دیداری زەعیم قاسم
ڕۆژێک جەلال تاڵەبانی گوتی: «تۆمارێکی درێژمان ساز کردووە؛ پڕی لە ئیمزای کوردەکانی سووریە. زەبیحی و تۆمان کردۆتە وەکیلیان. داوامان لە قاسم کردووە بۆی بەرین. خۆ ساز کەن بڕۆین!». گوتم: «منی وا شڕ و شڕۆڵ بەخوا نایەمە لای زەعیم». ناچار کراسێکی زۆر باش و پانتۆڵێکی حازرم پێ کڕین. دە کەسی تریش، کە جەلال و خوشکە زەکیەی فەیلیمان دەگەڵ بوو، چووینە وەزارەتی دیفاع. زەبیحی تۆمارە درێژی ڕاخست؛ بە عارەبی سووریاییانەش فەرمایشاتێکی فەرموو. ئیتر قاسم ملی لێ نا، سەعاتێک لەسەر یەک نوتقی کرد؛ گێژی کردین. فەرمووی با عەکسێ پێکەوە بگرین. ئیتر بێ ئەوە کەسی تر زمانی بگەڕێ، وەخت نەما هاتینە دەر. داوای کراس و پانتۆڵەکەیان لێ کردمەوە، جوابم نەدانەوە!
لە شۆڕشی کوردستاندا کە دەوڵەت ببووە دوژمنمان، کابرایەکی توکمانی هەولێری دەگرن. عەکسەکەی نیشان دەدەن؛ دەڵێن تۆ هەژاری! چەند چین دارکاری دەکەن. تا شایەت پەیدا دەبێ کە ئەو کابرایە بێئاگایە؛ ئەوسا بەری دەدەن.