تانەی قەدری جان

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1245 بینین

کە لە ئاتین وەڕێ کەوتین فەتاسییەکمان پێ نەبوو. کەشتی لە بەندەری ئەسکەندەرییە ڕاوەستا. خەڵکێکی زۆر هاتبوونە بەندەرگا. لە سەربانەوە سینەم دەستی بۆ کابرایەکی زەلامی، سەر بێ تووکی، زگزل ڕاداشت: ئەوە ئاپۆ حیلمی خۆمانە. ئاپۆ حیلمی! ئاپۆ حیلمی!

ئاپۆ ئاوڕی دایەوە، دایبەزاندین؛ بردینییە ڕستوورانێکی دەم بەحر. بێ تۆ ناخۆش ئەوەندەی ژامبری (قرژاڵی بەحری) و ئابجۆ داینێ، هەڵمساین. سینەم تێلگرافی بۆ دایکی کرد، کە پووڵی تاکسیمان پێ نەماوە لە بەندەری بێرووتەوە بێینە ناوشار. بە گومانم نۆ ڕۆژ و هەشت شەو لە بەحردا بووین. نوێژی خەوتنانێک گەیشتینەوە بەندەری بێرووت. تایەکی سەختم هەبوو. ڕەوشەن خانم بە تاکسییەکەوە چاوەنۆڕمان بوو. ڕاست بردینییەوە شام و ئەمن لە نوێندا کردمە ناڵەناڵ. لە شام، قەدری جانی شاعیر دیتمی، پێم پێکەنی، گوتی: «تۆ و زەبیحی هەر مل لە خەتەر دەنێن! کوا چیتان کرد؟!». لەوە زۆر پەست بووم؛ بەڵام جوابێکم نەداوە.

پاش سێ ڕۆژ بەرەو ماڵ هاتمەوە؛ گەیمە حەڵەب. میوانی ئوتێل یەرمووک بووم کە خاوەنەکەی -مەجید ئاغا- کوردێکی خەڵکی عیفرین بوو. مەحموودی فەقێ محەممەدی هەمەوەندیش لەوێ بوو؛ کە زۆر باسی کوردایەتی بە دڵسۆزی دەکرد. لە گەشتێکی ئەستەمبووڵ گەڕابۆوە. کە لە دوایی هەوەڵ کەسێ بوو بە جاش لە سلێمانی، ئەو هەمەوەندە بوو؛ هەوەڵ کەسیش بوو کە پێشمەرگە لە ناو شاردا تیرۆریان کرد.

چێشتەنگاو لە ساڵۆنی ئوتێل دانیشتبووم شتێکم دەخوێندەوە؛ ئەو سەعیدەی باسم کرد، کە من و سەیدا جگەرخوێنی گەڕاند، هاتە ژوور و لەولاوە دانیشت. گوتی: «هەژار دەگەڵ خالید بەکداش چۆنی؟ ئەو نەیهێشت بە مراد بگەی، وا نییە؟»، پێکەنی. گوتم: برا! منی ئاوارەی بێکەس، هیچ هونەر نییە گاڵتەی خۆت بە من بکەی. کارێک بوو، بۆی چووم؛ سەری نەگرت. خەتاش لە کەس نییە، ویزەمان ناتەواو بوو!

- پێت وایە گاڵتەت پێ دەکەم؟

- بەڵێ قەدری جانیش تەشەری لێدام...

کورسییەکەی هێنا بەرانبەرم، گوتی:

- تا ئێستا ساڵ نەبووە دە هەزار لیرە کەمتر باربووی حیزبی شیووعی بکەم. لاقی ئەسپەکەم دەخەمە کوێی دایکی خالید بەکداشەوە. جا بزانە چۆن ئابڕووی خۆی و سەگەلەکەی دەبەم. تۆ چووبووی لەسەر کورد وەجواب بێی، ئەگەر ئێمە ویجدانمان بێ، دەبێ ئەوەمان دەچاودا بێ و دۆست و دوژمنی خۆمان بناسین...

هاتمەوە تربەسپی و کروشمەم کردەوە.

دوکتور نافیز، برا گەورەی دوکتور نوورەددین زازا، لە پاش شۆڕشی شێخ سەعید لە تورکیاوە ئاوارەی سووریا ببوو؛ لە قامیشلی پزشکی دەکرد. هەر کوردێکی گوندی و فەقیر بچووایە لای، دەرمانیشی بۆ دەکڕی و بەڕاستی زۆر بە بەهرە بوو. گێڕایەوە: «جارێک چوومە گوندێک کە گوتیان نەخۆشێکی فەقیری لێیە و جەوانێکە. قوتوویەک شوکوڵاتیشم بۆ برد. دایکی گوتی: کوڕی من ڕابە! دوکتور جوکلێتی بۆ هێناوی.

- هەیهوو هەیهوو! ئەوە دێم ناچێتە پیوازان دەڵێن جوکلات بخۆ!».

گوتم: حەقی هەبووە، منیش پیوازم پێ لە جوکلێت خۆشترە.