نازم حیکمەت
دەگەڵ سەڵماسی و نینا جوولەکەکەی وەرگێڕی شیعرەکانم چووینە دیدەنی نازم حیکمەت. پیاوێکی باڵابەرزی چوارشانە، چاوشین، موو زەرد، هەتا بڵێی خوێن شیرن. لەسەر تەختی پشت لەسەر تەخت ڕاکشابوو. نەخۆشی دڵی بوو؛ نەدەبوایە زۆر ببزوێ. گوتم: زۆر بەداخەوەم ئەو دڵەی کە لە گۆشەیەکەوە کوردی تێدایە ژان بکا.
گوتی: یاهو! ئەوە قسەی شاعیرانەیە. کورد لە ناوەندی دڵمدایە نە لە گۆشەدا. من بە منداڵی لە ماڵی بەدرخانییان ژیاوم و مەمکی کوردانم مژیوە. خۆم لە تۆ بە کوردتر دەزانم... خەڵک لە عێراق و شوێنی تری عەرەب چۆنم باس دەکەن؟
- هەموو کەس دوور بە دوور عاشقتە و ناوبانگت زۆر بەرزە. بەڵام کۆمۆنیستەکانی عێراق (کورد و عەرەبی) و کۆمۆنیستەکانی سووریا لێت ڕازی نین؛ ئەویش هەر لەسەر ئەو قسانەی کە باسی کورد دەکەی.
- چم پێ دەڵێن؟
- چت عەرز کەم؟ دەڵێن های لە دایەی نازم حیکمەت بەین! بەڵێ شتێکی وا!
زۆر پێکەنی. گوتی: ئەوانە کەرن؛ با جنێو بدەن. هەرکەس بتوانێ و یاریدەی ئەم گەلە بەستەزمانە لێقەوماوە نەدا، نابێ بە خۆی بڵێ بنیادەمم. دڵم بەو خەبەرەت خۆشە...
دوو ژن خزمەتیان دەکرد. گوتی: تا فراوین نەخۆی نابێ بڕۆی. ئەوسا مووزەی خۆمت نیشان دەدەم. دوای فراوین، بە سەبرە سەبرە پێشمان کەوت. هەرچی لە هەموو دنیاوە دیارییەکیان بۆ هێنابوو، مووزەیەکی لێ پێک هێنابوون.
گوتم: ئوستاد! دەفەرمووی کوردم خۆش دەوێ، ئەدی کوا شتێکی کوردانە؟
- ئای چەند بەپەلەی! وەرە...
لەسەر تاقەیەک مەخمەری سەوز ڕاخرابوو، جووتێک کڵاشی هەورامی، چەند کەوچک و ئەسکوێی دار، چەند سبیلەی کلکدار و گڵین، زۆر بە جوانی ڕیز کرابوون و نووسرابوو: «دیاری برا کوردەکانم». گوتی: بەر لەوە لە تۆ پرسم بیستبووم کە کۆمۆنیستانی سووریە مەقالێکی منیان تەرجەمە کردبوو؛ ناوی کورد و کوردستانیان دەراویشتبوو کە من نووسیبووم.
عەکسێکی خۆی و چەند کەوچک و گوڵدانێکی داری زۆر جوان کە دەسکاری ئەمریکای لاتین بوو بە دیاری دامێ، کە له بەغدا وەک عەزیزترین یادگار هەڵم گرتبوون؛ بەعسی بە تاڵانیان برد. کە ویستمان بڕۆین گوتی: دوو نومایشم لە مۆسکۆ نیشان دەدرێ، چەند بڵیتت دەوێ؟
نینا گوتی: دوازدە.
گوتم: ئوستاد ئەوە جوولەکەیە؛ دەیەوێ بیفرۆشێتەوە، لە سێ پترم ناوێ.
گوتی: نا، دوازدەت هەر دەدەمێ.
تەلەفۆنی کرد بۆ ژنێک: « چۆنی؟ لاچاوت ماچ دەکەم. دوازدە بڵیت بە ناوی هەژار بنێرە»، ڕووی دە من کرد: «ئاوا دەبێ ژنان بدوێنی، فێر بە!». دوایە هەر خۆی گوتی: «بەخوا پێم وایە لە من شەیتانتری؛ دەزانی چۆن خەڵک بدوێنی!».
چوومە تماشای یەکێک لە نومایشنامەکانی؛ بەڕاستی بە شاکارم زانی.