گەڕانەوە بۆ بەغدا

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1135 بینین

دەڵێن جارێک «خدراغای قزڵجە» نۆکەرێکی ناردۆتە لای ئاغایەکی تر، کە وای پێ بڵێ و ئاوای تێ بگەیەنە و جوابم بۆ بێنەوە. نۆکەر دێتەوە، جوابەکەی هیچ فڕی بە سەر سپاردەوە نییە.

- کوڕە ئەوە چییە؟

- ئاغا لە ڕێگە فکرم کردەوە، فەرمایشتەکانت زۆر بێتام بوون! بۆ خۆم ئەمەم گوت و ئەوەم تێ گەیاند؛ ئەویش ئەم جوابەی داویەوە!

لێم نەپرسی تۆ چت گوت؛ بەڵام بەبێ خواحافیزی هاتمەوە بەغدا. چوومە ماڵەکەی حەمە.

لەو کاتە لە ماڵەکەی کەرکووک بووم، تووشی «سەیید ئەحمەدی سەیید تەها» هاتم.

- کاکە! چۆن وا دەبێ؟ ئێمە برای کۆمەڵەین. من چەند دێم هەیە. هیچ پۆلیسێک ناتوانێ بێتە مڵکی من. بشزانن ناتوانن بتگرن. قورعان بە حەقت بە ساحیبت! سبەی دەگەڵ خۆمت دەبەم.

- کاک سەیید ئەحمەد! پلیکۆپییەک هەیە با دەگەڵ خۆمی بێنم؛ کە دێی تۆ بۆ شتی وا دەناڵێ و زۆریش خزمەتە بە کورد.

- بەسەر چاو، ئەویشت بۆ دادەمەزرێنم. سبەی سەعات هەشت وەرە بە ترۆمبیل دەچین ماشێن و کەلوپەلت هەڵدەگرین؛ بەڵام نەچی پەشیمان بیەوە! لە پیاوی بەدقەول تووڕەم!

لە برایمم پرسی، گوتی: زۆر باشە. سبەی هەر سەعات حەوت گەیمە ئوتێل. هەیهوو سەیید ئەحمەد دەمێکە ڕۆیشتووە! ئێستا و ئێستاش نەمدیتەوە.

ڕۆژێک مامۆستا «عەلی حەمەد»ی جیران و خانەخوێم هاتە لام. دەربارەی مارکسیستییەوە دەدوا و هێندێک پڵیخانۆف مڵیخانۆفی تێدابوو؛ کە دەیگوت فڵان ڕیجعی و فڵان تەقەددومی بوو. من تێ ناگەم و هەر دەڵێم بەڵێ. لەپڕ گوتی: من زۆرم مورتەجیع ناخۆش دەوێ.

- بەڵێ بەڵێ! مورتەجیع زۆر سەگبابە.

- ئەرێ هەژار مورتەجیع بە چی دەڵێن؟!

- بەخوا مامۆستا منیش نازانم؛ بەڵام ناخۆشم دەوێ.

ئەوەم هاتەوە بیر کە ئەو دەمەی لە تەورێز لە بیمارستانی ڕووسان بووم، مودیری دژبانیی تەورێز لە حوکمی پیشەوەریدا - کە ناوی «نەمازی» بوو - دەگەڵ مندا لە ژوورێک بووین؛ کە ئەویش نەخۆش بوو. هەر قسە دە قسە دەکەوت دەیگوت: من کۆمۆنیستم، ئەی تۆ؟

- دیارە منیش کۆمۆنیستم.

ڕۆژێک دوای ئەوە گوتی من کۆمۆنیستم، پرسی:

- هەژار! پێم ناڵێی کۆمۆنیست چییە؟

- نەمازی گیان! حەرام ئەگەر پتر لە تۆی لێ بزانم!