تۆزێک خەیاڵاتی ڕابردوو

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1068 بینین

با جارێ بێدەنگ لەسەر تەختەکەم ڕاست ڕاکشێم و تۆزێک خەیاڵاتی ڕابردووم بێنمەوە بەرچاو؛ ئەوسا بگەڕێمەوە:

کاتێ لە بۆکانەوە هاتمە سلێمانی، حیزبی پارتی بە ناوی بارزانی ساز درابوو. هەمزە عەبدوڵڵا لە بریکاری بارزانی سەرۆک بوو. برایم ئەحمەد کە ئەویش وەک هەمزە حقووقی خوێندبوو، ببووە وەکیلی دادگوستەری؛ تا کۆمەڵەی ئێمە هەبوو، لقێکی کۆمەڵەی لە سلێمانی سەرپەرستی دەکرد. دوای تێکچوونمان ئەویش ببووە پارتی. هەمزە تاوانێکی چکۆڵەی کردبوو: خوشکی برایمی نازانم چ لێ کردبوو؟! بۆ داکوژانی هەرا، خوشکی برایم درابووە هەمزە، هەمزەش برازایەکی خۆی دابوو بە برایم؛ بوونە خزم. بەڵام لەسەر ڕیاسەت زۆر زوو تێک چووبوون و هەر یەکەی دەستەیەکی بۆخۆی گل دەداوە. وەک گوتم هەموو لایەکیشیان ڕووی نوێژیان دە مۆسکۆ بوو؛ بەتایبەتی کە بارزانی سەرۆکی کوردانیش میوانی مۆسکۆیە. تەنیا فەرقێکیان دەگەڵ حیزبی شیووعی ئەوە بوو: پارتی بۆ ئارادی کوردستان لە ژێر سایەی شیووعییەتدا حەولی دەدا، حیزبی شیووعی بۆ هەموو دنیا و لە باسی کورد و کوردستان ڕازی نەبوون؛ چونکە بەرانبەر بە پێودانی ستالین کورد بە میللەت حیساب نەدەکرا! منیش هەرچەند وەک گوتم بە بێ عیلم و خەبەر، سووری دوو ئاتەشە بووم، حەزم لە پارتی دەکرد کە باسی کوردستانم بۆ دەکا و دەڵێ دەبێ کورد ئازاد بێ و دەوڵەتی کۆمۆنیستی دامەزرێنێ. لە ململانەی دوو سەرۆکی پارتیدا هەر جارە یەکێک سەردەکەوت؛ بەڵام هیچ کامیان لە ناو دەرنەداوێژران.

لە بەغدا بۆ جاری دووهەم چوومە لای هەمزە و ئیتر نەمدیتەوە. دەگەڵ شیووعییان نێوانم خۆش بوو؛ دەگەڵ پارتی هەردووک بەرەش ڕێک بووم. بڕیاریشم دابوو پاش «ژێ-ک» نەچمە هیچ حیزبێکەوە. کاتێ لە کەرکووک شاگرد بووم، جەلال تاڵەبانی - کە لە پاش برایم هەمەکارە بوو - جارێ گوتی: «بە ئەندامم نووسیوی و ناوی فەرعیت (چەلاک) بێ». بەڵام کە هیچ گوێم بە فەرمانی حیزبایەتی نەدا، بێدەنگەی لێ کرا. شیعرەکانم لە بڵاڤۆکی پارتیدا چاپ دەکران، هەموو هاوکارییەکم دەگەڵ دەکردن. شیووعیش دەیانەویست ئەندامیان بم، قبووڵم نەدەکرد. لە لای هەردووک لا بە پاک و بێتەرەفێکی بێغەرەز ناسرابووم و بەوە قازانجم کردوو. جا کە پارتیش خۆیان بە کلکی شیووعی دەزانی و لایان وابوو وەک سۆفی و دەروێش هەردووک هەر بۆ خوایەکی دەکەن، کەس گلەی لێ نەدەکردم: «بۆ دەگەڵ فڵان شیووعی دۆستی، یان بۆ شیعرت بۆ پارتی نووسی؟!». کاری باشیشم ئەوە بوو کە چاوم لە پووڵی کەس نەبوو. زەحمەتی زۆرم دەکێشا، بە ئارەقی ناوچاوانی خۆم دەژیام. نەدەترسام بڵێن وا نەکەی مەعاشەکەت ناگا. «نۆکەری بێ خەڵات و بەرات، تانجی سەری ئاغای خۆیەتی». لەم بارەوە بەرهەڵدایەک بووم، کوڕی بابی خۆم!

