دیداری ژن و منداڵ پاش نۆ ساڵ

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1050 بینین

لە هاوینی ساڵی ١٣٢٥ هەتاوێڕا کە بۆ وتووێژ چوومە سەقز - کە دەبووە هاوینی ساڵی ١٩٤٦ - من ماڵ و منداڵی خۆم نەدیتبوو؛ خەبەریشم نەدەبیستن. مەعسوومی خێزانم کە بە جێم هێشتبوو تەمەنی هەژدەساڵان بوو. تەمەنی شێرکۆی کوڕیشم - کە ناوی کرابووە محەممەد - چوار مانگ بوو. ژن چاوەنۆڕی مێردیەتی و لە ماڵی عەبدوڵڵای برام دەژی. چەند جارێک برای هاتوونە لای کە وەرە ماڵی ئێمە! نەچووە. خەریکی بەخێو کردنی کۆرپە تاقانەکەی خۆی بووە. وا لەپاش هەشت ساڵ و شتێک، بە سواری ئەست و دەگەڵ مامە حەمەدی حاجیاڵڵا، گەیوەتە سلێمانی و لەوێوە بە ترومبیل و قەتار گەیوەتە بەغدا. کوڕی چوار مانگە، نۆ ساڵەیە و باوکی ناناسێ. پاش نۆ ساڵ جوداییی زۆر تاڵ، پێک شاد و شوکور بووینەوە. هەر چەند هەر پێدەکەنیم و شادیم دەنواند؛ بەڵام لە خەجاڵەتییان کزەم لە جەرگی دەهات. هەشت ساڵ ژنێکی هەژدەساڵانە بە بێوەژنی چاوەنۆڕم بێ و منداڵێکی بێبابی لە باوەشدا بێ و سەبری کردبێ و تاوانی ئەو هەموو چارەڕەشیەش من بووم... نەمدەزانی چۆنی دەدوێنم و چۆنی دڵخۆشی دەمەوە. بەڵام باش بوو، ئەو هیچ گلەی لە زەمانە و من نەبوو؛ زۆر شوکرانەبژێر بوو کە دووبارە گەیشتووینەوە یەکتر. جا با فەقیریش بین، دڵمان خۆشە و گلە لە دنیا ناکەین. نازانم لە کوێم خوێندۆتەوە، دەڵێ: «پیاوان بۆ ناو دەرکردن حەول دەدەن، ژنان بە فرمێسکی چاو نرخەکەی دەبژێرن...». بەڵێ فرمێسکی خوشک و ژنی من، نزخێکی زۆر گەورەیان بژاردبوو. ئەو نرخ بژێرە فرمێسک هەڵوەرانەش وەک سەربازی بێناو وان؛ کەس بە هیچیان ناگرێ؛ بەڵام لە ڕاستیدا پاڵەوانی گەورەی داستان هەر ئەوانن. ئەگەر کاری دنیا لە ڕووی عەداڵەت بوایە، دەبوایە لە جێگەی کۆتەڵی پاڵەوانانی مێژوو، کۆتەڵی دایک و خوشک و ژنەکانیان لە مەیدانی شاراندا بەرز کردایەتەوە. بەداخەوە، کوا عەداڵەت؟ کوا دواکەوتنی حەقیقەت؟!