تاڵانی شکاکان

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1321 بینین

کاتێ کە هاتوومە دنیا، ئاخر و ئۆخری بەهاری ١٣٠٠ی شەمسی بووە و لە پێناسەکەمدا -کە حەوت ساڵ دوای لە دایک بوونم وەرگیراوە- ڕۆژی لە دایک بووتم هەژدەی جەوزا، واتا مانگی پووشپەڕە. لە پاییزی ئەو ساڵەدا لەشکری «سمایلاغای سمکۆ» بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە. وا دیارە سمایلاغا هەر وەک ویستوویە لە چنگ عەجەم ڕزگارمان کا، ویستوویە لەو ماڵەش کە دەبەر پێی عەجەمدا پەیدا کراوە، ڕزگارمان کا! جا ئەگەر خەڵکی شار کەم تا کورتێک ماڵی خۆیان شاردبێتەوە و لە تاڵانیان پاراستبێ، باوکی من بەو هومێدە کە کاک هەمزەی برای قەرەنیاغای مامەش برادەریەتی و ڕاوێژکەری سمایلاغاشە، ناهێڵێ تاڵان بکرێ، دەستی لە هیچ ئاشتەبایەک نەداوە. بۆ نەگبەتی برادەر نەهاتووە؛ شکاک ڕژاونە ماڵ، هەرچی بووە بردوویانە. تەنانەت دەسرازە و پەڕۆ و پاڵی لانکی منیشیان بردووە و منیان لە سەر خۆڵەمێش بە ڕووت و قووتی فڕێ داوە. بابم دڵخۆشی دایکمی داوەتەوە کە خەم مەخۆ! ماڵی دنیا پەیدا دەبێتەوە. دایکم زریکاندوویە: «من خەمی هیچم نییە، تەنیا خەمی ئەوەمە کوڕەکەم ڕووتە، چی تێوە پێچم؟!».

ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکێکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من. ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە. ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. «مەلا مارف»ی شاعیر لەو باسەدا دەڵێ:

ئاواڵ کراسی کیژ و ژن و خانمی وەتەن
دایانڕنین ئەوانی سەبابانی قوون تڕۆڵ
قازی و مەلا و تاجر و ئەسنافی خەڵکی شار
گیران بە سۆغرە کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ

شکاک کوردی سابڵاغییان هەر تاڵان کردووە و نەیانکوشتوون؛ بەڵام هەر ترک زمانێکیان وەبەر پەل هاتووە کوشتوویانە. یەکێک لەو ترکە ئازەرییانە برادەری بابم بووە؛ خۆی و ژنەکەی پەنایان بە ماڵی ئەو هێناوە و حاواونەتەوە. ژنی «کەربەلایی فەتحوڵڵا زەنگانی» ساوای لە بەربووە و شیری زۆر بووە. یاریدەی دایکمی داوە و شیری داومێ. کە زۆر ساڵان بە جحێڵی تا منی دەدیت دەگریا و منی وەک کوڕی خۆی خۆش دەویست.