لە قوتابخانە

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1794 بینین

خواوڕاستان زۆری نەبرد کە خوشکێکم بۆ پەیدا بوو؛ هەم هەواڵی من و هەم خەمڕەوێنی ماڵەوە. واتا هەر پێنج ساڵ تاقانەی ماڵ بووم. بابم بەو پێ و شوێنە کە دەبێ بەچکەی سۆنە مەلەوان بێ، هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەرسی ئەلف و بێتکە و جزمی عەممەی پێ دەخوێندم. ئای کە خوێندن ناخۆشە! هەرچی فێر دەکرام پاش سەعاتێک لە بیرم نەدەما و لای تەنبەڵیدا تاقە سوارەی مەیدان بووم. باب هەر دەیگوت: جزمی عەممە ڕەوان کەی دەتنێرمە لای مەلای باڵەکی لە خانەقای شێخی بورهان قورعانت پێ ڕەوان کا. پیاوێکی ممبارەک و قوعانزانێکی لە زەبرە. بەڵام ئەو ئاواتە هەر پێک نەهات. تا سوورەتێکم دەخوێند، نەک هەر سوورەتی پێشوو، بەڵکە ئەلف و بێتکەکەشم لە بیر دەچوونەوە!

«ئەی خوایە بە دەست ئەم هەتیوە دەبەنگ و نازیرەکەوە چ بکەم؟ تەگبیر، تەگبیر ... بە خوا بینێرمە قوتابخانەی مەلا لە هەمووی چاکترە، لە من ناترسێ لەو دەترسێ».

لە بیرمە ڕۆژێک پیلی گرتم و ڕۆیشتین. چووینە شوێنێک، تاریک، ڕەش بە دووکەڵ. چەند حەسیرێک ڕاخراوە و بیست منداڵێکی وەک خۆمیان لە سەر دانیشتووە. مەلایەکی مێزەر زلی دەنگ گەورە، دوو شووڵ بە دەستەوە، لە بەر بابم هەستا و بەخێری هێنا.

بابم گوتی: مامۆستا دەستت بێنە.

دەستی منی خستە دەستییەوە و گوتی: ئەم کوڕەم بۆ هێناوی، گوشتی بۆ تۆ، ئێسکی بۆ من. شەرت و مەرجی قوتابخانە چییە؟

مامۆستا فەرمووی: مانگێ قڕانێک. حەقی ئاوخواردنەوە دوو شایی. حەسیر بێنێ بۆ لە سەر دانیشتن. ئەگەر باشیش نەخوێنێ یان هاروهاجی بکا، بۆتی تەنبێ دەکەم.

سەودا سەری گرت؛ خێری لێ بینی. لەو ڕۆژەوە دەبوو سیپارە لە بن هەنگڵدا بچم تا نیوەڕۆ لە قوتابخانە بم و دوای نیوەڕۆ بەرهەڵدای کۆڵان و سەرگەرمی گەمە و کایە بم. ڕۆژانەم دوو شایی واتا سەدیەکی تمەنێک بوو؛ کە لە پێم دەهات و لە سەرم دەردەچوو. بایی شاییەک کشمیش و لەبلەبی گیرفانی داخنیم و مڕی دەکردم.

مەلاوڕەحمانی مامۆستا، ژنێکی هەبوو بە ناوی خاتوو ئامان و دەروجیران ئامانی مەلاوڕەحمانیان پێ دەگوت. ڕۆژانە لە بەری بەیانەوە لە تەندووری ناوەڕاستی قوتابخانەکەماندا نانی دەکرد و دەیفرۆشت. هەر لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ چڕەدووکەڵێک بوو چاو چاوی نەدەدیت؛ بەڵام زۆرمان کەیف بەوە دەهات کە تیشکی ڕۆژ لە کولانکەوە دەیدایە ژوورەکە و دووکەڵ لە تیشک دەهاڵا و کۆڵەکەیەکی جوان و لەباری لێ ساز دەبوو. مەلا زۆر دەنگ گەورە بوو؛ بەڵام لە بەرامبەر ختواماندا دەنگی وەک دەنگی مێش دەگەڵ گوڕەی شێر وا بوو. هەمیشەش چەققە و هەرا و شەڕەجوێنیان بوو؛ کە بەڕاستی لە چەقە و گوڕەی ئەو دوانە ئێمە کەیفمان دەکرد.