. ژن هەبوون، دەبوونە کارەکەری ماڵان، بەڵام دەبوایە وەک کرێکاری دەوڵەت ڕۆژێ هەشت سەعات کار، هەفتەی دوو ڕۆژ وچان، ساڵی مانگێک مەرەخەسی بە حقووقەوە وەرگرن. سەڵماسی کڵفەتێکی وای هەبوو کە وەک فیرعەون حوکمی دەکرد. شەوێک لە دانشگای گردی لێنین چووبووینە دەعوەتی خوێندکاران. مەشرووب هەبوو، نان نەدرا. سەعات دوازدە هاتینە دەر، زۆرم برسی بوو؛ گوتم: سەڵماسی تازە نان دەس ناکەوێ. دێمەوە ماڵە ئێوە نان دەخۆم و هەر لەوێش دەنووم.

- جێگەی خەومان نییە.

- کاکە دەچم لە ژووری کڵفەتەکە دەخەوم؛ لێم ڕوونە دەرم ناکا.

گوتی: نایەڵم بێی، دەتبەمەوە ئوتێل.

بەیانی ئەو ڕۆژە هات.

- کاکە چم لێ دەکەی؟!

- خێرە؟

- کوڕە غەڵەتێکم کرد، بۆ کڵفەتەکەم گێڕاوە کە تۆ چت گوت؛ ئەوا لێم بە قین داچووە دەڵێ: پیاوێک حورمەتی منی لەبەر بووە تۆ نەتهێشتووە بێ؛ هەر ئێستە دەڕۆم!

- مستەفا گیان هاسانە، بمبە بۆت ئاشت دەکەمەوە!

- ها! لە بەغدا بڵێی گەوادیم پێ کردووە؟! نایەڵم!

سێ کاری زۆر گرینگ لە ڕووسیا پێک هاتووە: بیمەی هەمووانی، کار بۆ هەموو داخوازی کارێک، خوێندن بۆ هەموو منداڵێک؛ کە ئەم سێ شتە بێخەمن. مەسەلەی مەسکەنیش لە ڕێگەی حەل کردندا بوو. قەرار وابوو تا ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا ئەو گیر و گرفتەش نەمێنێ. چوومە سەیری خانوو کردن: لادیوارێک لە قالب دراو دەگەڵ سێ لادیوار و سەربانی ساز، لێک دەدرا و هەر هێندەی بڵێی یەک و دوو دەبوو بە وەتاغێک. دەیانگوت وا هەیە نهۆمێک لە زەوین لێک دەدەن و دەیبەنە سەر نهۆمێک؛ کە من ئەوەم نەدیت. خانوو زۆر گەورەن. هی وایە جێگەی سەدان ماڵە. ئاسانسۆر هەیە؛ تەلەفۆن بۆ چەند ماڵێک هەیە؛ گاز لوولەکێشی کراوە. دەوڵەت لە سەدی شتێکی کەم لە حقووق دەبڕێ، وەبەری دەخا. ماڵەکان چکۆڵەن؛ لە وەتاغێک و ئاشپەزخانەیەکەوە تا سێ وەتاغ هەیە؛ بێ ساڵۆن. چەند ماڵ لە کۆریدۆرێک دان؛ درگایان بەرانبەری یەکە. کابرا دەبێ هەمیشە درگا پێوەدا، ئەگەر نەیەوێ ژووری ماڵی ببینن، کە ئەمە ڕەنگە بۆ خەڵکی دەرەوەی خاوەنماڵ زۆر ناخۆش بێ. بەڵام لەوێ ئەگەر ئەمە دەست کەوێ نیعمەتە.

لە سەرمای زۆر سەختدا و لە گەرمادا، بازاڕ و میترۆ و ئوتێل لە مەرکەزەوە گەرم و فێنک دەکرێنەوە. ڕووس بە گشتی و مەسکەوی و لینینگرادی زۆر تەڕپۆشن و جلکی جوانیان زۆر حەز لێیە. هەرچی دەستیان کەوێ لە پۆشاکی جوانی خەرج دەکەن. سینەما و تئاتر مایەی سەرگەرمی هەمووانییە. نەخوازا بالشۆی تئاتر کەسێک بە دوو مانگیش بڵیتی دەس کەوێ، شانازی بە بەختی دەکا. چوومە بالشۆی تئاتر، بالییەی (پشت کووڕی نۆتردام) بوو. خوێندنەوە یەکجار بەڕمێنە؛ زۆریش هەرزان دەست دەکەوێ. تیراژ هەرچەند بێ، کتێب زۆر زوو لە بازاڕ نامێنێ. شەوێک لەبەر دەرکی تئاترێک کتێبێکم دیت: (چەند چیرۆکی کوردان)، سەڵماسی نەیهێشت بیکڕم: «لە پاشان دەیکڕین...». هاتینە دەر نەمابوو. گڕووم گرت هەر دەبێ پەیدای کەی. زۆر شوێنان گەڕابوو دەستی نەکەوتبوو. بە ڕۆژێک خەلاس ببوو.