لە پاش ئەوە زەبیحی لە سلێمانی دەگەڵ هەمزە عەبدوڵڵا نێوانی تێک چووبوو، چووبووە لای شیووعیان و لە کەرکووکەوە هاتبووە بەغدا و پێکەوە دەژیاین. ڕۆژێک هەتیوێکی قوتم لێ پەیدا بوو، بەیانێکی چاپ کراوی دامێ و نامەیەکیش. بەیانەکە بە هەزار و یەک دەلیل ئیسباتی دەکرد کە زەبیحی جاسووسی ئینگلیسە، نامەش دەیگوت: «هەژار تۆ نابێ دۆستایەتیت دەگەڵ ئەو جاسووسە حەقیرە بێ کە حیزبەکەمان کەشفی کردووە!».

گوتم: یانی تۆ و حیزبتان دەزانن کە سەری بورج زەبیحی لە بن دیواری سەفارەتی بریتانی هەڵدەلەرزێ تا حقووقەکەی دەدەنێ؟!

- نەخێر ناوەڵڵا.

- دە بچۆ بە مامۆستا بڵێ من بە جاسووسی نازانم، دەشزانم لەسەر ئارەق دڵی لە زەبیحی ئێشاوە. حیزبیش نیم حوکمم لێ بکا. با تێر ئاوی سارد بخواتەوە...

قسەکە لە بەینی خۆماندا بێ: پێم وابوو هەر کەسێ دەڵێ کۆمۆنیستم، مەلایکەتێکە و ئەوپەڕی ئەخلاق و ئاکاری باشی گرتۆتە بەر و عەیب دەچاوی مندا هەبێ لە کۆمۆنیستدا نییە. لە سەفەرەکەی بوخارێست تۆزێ فکرم گۆڕا: «کوڕە خۆ ئەو کۆمۆنیستانەش هەر بنیادەمی خۆمانەن؛ درۆ دەکەن؛ دزی دەکەن؛ بوختان بۆ یەکتر هەڵدەبەستن!». دیسان دەمگوت: «نا هەر ئەوانەی عێراق و سووریە وان؛ کۆمۆنیستی دیکە زۆر باشن!». بەتایبەتی کیژە تورکەکەی لە بوخارێست دیتم، زۆری کار لێ کردم.

لەسەر کەشتی لیدیا بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا خۆم کافر کرد و شیعرێکم لەسەر شیووعییەکانی عێراق دانا. لە تربەسپیش لە ژێر ناوی (شەوێک لە زیندان) بۆرە گلەییەکم لە ڕووسیا کرد؛ ئەویش زۆر دە پەردەدا، کە چۆنە هیچ لە حاڵی تاڵی کورد ناپرسن؟! لە بەغدا شیعرەکانی سەر کەشتیم بۆ مامۆستایانی پارتی خوێندەوە کە چاپی بکەن. قبووڵیان نەکرد. گوتیان بڤەیە؛ بەڵام هەموو ڕۆژ دەیانگوت: «دادەی، بەخوا شتێکی خۆشە!». ئیتر لە دیداری خالد بەکداش و لەو دوو سەفەرەی ئورووپاوە دڵم لە کۆمۆنیستی عەرەب ڕەش ببوو. هەر دەمگوت ئەوانە لە ڕێی ڕاست لایان داوە. خۆلاسە ببوومە نیوە «وردی»یەک.

کە بارزانی هاتەوە و پارتی زیندوو بۆوە، لە یەکەم کۆ بوونەوەی پارتیدا، بارزانی هەمزەی وەدەرنا و برایم ئەحمەد کرا بە ڕازداری حیزب؛ واتا سکرتێر. هەمزەش بە پانەو ڕەگەڵ شیووعییان کەوت. دەبێ ئەوەش بزانی لەو چەند ساڵەدا کە من لە عێراق بووم، هەر کەسێ لەسەر هەر کارێکی خراپ لە پارتی دەرکرابا، شیووعی بە حورمەتەوە وەریان دەگرت. پارتیش بۆ شیووعی دەرکراو، هەر وابوو. کە لە سووریە هاتینەوە دەگەڵ زەبیحی بە تەواوی کارمان دەگەڵ پارتی دەکرد. زەبیحی گوتی: «پارتی دەڵێ هەژار دەکەینە سەرپەرستی لاوانی پارتی». گوتم: «نایکەم؛ کاسبی دەکەم و یاریدەش دەدەم...».