نە هێندە تاڵ بە تفت کەن! نە هێندە شیرین قووتت دەن!

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  2010 بینین

بە کوردی دەڵێن: «نە هێندە تاڵ بە تفت کەن! نە هێندە شیرین بە قووتت دەن!» سەعدیش دەڵێ: «شوانێک نسحەتی کوڕەکەی ئەکرد: پیاوی چاک بە! بەڵام هێندە چاک مەبە گورگ دەرفەتت لێ بێنێ!». بەداخەوە زۆر جار قووت درام و زۆر گورگ تێم ڕۆهاتن. حەز دەکەم تۆ بە قەدەر من دڵساویلکە و زووباوەڕ بە هەموو کەس نەبی. ئەوانەی دەبنە دۆستت تەجرەبەیان بکە! وەک ئەوان لە تۆ داوای ماندوو بوون و شت بە قازانجی خۆیان دەکەن، تۆش بزانە ئایا ئەوانیش دڵیان دەگەڵت پاکە؟ یان هەر دەیانەوێ لە بەستەزمانی و دڵسافی تۆ بەهرە وەرگرن؟

لە ماڵی دنیا پەیدا کردن ماندوو مەبە! بەڵام نە لە ڕێگەی ئابڕوو فرۆشتنەوە. زۆر جێگەی وا هەیە نانی لێ پەیدا دەبێ. چونکە ئەوە بزانە کە ڕووت و ڕەجاڵ و بێ ماڵ بی، کەست ڕەفیق و دۆست نییە. تا لە ڕێی پەیدا کردنی ئەسپابی ژیاندا ماندوو بی کەمە؛ بەڵام دەبێ ئابڕوو و شەرەفی خۆت لە بیر بێ. هەرگا کار گەیشتە ئابڕووچوون و نامووسی میللی فرۆشتن، دەست هەڵگرە و کارێکی تر بکە با کەمتریشت دەس کەوێ. لە نازداری و خلیسک و خاوی دوورەپەرێز بە! بەشی تەنبەڵ و تەنپەروەر، هەر نەبوونی و ئابرووچوونە و ناچار دەبێ دەم لە بەر نامەردان پان کاتەوە. ئەوەندەش بزانە مانای ئەو قسە زۆر هاسانە: «هەر کەس کارت کەوتە لای و بۆ یاریدەدان لە بەری پاڕایەوە، نامەردە!». کە وا بێ ئەو دوعایەی کە دڵێن: «خودایە موحتاجی دەستی نامەردم نەکەی»، یانی موحتاجی دەستی کەسم نەکەی.

کە تازە چووبوومە عێراق و لە کار دەگەڕام، دەمدی ئەوانەی لە دوورەوە عاشقی ناوبانگ و ناوم بوون، ئەگەر دەمگوت کارم بدەنێ یان بۆم پەیدا کەن، بەوپەڕی نامەردی خۆیان لێ دەبواردم. کەچی لە مەجلیسی خۆیاندا تاریفی شیعر و هونەری منیان دەکرد!