بە تێکڕایی خەڵکی شار دەگەڵ خەڵی لادێ زۆریان فەرق هەبوو. خەڵکی لادێ جلشڕ و پێخواسی زۆریان هەبوو. بەڵام ئەوی ڕاست بێ خانووی دێنشینەکان کە لە دار کراوە و لە ناو باغچەدا هەڵکەوتوون، بە چێژەی من زۆر لە خانووی شارستانییەکان خۆشتر بوو. دەمگوت: «ئەگەر ماڵم لە ڕووسیە با، لە خانووی لادێدا دەژیام و کاری شارستانم دەکرد!».

ئازادی قەڵەم و بیر و ڕای تاکەکەسی دەربڕین وەک وڵاتانی عەرەبی و میسر و ئێرانە، کەس ناتوانێ ڕەخنە لە دەوڵەت بگرێ. خەڵکەکەش زۆر ساڵە فێری بوون و پێیەوە گەورە بوون، گوێ نادەنە ئازادی فەردی هەیە یان نییە.

بۆ جحێڵان - کوڕ و کچ - ئەوپەڕی خۆشییە؛ بەو شەرتە نان و بەرگیان دابین ببێ. من دیتوومە کچ پێش بە کوڕێک بگرێ و لە نێو هەواڵان و خەڵکدا بڵێ: «تۆم پێ جوانە، وەرە با پێکەوە بگەڕێین»، کە هیچ بە عەیب حیساب نەکراوە. لاوێک بە هەر ژنێک بڵێ: «تۆم خۆش دەوێ» و دەعوەتی بکا، ئیتر پێی ناڵێ: «دە دمی بابت ڕیم!»، ئەگەر نەیەوێ بە پێکەنینەوە دەڵێ: «من کارم هەیە، ناتوانم، ببەخشە!».

جگە لە سیاسەت مەداران و هێندێکی کەم لە ڕەشایی گەل، هەموو زۆر لە دنیای لاوە بێخەبەرن؛ لایان وایە ژیان هەر لە شۆرەوی دایە و خەڵکی وڵاتی سەرمایەداری، یان لەو خاوەن کارخانانەن کە بە هەزاران کارگەر وەبەر قامچی دەدەن و لەسەر کەمترین بیانوو دەیانکوژن، یان کرێکارە بەر قامچییەکەیە؛ ناونجی تێدا نییە. لە منیان دەپرسی: تۆ کرێکاری؟

- نەخێر دووکانی خۆم هەیە.

- چەند هەزار کرێکارت دەبەر دەست دایە؟!

- هیچ، هەر تەنیام.

- باوەڕ ناکەم! دەی چەند پەیدا دەکەی؟

- ڕۆژێ هەقی پیاوێکی کوڵبەر.

- ئای لەو قسە درۆیە!

رۆژێک لە باغچەی ئاسایشگا، ژنێک کە بژیشکی منداڵان بوو ، پڕی بە چنگێ گیادا کرد، پرسی: لە عێراق شتی وا هەیە؟!

- نەخێر! لەوێ ڕژیم سەرمایەدارییە؛ گیا شین نابێ!!

- ڕاست ئێمە لە بەهەشتاین، ئەو هەموو گیایەی دەبینی!

فەتحی گوتی: بۆ درۆی دەگەڵ دەکەی؟

گوتم: نامەوێ لەو خەوە خۆشەی ڕاپەڕێنم...

فەتحی گوتی: یەکێ لەو ئەفسەرانەی ئێرانی کە لە قەلعەمورغییەوە ڕفێنرابوون، بۆی گێڕامەوە: «کە هاتینەوە مۆسکۆ، هەر یەکەی دەگەڵ شارەزایەک دەگەڕاین. شارەزاکەم گوتی: شتێکم هەیە، دوگمەی بادە گوێت لە تاران و زۆر شوێنان دەبێ. دەسکاری شۆرەوییە. وەرە نیشانت دەم.

بردمییەوە ماڵ، پێچی ڕادیۆی بادا، دەنگ نەهات. لە خەجاڵەتیان مات بوو: دیارە باوەڕم پێ ناکەی! کۆتەکەم داکەند، گوتم: جەڕبادەرێکم بۆ بێنە! ڕادیۆم بۆ چاک کردەوە. گوتم: من وەستای ئەو شتانەم!».

نومایشگایەکی سەنعەتی ئەمریکا هاتە مۆسکۆ، زۆر کەس لە ئاسایشگاوە چوون. دەیانگوت: زۆر سەیرە، خۆ ئەمریکاش دەتوانێ هیلیکۆپتەر دروس کا!

رۆژێ کە هەوەڵ مانگی دەسکردی شۆرەوی لەسەر مانگی عاسمان نیشتەوە، بە دوکتورێکی ئەرمەنیم گوت: «بەڕاستی مایەی شانازییە. گوتی: «ڕاستە؛ بەڵام بریا لەجیاتی ئەوە کارخانەیەکی سرونجی باشیان بۆ دروست بکردینایە!».

