خەبەرێکی خوشک و خێزانم

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  875 بینین

مامە حەمەدی حاجیاڵڵای سابڵاغی کۆنە هەواڵم بوو. دانیشتین و دەنگ و باسی وڵاتم پرسی. گوتی: خوشکت لەو ساوە تۆ ڕۆیشتووی - ئەوە حەو ساڵە - یەکبین بۆت دەگری. ژنت بێوەژن و کوڕێکت هەتیوە؛ چارێک بکە!

- منی وا بەدبەخت و ئاوارە چۆنم چارە پێ دەکرێ؟

- خوشکت چەند جار داوا کراوە؛ مێرد ناکا. من لام وایە ئەگەر ژنەکەت بێتە لات؛ ئەویش لەوانەیە بێتە ڕەدایە و دامەزرێ. ئێستا کە دەبینێ ژنت بەو منداڵیەوە هەر چاوەنۆڕی تۆیە و بێوەژن کۆشی دەکا، ڕەنگە شەرم بکا ئەو بەجێ بێڵێ و مێرد بکا.

- کاکە! ژن بە چی بەخێو کەم؟

- دەتوانی کار بکەی. ژنەکەت حازرە سواڵیشت دەگەڵ بکا! من دەزانم...

- چۆنی بێنم؟

- من بۆت دێنم. نامەیەکیش بۆ خوشکت بنووسە؛ با لەو گریانەی بەس کا.

نووسیم: «خوشکم زێنەب! ئەوا من ژنەکەم دێنمە لای خۆم. ئەگەر تۆش مێرد نەکەی و کارت هەر گریان و نووکەنووک بێ، من برات نییم و لە خوشکایەتیم شۆراویەوە...».