سەردانی مدیری مەعارف، میرزا محەممەدی قازی (قازی محەممەد)

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1152 بینین

«قازی محەممەد» -کە ئەوسا «میرزا محەممەدی قازی» ناو بوو ببووە مدیر مەعارفی سابڵاغ، بە بێ مەعاش واتا ئێفتیخاری. جاو ئەو کە نوێنەری دەوڵەت بوو - دەبوایە هەموو فێرگەکان بە سەر کاتەوە. بڕیاری دابوو بێتە قوتابخانەکەی ئێمەش و بڕوانێ چۆنمان خوێندووە. مامۆستا بە منی گوت: کوڕم! ئەگەر جاروبارە لێتم داوە بەڵام تۆم خۆش دەوێ. حەز دەکەم تۆ بە مدیری مەعارف بناسێنم. زیرەک بە! بەباشی جواب بدەوە! ئەی بە خێری ناسڵامەتی، کەس نا، من! تۆ بڵێی مودیر چ بێ؟ چیم لێ بپرسێ؟ ڕۆژێک لە پڕ مدیربەگ خۆی کرد بە ژووری پڕ لە دووکەڵ و مێشدا. مامۆستا منی نیشان دا، گوتی: قوربان ئەم کوڕە تاقی کەوە! مدیر فەرمووی: دەی شتێک بخوێنەوە! ملم لە ئەحمەدیە بۆر نا:

ڕەئس سەرە، عەین چاوە
بەدەن قاڵب، ئیسم ناوە
جەبین و جەبهەت توێلە
مەکر و کەید و حیلە فێڵە

گوتی: ئافەریم، بەڵام بۆ گوتت فێلە و توێلە؟ دەبوو بە لامی قەڵەوی بڵێی. من ئافەریمم وەرگرت و مامۆستاش لەوە کە مدیری دڵخۆش کردووە هەر بزەی سمێڵی دەهات. مودیریش لە بیری چوو لێم بپرسێ توێڵ و فێڵ یانی چی؟ تا وەک هەرامە دە قوڕ چەقیبام! چونکە وەک تووتی فێر کرابووم و نەمدەزانی چیم خوێندووە. هەر دەمزانی هیچ نازانم.

خواوڕاستان قوتابخانەکەمان دانەخرا، ئەویش لە سایەی زیرەکی من!

لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بووم برایەکیشم بۆ زیاد بوو. ژمارەی مناڵی ماڵ گەیشتە سێ: «عەبدوڕەحمان» و «زێنەب» و «عەبدوڵڵا».

دەورانی منداڵیم جگە لەو خوێندنە خاوێنە، دەگەڵ جگێن و گوێزێن و هەڵماتێن و قۆچەقانی چوێلەکەکوژ و کەللای جوان و هەلووکێن و جەغزێن، هەر لە پاش نوێژی نیوەڕۆوە تا تاریکانی ئێوارە، بە پێخاوسی، بە سەر ڕووتی هەڵدەبەزیم و دادەبەزیم و ژیانی پاڵشایەتی ڕاستەقینەم بوو؛ بەڵام نەمدەزانی چەند بەختەوەرم. شەوانەش دوای نان خواردن دەچوومە کۆڵان، دەگەڵ منداڵان تا خەو بەلایدا دەبردینەوە، گەمەمان دەکرد. گەمەی شەو، ئەوانی لە بیم ماوە: «مەلا تەق تەقێن»، «کەری سووری پشت درێژ»، «گڵاوێن» ، «هەیجۆ»، «چاوشارکێنە» و «هەمزەل» بوو.