لە مارکسیسمدا کە دین هیچ جێگای نییە، پێم سەیر بوو کە لە شۆرەوی دینێکی سەربەخۆ پەیدا بووە؛ ئەویش بە پیرۆز زانینی لێنینە. لاشەکەی دە نێو قەبرە شووشەکەیدا مۆمیای کراوە و ماوە و بۆتە جێگە زیارەتی هەموو کەس. لە زستان و هاویندا، هەمیشە بچۆ، بە درێژایی کیلۆمیترێک خەڵکە بۆ نۆرە زیارەت ڕاوەستاوە. دوو دوو دەچنە ژوور، چاویان بە لێنین دەکەوێ و لە دەرکێ ترەوە دەردەچن. قەت لە وڵاتی موسوڵمانان ئەوەندە ڕێز لە گۆڕی پیاوچاکان نەنراوە. کە دەرسی ڕووسی مەدرەسەی منداڵانم دەخوێند، زۆر فەرمایشتی لێنینم دەهاتە بەر کە زۆر ساڵ بوو لەبەرم بوو؛ حەدیسی پێغەمبەر کرابووە وتەی لێنین.

ڕۆژێک چوومە کتێبخانەی لێنین لە مۆسکۆ. لە دەرگا جزوەیەکیان دامێ، نووسرابوو جگە لە مەجەللات، بیست ملیۆن کتێبی تێدایە. ساڵۆن ساڵۆنە، هەر کەسە بە زمانێ کتێب دەخوێنێتەوە، لە ساڵۆنی تایبەتی دادەنیشێ، فیشی ناوی کتێبان و فیشی ناوی نووسەرانی کتێبان دەس بەجێ پەیدا دەکرێ. کارتێک بە شمارەی کتێب دەخەنە بەر لاقی خۆیانەوە کە کونێکە. پاش مدەیەکی زۆر کەم، شتێ وەک قەتاری چکۆڵە کتێبەکە دێنێ و لێی وەرگرە. پاش خوێندنەوە، قەتارەکە دەیباتەوە شوێنی خۆی لە ناو عەنباری تایبەتیدا، کە هەرگیز مۆرانە و شە کاری تێ ناکا. ئەگەر میکرۆفیلمت لە کتێب بوێ، ئەو داوا دەکەی، زەڕەبینت لەسەر مێزەکە لەبەر دەمە، بە درشتی نیشانت دەدا.

من چوومە بەشی فارسی، گوتم بەشی کوردیم دەوێ. لە بەشی کوردی، ژنێکی سەرسپی وەک چۆڕی شیر، زۆر بە سەر و سیما، بەخێری هێنام. گوتی: «کورد لە کتێب ناردن تەنبەڵن. کتێب لێرە تا هەتا دەمێنێ، بەڵام نانێرن»، گوتم: «ئاخر عەیبی خۆشتان بڵێ. زۆر کەس کتێبی کوردی دەنێری؛ بەڵام بە واسیتەی ئاشنایان لە شۆرەوی، ئەوان نایدەن بە کتێبخانە. بۆ نموونە من چەند کتێبم بۆ هێناوی لە مۆسکۆ بە پووڵ کڕیومەتەوە و خاوەنەکانیان بۆ ئێرەیان ناردووە و دزراوە. وای دانێ کتێبم بە ناوی تۆ نارد، کە دەڵێ تۆش بەو دەردەی نابەی؟!».

گوتی: «دەبێ لەسەر ئەو قسەت عوزرخوایم لێ بکەی. من کوردم؛ زۆر حەز دەکەم بەشی کوردی زۆر دەوڵەمەند بێ. من ناوم زێنەب کەریم ئۆڤایە. باوکم خەڵکی شارێکی کوردستان بە ناوی سابڵاغ بوو. زۆری زمان دەزانی، تاجران لەوێوە دەگەڵ خۆیان دەهێنا بۆ تەرجومانی. ئاخری لە تاتاریا دامەزرا و دایکی منی هێنا. نابێ قسەی وا دەربارەم بکرێ».

گوتم: سەد جار عوزرخوایت لێ دەکەم؛ بمبەخشە...

سەیری خۆش ئەوە بوو، بەیتی سەرە مەڕەکەم کە گوتم تەنیا سی نوسخەی نەفەوتابوو، لەوێ هەبوو!

چوومە سیرکی مۆسکۆ. چوومە سینەمای (پەنێڕاما) کە زۆرم پێ سەیر بوو؛ هەر ئەو جارەشم دیتووە. چوومە مووزەی تەبیعی، نامەیەکم بۆ فەتحی نووسی کە: «مەرحوومی کەربەلایی فەتحوڵڵام زیارەت کرد!»، تێگەیبوو کە مەنزوورم ئێسکلێتی قەدیمی گۆریللایە بووە!